کۆمیسیۆن: بەمنزیکانە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان مەرسوومی کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەردەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دەرگای تۆمارکردنی لیست، هاوپەیمانی و بەربژێرانی سەربەخۆ لە هەرێمی کوردستان کرایەوە. کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، بەم نزیکانە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان مەرسوومی کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەردەکات.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رۆژی شەممە 08-06-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ دەرگای تۆمارکردنی لیست، هاوپەیمانی و بەربژێرانی تاک و سەربەخۆ لە هەرێمی کوردستان کرایەوە، کە دەیانەوێت بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن. پڕۆسەکە تاوەکو کۆتایی دەوامی رۆژی پێنجشەممەیەی ئەم هەفتەیە بەردەوام دەبێت."
عیماد جەمیل گوتی، پێشتر دوو هاوپەیمانی، 10 پارت و 58 بەربژێری تاک تۆمار کرابوون، بەڵام رەنگە گۆڕانکاری رووبدات، چونکە ئێستا پێنج کورسیی کۆتا گەڕاونەتەوە.
سەرۆکی تیمی میدیایی لە کۆمیسیۆن دەڵێت، کۆمیسیۆن رۆژی 5ی ئەیلوولی 2024 بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێشنیاز کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا مەرسوومی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بۆ پەسندکردنی ئەو رۆژە یان دیاریکردنی رۆژێکی دیکە بۆ هەڵبژاردن دەرنەچووە.
رۆژی 10ی حوزەیرانی 2024 بۆ بەڕێوەچوونی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرا، بەڵام هەڵبژاردنەکە بەهۆی بایکۆتکردنی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دواخرا.
عیماد جەمیل گوتی، کۆمیسیۆن چاوەڕێی مەرسوومی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەکات و ئاماژەی بەوەش کرد، بەم نزیکانە مەرسوومەکە دەردەچێت. گوتیشی، کۆمیسیۆن لە ئامادەکارییەکانی بەردەوامە و هیچ ئاستەنگییەک لەبەردەم کارەکانیدا نییە.
69 ملیار و 23 ملیۆن دینار بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تەرخانکراوە. عیماد جەمیل گوتی، ئەو پارەیە بەشی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات.