پارتی دیموکراتی کوردستان - سووریا لە هەولێر کۆنگرە دەبەستێت

رووداو دیجیتاڵ

پارتی دیموکراتی کوردستان - سووریا PDK-S رۆژی شەممە لە هەولێر دوازدەیەمین کۆنگرەی خۆی دەبەستێت. بەرپرسێکی پارتەکە بە رووداوی راگەیاند، کۆنگرەکە دوو رۆژە و ئەگەر پێویستبوو، سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.
 
پەدەکەسە لە ساڵی 1957 وەکو یەکەمین پارتی کوردستانی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا دامەزراوە. 
 
بڕیارە نزیکەی 200 ئەندام کە 49یان ئەندامی سەرکردایەتیی پارتەکەن، لە کۆنگرەکەدا بەشداربن کە سەر بە هەرێمەکانی جزیرێ، کۆبانێ و عەفرینی رۆژئاوای کوردستان و هەروەها شارەکانی دیمەشق و حەلەبی سووریان. 
 
هەروەها نوێنەری پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان لە هەرێمی کوردستان، باکووری کوردستان و ئەوروپاش لە کۆنگرەکەدا بەشدار دەبن. 
 
دوایین کۆنگرەی پەدەکەسە لە نیسانی 2014 لە هەولێر بەسترا.
 
عەبدولکەریم محەممەد، بەرپرسی رێکخستنی پارتەکە رۆژی پێنجشەممە لە کاتی بەشداربوونی لە بووڵتەنی کاژێر 19:00ی رووداو ئاماژەی بەوە کرد، "کۆنگرەکە بەهۆی داعش، ناکۆکییەکانی نێو پارتە کوردییەکان و داخستنی نووسینگەی پارتە سیاسییەکان و ناڕوونیی دۆخی جیهان، دواکەوتووە". 
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، دەبوو پەدەکەسە، دوو تاوەکو سێ ساڵ و نیو دوای کۆنگرەکەی پێشووی هەولێر، کۆنگرە نوێیەکەی ببەستێت، گوتیشی، "چاوی هەموو خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و جەماوەری پەدەکەسە لەم کۆنگرەیە بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بێت و خزمەتی میللەتی خۆی بکات."
 
لە بارەی نێوەڕۆکی کۆنگرەکە عەبدولکەریم محەممەد گوتی، "لە ساڵی 2014 بڕیارماندا زۆر کار بکەین، بەڵام نەمانتوانی هەمووی جێبەجێبکەین، لەم کۆنگرەیەدا هەوڵدەدەین بزانین چۆن بتوانین ئەو کارانە جێبەجێبکەین."
 
ئامانجێکی دیکەی کۆنگرەکە، بە گوێرەی قسەی عەبدولکەریم محەممەد، چۆنێتیی دروستکردنی شوێنێکی تایبەتە بۆ گەنجان لە نێو پەدەکەسە، "چونکە ئێمە لەسەر ئاستی هەموو ناوچەکە بەرەو گۆڕانکاریی راستەقینە دەڕۆین."
 
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوە کرد، پێویستیان بە بەهێزکردنی رێکخراوەیی نێو پارتەکەیە چونکە "رۆژئاوا و سووریا لە گۆڕانکاریدان" و "ئەگەر دامەزراوەکان کارا نەبن، ناتوانیت بەردەوامبیت و ببیتە بەشێک لە چارەسەر."
 
هاوکات هیواشی خواست ململانێی سووریا بە گوێرەی بڕیاری 2254ی نەتەوە یەکگرتووەکان چارەسەربکرێت و پەدەکەسەش "ببێتە بەشێک لە چارەسەرکە و بتوانین لەگەڵ عەرەب و ئاشوورییەکان ناوچەکەمان بەڕێوەببەین."