پارتی لیستی بەربژێرانی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئامادەیە

رووداو دیجیتاڵ 

جارێکی دیکە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، دەرگای تۆمارکردنی بۆ ناوی حیزب، هاوپەیمانیی و بەربژێرانی سەربەخۆ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردەوە.
 
ئەوانەی پێشتر ناویان تۆمارکردبوو، کە پێکهاتوون لە 10 حیزب، دوو هاوپەیمانی و 58 بەربژێری سەربەخۆبوو،  ئازادن لە گۆڕانکاریکردن.
 
مەروان محەممەد، بەربرسی نووسینگەی هەولێر لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی "ئەو ماوەی لەبەردەممانە لە 8 بۆ 13ـی مانگ، ئەوە تایبەت دەبێ بەو لایەنانەی دەیانەوێت هاوپەیمانیێتی پێکبهێنن، یان گۆڕانکاری لەو هاوپەیمانییانە بکەن، کە پێشتر پێکیان هێنابوو. ئەگەر کێشەیان لە لیستەکەدا نەبێت، پێویست ناکات سەردانمان بکەن، ئەگەر ویستیشیان گۆڕانکاری لە لیستەکاندا بکەن، دەتوانن سەردانمان بکەن."
 
دوای گەڕانەوەی پێنج کورسی کۆتا، ئەمجارە بەربژێرانی تورکمان و کریستیانەکانیش دەتوانن ناوەکانیان تۆماربکەن. محەممەد ئیلخانی، یەکەم بەربژێر بوو، بۆ رکابەری کورسییە کۆتاکەی تورکمانەکان لە هەولێر، ناوی تۆمارکرد.
 
محەممەد ئیلخانی، سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمان بە رووداوی گوت "من، وەک تاک خۆم بەربژێر کردووە، بەڵام نوێنەرایەتیی حیزبەکەم دەکەم، پارتی گەشەپێدانی تورکمان هەروەها ئەو لایەن و کۆمەڵانەی هاوپەیمانمانن. ئامانجە سەرەکییەکەمان یەک کورسییە، لە رێگەی ئەو کورسییەوە پێویستە لە هەمواری یاسای هەڵبژاردن، دووبارە پێنج کورسییەکەی تورکمان بگەڕێنینەوە."
 
دوای تەواوبوونی وادەی تۆماری ناوی حیزب و هاوپەیمانییەکان لە 13ـی ئەم مانگە، کۆمیسیۆن وادەیەک بۆ پێشکێشکردنی لیستی بەربژێران رادەگەیێنێت، جگە لە پارتی و بزووتنەوەی ئیسلامی، پێشتر سەرجەم لایەنەکانی دیکە ناوی بەربژێرانیان پێشکێش کردبوو.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، پارتی لیستی بەربژێرانی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئامادەیە، هەرکاتێک کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان وادەیەکی بۆ تۆمارکردنی لیستی بەربژێران راگەیاند، پارتی لیستەکەی پێشکێش دەکات.
 
تائێستا یەکێتی نیازی نییە گۆڕانکاری لە لیستی بەربژێرانیدا بکات.
 
سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان بە رووداوی گوت "نەمبیستووە هیچ گۆڕانکارییەک لە لیستی خۆماندا بکەین، خۆ بۆ چەند کاژێرێک نییە و چەند رۆژێک دەخایەنێت، ئەگەر پێویست بکات، (گۆڕانکاری)دەکرێت، بەڵام نەمبیستووە بکرێت."
 
دوای چوار جار لە دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن و دواخستنی، کۆمیسیۆن چاوەڕێیە جارێکی دیکە سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژێک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریبکات، چاوەڕێ دەکرێت رۆژەکە لەنێوان 15ـی ئەیلوول بۆ کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم بێت.