نێچیرڤان بارزانی: بانگهێشتی لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەکەم بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان

08-06-2022
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
نیشانەکردن زانکۆی ئەمریکیی سلێمانی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە هەموو لایەکەوە هەوڵ هەیە بۆ چارەسەری دۆخی عێراق و گوتی، مانەوەی عێراق بەندە بە پاراستنی تەواوی پێکهاتەکان، هەروەها باسی لەوەش کرد، "هەنگاوەکانمان بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخەی عێراق بەردەوام دەبێت و بانگهێشتی لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەکەم بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان."

  

ئەمڕۆ چوارشەممە 08-06-2022 بە ئامادەبوونی د. بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، رۆبێرد پاڵەدینۆ، کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و چەندین بەرپرسی دیکە و کەسوکاری خوێندکاران،  رێوڕەسمی خولی 11ـی دەرچوونی خوێندکارانی زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی خولی 11ـی دەرچوونی خوێندکارانی زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، هیوادارە خوێندکارانی دەرچوو ببنە پشتیوانی گەلەکەیان، گوتیشی، "لەمڕۆوە خوێندکارانی دەرچوو دەبێت لە هەوڵی کاردا بن."
 
دەقی گوتارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
 
بەڕێز دکتۆر بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق..
بەڕێزان سەرۆک و مامۆستایانی زانکۆ و سەرۆک و ئەندامانی بۆردی زانکۆ..
ئامادەبووانی بەڕێز.. ئێوارەتان باش و بەخێر بێن
 
خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لە سلێمانیم، لە شوێنێکی گرنگ کە زانکۆی ئەمریکییە، لە بۆنەیەکی زۆر خۆشدا کە ئەویش رێوڕەسم و ئاهەنگی دەرچوونی (291) خوێندکاری ئەم زانکۆیەیە. سەرەتا دەمەوێت پیرۆزبایی لە یەک بە یەکی قوتابیانی دەرچوو بکەم، هەروەها پیرۆزبایی لە دایک و باوکیان دەکەم. زۆر سوپاسی سەرۆکی زانکۆ و هەموو مامۆستایانی زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی دەکەم، بۆ پێگەیاندنی ئەم ژمارەيە لە گەنجە خۆشەویستەکانمان.
 
هەر لێرەدا بە پێویستی دەزانم پیرۆزباییەکی تایبەت ئاراستەی ئەو (32) دەرچووە بکەم کە خەڵکی ئەفغانستانن و ئەمڕۆ لەم زانکۆیە دەردەچن. هیوادارم بەو زانستەی لێرە وەریانگرتووە، ببنە پشتیوان بۆ بەدیهێنانی ئاوات و ئامانجی گەلەکەيان. سوپاسی هەموو ئەو لایەنانە دەکەم کە دەرفەتیان رەخساند بۆ ئەوەی ئەم قوتابیانە لەم زانکۆیەدا بخوێنن، چ ئەوانەی کە لە ئەمریکا یارمەتیی ئەم خوێندکارانەیان دا، چ سەرۆککۆماری عێراق کە من ئاگادارم زۆر بە پەرۆشەوە بووە بۆ هێنانی ئەم قوتابیانە و بۆ ئەوەی ئەم دەرفەتەيان لە دەست نەچێت و بەردەوام بن لە خوێندن و پیرۆزباییان لێدەکەم.
 
پیرۆزبایی لە دامەزرێنەری زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی، هاوڕێ و برای خۆشەویستم د. بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق دەکەم کە هەمیشە کار دەکات بۆ پێشکەوتنی ئەم زانکۆ گرنگەی کوردستان و عێراق.
 
دەرچووانی خۆشەویست.. ئەمڕۆ دەستپێکردنی قۆناخێکی گرنگ و نوێی ژیانتانە. ئەویش چوونە بۆ ناو ژیانی کردەیی و مەیدانی کار. دنیای دەرەوەی زانکۆ پڕە لە ئاستەنگ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پڕە لە دەرفەت. ئێوە زانستێکی زۆر و باوەڕنامەیەکی گرنگتان پێیە. بۆیە دەتوانن لە ئەمڕۆوە دەست بە دروستکردنی دواڕۆژێکی گرنگ بکەن بۆ خۆتان و بۆ وڵاتەکەتان. کار پەیدا بکەن، هەر دەرفەتێکی کار کە دەستتان دەکەوێت لە دەستی نەدەن. دواتر بە خەونی گەورە و کاری زۆری خۆتان، دەتوانن کار و دەرفەتی زۆر گەورەتر بەدەست بهێنن.
 
داواتان لێدەکەم ببنە بنیاتنەری دنیایەکی نوێ. دنیایەک کە ئێوە دەتانەوێت. دنیایەک کە لە دروستکردنیدا کوڕ و کچ وەک یەک بەشدارن و هاوکارن. جێگەی دڵخۆشییە کە رێژەیەکی هاوسەنگ لە کوڕان و کچانی سەرکەوتوو لێرە دەبینم. ئەمە ئومێدبەخشە، چونکە هێمایە بۆ ئەوەی کە لە بنیاتنانی داهاتووی ئەم وڵاتەدا، هەردوو رەگەز پێکەوە بەشدارن و بەرپرسیارێتیی هەڵدەگرن.
 
بەداخەوە مێژووی وڵاتەکەمان پڕە لە جەنگ و چەوساندنەوە و وێرانی. نەوەکانى رابردوو ژیانێکی زۆر سەختیان هەبووە. بەرگری و خەباتێکی زۆریان کرد بۆ ئەوەی ئێوە لەوان خۆشبەختتر و باشتر بژین و دەرفەتی باشتری خوێندن و پێگەیشتنتان هەبێت. لەبەرئەوە زۆر گرنگە ئێوە ئەمڕۆ گەشبینی بڵاوبکەنەوە و دڵگەرمی بۆ دواڕژێکی باشتر بدەنە هەموو گەلی کوردستان و گەلی عێراق.
 
پێویستە ئامانجی سەرەکیتان ئەوە بێت کە ژیانی خۆتان باش بکەن و ژیان لە وڵاتەکەماندا بەرەو پێشەوە ببەن و خۆشی بکەن. متمانەتان بە خۆتان هەبێت، متمانەتان بە تواناکانتان هەبێت. بە کردەوە و لە کاردا سوود لەو زانستە وەربگرن کە بە دەستتان هێناوە.
 
کاری ئێوە کۆتایی نەهاتووە. بەرپرسیارێتيی ئێوە پرۆسەیەکی بێ کۆتایە، هەر رۆژێک کە تواناکانی خۆتان پێشکەش دەکەن، هەر رۆژێک کە بەشداری دەکەن لە باشترکردنی ژیانی کەسانی دیدا، زیاتر شان دەدەنە بەرپرسیاريەتی. کاری ئێوە ئەمڕۆ دەست پێدەکات. دەکرێت سەختی و بەربەست بێنە رێتان، بەڵام پێویستە کۆڵ نەدەن و بە دڵنیاییشەوە سەرکەوتن هەر بۆ ئێوەیە. ئێوە دەتوانن لە کاردا سەرکەون، چونکە لە خوێندندا سەرکەوتن. ئامانجی ئێوە دەبێ گەورە بێت، بۆ ئەوەی هەنگاوەکانتان و کارتان گەورە بێت. دەبێ گۆڕینی کۆمەڵگە بەرەو کۆمەڵگەیەکی باشتر، گۆڕینی بەڕێوەبردنی وڵات بەرەو باشتر، ئامانجی ئێوە بێت.
ئێوە دەتوانن ئەوە بکەن، بە دڵنیاییەوە دەتوانن، چونکە رێگە زانستییەکانی ئەو گۆڕینە لەم زانکۆیە و لە زانکۆیەکانی دیکە فێربوون و دەتوانن بە دڵنیاییەوە ئەو گۆڕینە بەرەو باشتر لەم وڵاتەدا دروست بکەن. ئێوە هێزی گەورەی پێشکەوتن و گۆڕانکارین لەم وڵاتەدا، ژیانی خۆتان باش بکەن و وڵات و کۆمەڵگەش پێشبخەن.
 
دەرچووانی خۆشەویست.. ئێوە خەڵکی ناوچە جیاکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراقن، هەروەها هەندێکیشتان لە دەرەوە هاتوون، ئەم زانکۆیە ئێوەی پێکەوە کۆکردەوە، ئێوەش پێکەوە سەرکەوتن. ئێوە لێرە فێر بوون کە سەرکەوتن لە پێکەوەبووندا ئاسانترە. ژیان لە پێکەوەبووندا خۆشترە. ئەو خۆشەویستی و پێکەوەبوونەی لێرە فێر بوون، ببەن بۆ هەموو عێراق. برادەرانی زانکۆتان لەبیر نەکەن و پەیوەندی و خۆشەویستیتان لەگەڵ یەکتردا بپارێزن. ئێوە پێویستە هاوبەشی و پێکەوەکارکردن بکەنە کولتوور. ئێوە پێکەوە دەتوانن کار لەسەر فراوانکردنی ماف و ئازادییەکان بکەن. ئێوەی گەنج دەتوانن هەمیشە دەستپێشخەر بن بۆ چارەسەری کێشەکان. دەبێ دروستکردنى بڕیار لەسەر بنەمای پێکەوەژیان و زانست بکەنە کولتوور، ئاوا وڵات پێشدەکەوێت.
 
ئێستا قوتابخانە و زانکۆی باش هەن لە هەرێمی کوردستان. ئەوە بۆ من هەمیشە یەکێک بووە لە گەورەترین ئامانجەکانم، چونکە پێشکەوتنی وڵات لێرەوە دەست پێدەکات. زۆر پێویستە زانکۆکان رۆڵێکی زیاتریان هەبێت و زیاتر تێکەڵاوی کۆمەڵگەی کوردستان ببن. جا بۆیە داواتان لێدەکەم کە ئامادە بن بۆ هەموو ئەو ئاستەنگ و بەرپرسیارێتییەی دێنە رێگەتان. بێهیوا نەبن و وڵاتەکەتان بەجێنەهێڵن. ببنە هێزی چارەسەرکردنی کێشەکان. ببنە هێزی نەهێشتنی کێشەکان و ببنە بەشداری سەرەکيی دروستکردنی ژیانێکی نوێ لەم وڵاتەدا. دڵنیابن دنیایەکی باش لە خۆيەوە دروست نابێت، بەڵکو پێویستە بە لەخۆبووردوویی و کاری بەردەوامی ئێوە ئەو دنیایە لە کوردستان و لە عێراق دروست دەبێت.
 
دنیایەکی باش و وڵاتێکی پێشکەوتوو، پێویستی بە ئێوەیە. ئێوە دەبێ ئێرە بکەنە شوێنێکی باشتر بۆ هەموومان. ئێوە بەشێکن لەو نەوە وشیارەی ئەمڕۆ پێدەگات و دەزانێت دەبێ ژینگە و هەسارەکەمان لە تێکچوونێکی زۆر مەترسیداری کەشوهەوا بپارێزین و چاکی بکەینەوە.
 
دەرچووانی خۆشەویست..
ئامادەبووانی بەڕێز..
 
لەسەر ئاستی سياسى لە عێراق و هەرێمى کوردستان، تەنها رێگە بۆ پێکەوەژیان، یەکترقبووڵکردن و یەکترخوێندنەوە و پێکەوە نەرمونیانی نواندنە. ئێمە جگە لە لێبوردەیی بژاردەیەکی دیمان نیيە! جێگرەوەی ئاشتی و پێکەوەژیان، بریتییە لە جەنگ و پەراوێزخستنى يەکتر. وڵات ئێستا لە هەموو کات زیاتر پێویستی بە ئاشتی و پێکەوەژیان هەیە، بەڵام ئاشتی و پێکەوەژیان پێشمەرجی خۆی هەیە، پێشمەرجی پێکەوەژیانیش بریتیيە لە ویستی لێکنزیکبوونەوە و لێکگەیشتن.
 
سەرکردەکانی عێراق هەموو هەست بە مەترسيی ئەم دۆخەی ئێستای وڵات دەکەن، لە کاتێکدا کە چارەسەری کێشەکانی وڵات و کۆتاییهێنان بەو چەقبەستوویى و بنبەستی سیاسی لە وڵات، لە دەستی بڕیاربەدەستانی وڵاتدایە. هەنگاوی یەکەمی چارەسەریش بریتیيە لە ویست و ئيرادە بۆ چارەسەر. ئەگەر بێتو هەریەکەمان هەنگاوێک بە ئاراستەی چارەسەر بڕۆین، هەنگاوی کردەیی، ئەوا لە زۆر خاڵی هاوبەشدا یەکدەگرینەوە و کۆتایی بەو دۆخە ناهەموارەى وڵات دەهێنین کە گەلی عێراق شایستەی ژیانێکی باشتر و دۆخێکی باشترە.
 
لە عێراق ئێمە و هەموو پێکهاتەکان، بە زۆرینە و کەمینەوە، لە ژیانێکی هاوبەشداین، چوارچێوەی یەک وڵات کۆماندەکاتەوە، یەک دەستوور ماف و شایستەکانمان پێناسە دەکات. لەو چوارچێوەیەدا مێژوویەکی هاوبەشمان هەیە. مەبەستم مێژووی هەنووکەیيی عێراقی فیدراڵە. ئێمە هەموو پێکەوە لە ئێستایەکی هاوبەشداین، داهاتوو و چارەنوسیشمان لە چوارچێوەى سنووری عێراقدا هاوبەشە.
 
خۆشەویستان.. دەمەوێ ئەو راستییە بەبیر هەموو لایەک بهێنمەوە: عێراقی نوێی فیدراڵ کە سیستەمێکی پەرلەمانيی دیموکراسی هەیە، بە بەشداريی هەمووان هاتووەتە ئاراوە. هەموو پێکهاتەکان لە دروستکردنی ئەم عێراقە نوێیە بەشدار بوون. هەر بۆیەش پێشمەرجی مانەوەی عێراق و بەرەوپێشچوونی عێراق، بریتيیە لە پاراستن و چەسپاندنی مافی هەموو پێکهاتەکان.
 
ئێمە وەک هەرێمی کوردستان، چارەسەری کێشەکانی عێراق لە جێبەجێکردنی دەستووری هەمیشەیيی عێراقدا دەبینین و داخوازیەکانمان لە عێراقی فیدرال دەستوورین، مافن. شتێکی زیاتر لەوەی کە لە دەستووری عێراقدا هەيە، داوا ناکەین و داوامان نەکردووە. لەو روانگەيەوە من وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان بانگهێشتی کۆی لایەنە سیاسیيەکانی عێراق دەکەم بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای دەستوور و بەسەروەرکردنی یاسا، هەوڵی چارەسەرکردنی هەموو ئەو کێشانە بدەین کە ئەمڕۆ رووبەڕووی وڵاتەکەمان بوونەتەوە. ئێمە ئامادەی هەموو هاوکاریەکین. ویستمان هەیە و هەنگاومان ناوە بەرەو چارەسەرکردنی دۆخی وڵات. لە هەنگاوەکان بەردەوام دەبین تاکو دەگەین بە چارەسەرێک کە عێراق دەرباز دەکات لەو دۆخەی کە ئەمڕۆ پێیدا تێدەپەڕێت.
 
دەرچووانی خۆشەویست، لە کۆتاییدا رووی قسەم دەکەمەوە ئێوە. خوێندن و زانست رێگەی سەرەکيی بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی و پێشکەوتنی وڵاتن. بيرى ئێوە بە زانست پێشکەوتووە. داواتان لێدەکەم وڵاتەکەتان پێشبخەن. چاومان لە هیممەتی ئێوەیە بۆ پێشخستنی ئەم وڵاتە. دیسانەوە لە قوڵایيی دڵمەوە پیرۆزبایی لە هەرهەمووتان دەکەم و کاتێکی خۆش بۆ هەموو لایەکتان دەخوازم و زۆر سوپاس بۆ هەموولایەکتان.
 
زۆر سوپاس..

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کۆمەڵی دادگەری

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری لە هەر 4 بازنەکەی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە. سەرۆکی لیستی ئەو حیزبە لە بازنەی هەولێر دەڵێت، خەڵک لە دەرەوەی کۆمەڵیش ویستبێتی لەسەر لیستی ئەوان خۆی بەربژێر بکات، پەسندیان کردووە.