رێگەوبانی سلێمانی: پارە بۆ تەواوکردنی پڕۆژە راگیراوەکان تەرخان ناکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

لە کۆی حەوت رێگەی سەرەکیی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، تەنیا کارکردن لە رێگەی کەلار - دەربەندیخان بەردەوامە، بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوەی سلێمانی دەڵێت، "پارە بۆ تەواوکردنی پڕۆژە راگیراوەکان تەرخان ناکرێت."
 
محەممەد جەلیل، بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ساڵانە بودجە بۆ تەواوکردنی رێگەوبانەکانی سلێمانی تەرخان دەکرێت، بەڵام کە دەچینە بانک پارەمان بۆ خەرج ناکرێت و نەبوونی نەختینە لە بانکەکانی سلێمانی گرفتی بۆ تەواوکردنی رێگەکان دروستکردووە."
 
سەبارەت بە کارکردن لە پڕۆژەکان، بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبانی سلێمانی گوتی، "کارکردن لە سەرجەم پرۆژەکانی سنووری سلێمانی راگیراوە، تەنیا رێگەی کەلار - دەربەندیخان کاری تێدا دەکرێت، ئەویش بە سستی بەڕێوەدەچێت و تاوەکو ئێستا نزیکەی 60%ی تەواو کراوە."
 
بە گوتەی محەممەد جەلیل، بەڕێوەبەرایەتی گشتی رێگەوبانی سلێمانی تەنیا پارەی قەپان و بودجەی ئاسایی بەڕێوەبەرایەتی لەبەردەستە و بەو پارەیە بەشێک لە رێگەکان نۆژەن دەکەنەوە.
 
گوژمەی پرۆژەکان، وەکو بەڕێوەبەری رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوەی سلێمانی خستیەڕوو، 458 ملیار دینارە و بۆ تەواوکردنی سەرجەم پڕۆژەکان، بەڵێندەران نزیکەی 120 ملیار دیناریان لای حکومەت ماوە و بۆیان خەرج نەکراوە.
 
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوەی سلێمانی، هەر حەوت رێگە سەرەکییەکەی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە درێژیی سایدی چوون و هاتنیان 326 کیلۆمەترە و بەشێک لە رێگەکان نزیکەی 99%یان تەواو کراوە، بەڵام بەهۆی خەرجنەکردنی شایستەی داراییەوە، پڕۆژەکە تەواو نەکراوە و رادەستی حکومەت نەکراوە.
 
هەر بەپێی ئامارەکانی رێگەوبانی سلێمانی، بەشێک لە رێگەکان درێژییان نزیکەی 10 کیلۆمەترە، وەکو رێگەی پێنجوێن - باشماخ و رێگەی وارماوا - دەربەندیخان، بەڵام زیاتر لە 11 ساڵە تەواو نەکراون.
 
ئەو شەش رێگەیانەی کارکردن تێیاندا وەستاوە بریتین لە قۆناخی یەکەمی دووسایدی رانیە - دووکان، قۆناخی دووەمی دووسایدی رانیە - دووکان، دووسایدی کەلار - دەربەندیخان، دووسایدی هەڵەبجە - سەیدسادق، دووسایدی کەلار - کفری، دووسایدی پێنجوێن - باشماخ و دووسایدی وارماوا - دەربەندیخان.
 
 
رێگەکانی سنووری سلێمانی
 
قۆناخی یەکەمی دووسایدى دووکان - رانیە:
 
- درێژییەکەی: 18.5 کیلۆمەتر
- بودجەی پرۆژەکە: 52 ملیار دینار
- 96%ی کارەکانی تەواو بووە
- کارکردن تێیدا راگیراوە
 
قۆناخی دووەمی دووسایدى دووکان - رانیە:
 
- درێژییەکەی: 25 کیلۆمەتر
- بودجەی پرۆژەکە: 54 ملیار دینار
- 49%ی کارەکانی تەواو بووە
- کارکردن تێیدا راگیراوە
 
دووسایدى وارماوە - دەربەندیخان:
 
- درێژییەکەی: 10 کیلۆمەتر
- بودجەی پرۆژەکە: 44 ملیار دینار
- 78%ی کارەکانی تەواو بووە
- کارکردن تێیدا راگیراوە
 
دووسایدی سەیدسادق - هەڵەبجە:
 
- درێژییەکەی: 28 کیلۆمەتر
- بودجەی پرۆژەکە: 91 ملیار دینار
- 99%ی کارەکانی تەواو بووە
- کارکردن تێیدا راگیراوە
 
دووسایدی باشماخ - پێنجوێن:
 
- درێژییەکەی: 10 کیلۆمەتر
- بودجەی پرۆژەکە: 34.5 ملیار دینار
- 75%ی کارەکانی تەواو بووە
- کارکردن تێیدا راگیراوە
 
دووسایدی کەلار - کفری:
 
- درێژییەکەی: 25 کیلۆمەتر
- بودجەی پرۆژەکە: 44.5 ملیار دینار
- 98ـی کارەکانی تەواو بووە
- کارکردن تێیدا راگیراوە
 
دووسایدی کەلار - دەربەندیخان:
 
- درێژییەکەی: 41 کیلۆمەتر
- بودجەی پرۆژەکە: 138 ملیار دینار
- 60٪ی کارەکانی تەواو بووە
- کارکردن تێیدا بەردەوامە