رێکخستنی نێودەوڵەتی بۆ گەشەپێدانی مافەکانی مرۆڤ: دوای عەفرین زۆرترین رفاندن لە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەرە

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی رێکخستنی نێودەوڵەتی بۆ گەشەپێدانی مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەڵێت لە عەفرین گرووپەکانی نزیک لە تورکیا حەوت هەزار و 500 هاووڵاتییان رفاندووە، لەدوای عەفرینیش مەترسیدارترین شوێن بۆ رفاندنی هاووڵاتییان ئەو ناوچەیە کە لەژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەرە.
 
رۆژی شەممە (8ـی حوزەیرانی 2024) ئاراس جەلال ئەحمەد، گوتەبێژی رێکخستنی نێودەوڵەتی بۆ گەشەپێدانی مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست میوانی بووڵتەنی رۆژئاڤای تۆڕی میدیایی رووداو بوو، کە دلبخوین دارا پێشکێشی دەکات، باسی رفێندراوانی سووریا و رۆژئاوای کوردستانی کرد.
 
ئاراس جەلال دەڵێ "لە ساڵی 2014، لە منبج 37 کوردی کۆبانی لەلایەن داعشەوە رفێنران، یەکێک لەوان باوکم بوو، ئەوان لە کۆبانێوە بۆ وەرگرتنی مووچە بەرەو حەلەب بەڕێکەوتبوون، بەڵام لە منبج رفێنران و تاوەکو ئێستاش چارەنووسیان نادیارە."
 
ئاراس جەلال دەڵێت "نزیکەی 152 کەسی دیکە لەسەر رێگەی عالیە رفێنراون، لەو ژمارەیە 70 کەسیان ئازادبوون و چارەنووسی ئەوانی دیکە نادیارە. هاوکات لە کۆبانێ نزیکەی 534 کەس، لە جزیرە هەزار و 300 کەس رفێنراون."
 
بەگشتی "104 کورد لە رەققە و حەوت هەزار عەرەب لە سووریا رفێنراون و چارەنووسی هیچ کامیان دیار نییە"، ئەمە بەگوتەی ئاراس جەلال، کە باسی لەوەش کرد "سەرجەمی ئەو کەسانەی چارەنووسیان نادیارە، لەنێوان ساڵەکانی 2014 بۆ 2015 رفێنراون." 
 
ئاراس جەلال پێیوایە "ئێستا زۆرترین گرتن و رفاندنی هاووڵاتییان لە عەفرین روودەدات کە لەژێر دەسەڵاتی چەکدارانی نزیک لە تورکیایە"، وەکو ئاماژەی پێدەدات؛ "تاوەکو ئێستا نزیکەی حەوت هەزار و 500 هاووڵاتیی سڤیل گیراون کە نزیکەی 350 کەسیان ژن و منداڵن، هەر ئەم مانگەش نزیکەی 107 کەس لە عەفرین گیراون کە 11ـەیان ژنن، ئامانج لە گرتنی ئەو هاووڵاتییانە تەنیا وەرگرتنی پارەیە لە ماڵباتەکانیان." 
 
بە بڕوای گوتەبێژی رێکخستنی نێودەوڵەتی بۆ گەشەپێدانی مافەکانی مرۆڤ، "لەدوای عەفرین، مەترسیدارترین ناوچە لە سووریا ئەو ناوچەیەیە، کە لەژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری رۆژئاڤایە"، دەشڵێت؛ "بەپێی ئەو راپۆرتانەی دەگەنە دەست ئێمە، زۆربەی ئەوانەی لەو ناوچەیە دەڕفێندرێن، منداڵن و لەنێویاندا نزیکەی 16 کچ رفێنراون کە تەمەنیان کەمتر لە 18 ساڵە." 
 
ئاراس جەلال لەبارەی هۆکاری رفاندنی ئەو منداڵانە لە رۆژئاڤای کوردستان گوتی؛ "رفاندنی ئەو منداڵانە لە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بۆ ئامانجی سەربازییە، پێشتریش نەتەوە یەکگرتووەکان ئاگاداری مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کردبوو، کە ئەم رفاندنە رابگیرێت و رێگە بدرێت بەگوێرەی یاساکانی سووریا، رفێنراوەکان دەستیان بە پارێزەر بگات."