سەعدی ئەحمەد پیرە: کێشەی ئێمە و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار نییە

رووداو دیجیتاڵ
 
سبەی لایەنە سیاسییەکان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی جینین پلاسخارت، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کۆدەبنەوە و ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیش دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا قسە لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و وادەی هەڵبژاردن دەکرێت" و دەشڵێت: "هەوڵەکان بۆ نەهێشتنی کێشەکانی نێوانمان دەستیپێکردووە و بە دڵنیاییەوە رێگەیەک دەدۆزرێتەوە بۆ چارەسەری گرفتی سەرۆککۆمار".
 
رۆژی چوارشەممە 8-6-2022 سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان میوانی بوولتەنی نیوڕۆژی رووداو بوو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکەشیدەکات و رایگەیاند: "لە کۆبوونەوەی سبەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، هەوڵەکان بۆ لەیەکنزیکبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان چڕتر دەبنەوە و قسە لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی شەفاف و دیاریکردنی وادەیەک بۆ هەڵبژاردن دەکرێت".
 
لەبارەی کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی سەعدی ئەحمەد پیرە گوتی: "هەوڵدان بۆ نەهێشتنی کێشەکانی نێوانمان دەستیپێکردووە و بە دڵنیاییەوە رێگەیەک دەدۆزرێتەوە بۆ چارەسەری گرفتی سەرۆککۆمار، هەرچەند کێشەی ئێمە لەگەڵ پارتی لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار نییە، بەڵکو کێشەی ئیرادەیە".
 
سەعدی پیرە گوتیشی: "ئێمە شەڕی ئیرادەی یەکتر نەکەین باشە، ئەو شەڕەمان لە رابردوو کردووە و زیانمان لێکردووە، بەهۆیەوە خەڵکمان تووشی دڵەڕاوکێ کردووە و بازاڕمان شێواندووە، بۆیە دووبارەکردنەوەی کارێکی خراپە. دەبێ هەموو بزانین ئەو وڵاتە بۆ بەڕێوەبردن پێویستی بە پارتی و یەکێتیش هەیە و بەبێ یەکتر ئیدارەیەکی هاوبەشیان لە هەرێمی کوردستان بۆ بەڕێوەناچێت".
 
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی پێیوایە: بەدەر لە پۆستەکانی عێراق پۆستەکانی هەرێمی کوردستانیش هەیە و دەبێ هەوڵبدەن لە هاوپەیمانیی یەکێتی و پارتیدا، یەکێتی هەست بە مەغدوربوون نەکات. دەبێ هەوڵ بدەن پێگەی خۆیان کە پێگەیەکی بەهێزە لەناو عێراق و ناوچەکەش، بپارێزن و واز لەو جۆرە مشتومڕییە بێسوودانە بێنن کە ئاخۆ هێلکە لەمریشکە یان مریشک لە هێلکەیە، ئەوە تەنیا لە پێگەی کورد کەمدەکاتەوە و لاوازی دەکات.
 
پۆستی سەرۆککۆمار یەک لەو بابەتانەیە کە ناکۆکی لەنێوان یەکێتی و پارتی قووڵترکردەوە و سەعدی ئەحمەد پیرە ئەو پۆستە بە مافی حیزبەکەی دەزانێت و دەڵێت: "پۆستی سەرۆککۆمار لەسەر بنەمای هاوسەنگییەکانی نێوانمان بەر یەکێتی دەکەوێت و بەر ئەویش بکەوێت باشە، ئەو مژارە تائێستا لە کۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەکێتی بڕیاری کۆتایی لێنەدراوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە دەبێت بە یەکێک لە بابەتەکانی کۆبوونەوەی نێوانمان".
 
بە بۆچوونی سەعدی ئەحمەد پیرە ئەو هەڕەشانەی لەسەر هەرێم هەیە، "بەهۆی ساردی نێوان لایەنەکانی هەرێمی کوردستانەوەیە و هەندێکجاریش لایەنە کوردییەکان تاکڕەویی دەکەن بۆ بردنی کێشەکان بۆ بەغدا. ئاخر کەچەڵ ئەگەر تیمارکەر بێت، تیماری سەری خۆی دەکات، عێراقییەکان تیماری سەری خۆیان پێناکرێت، چۆن کێشەی ئێمە چارەسەر دەکەن. کێشەی ئێمە تەنیا بەخۆمان چارەسەردەکرێت. با دابنیشین و چارەسەری کێشەکانمان بکەین".
 
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی سەبارەت بە بەربژێرکردنی د.بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، کە پارتی تێبینی لەسەر هەیە رایگەیاند: "هەموو لایەنەکان لەسەر بەربژێری یەکێتی رازین پارتی نەبێت. ئەگەر پارتی پێیوایە د.بەرهەم داکۆکی لە یەکێتی دەکات، خۆ ئەو بەربژێرەی ئەو دایناوە لە ناوەندەکانی بڕیاری پارتی زۆر نزیکە. زۆرجار دەڵێم پارتی نەچووە زەردێکی کاڵ دابنێت بۆ ئەو پۆستە. پارتی پۆستی زۆرن و وا باشە چاو نەبڕێتە پۆستی سەرۆککۆماریش".
 
سەلاحەدین بابەکر، کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان میوانێکی دیکەی بوولتەنی نیوڕۆژ بوو و لەبارەی کۆبوونەوەکەی سبەی سەرۆکایەتی هەرێم گوتی: "کۆبوونەوەی 26-52022 لەگەڵ جینین پلاسخارت توانی بەستەڵەکی سیاسیی نێوان لایەنەکان بتوێنێتەوە، کۆبوونەوەکەی سبەی درێژکراوەی هەمان کۆبوونەوەیە و هیوامانە کۆمەڵێک بڕیاری رژدی تێدا بدرێت بۆ ئەوەی ببێتە مایەی کۆتاییهێنان بە قەیران و کێشە کەڵەکەبووەکانی هەرێمی کردستان".
 
کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامی چەند پێشنیازێک دەخاتەڕوو کە بە گوتەی ئەو پێشنیازی ئەوانن لە کۆبوونەوەی رابردوودا کردوویانن و گوتی: "بۆ چارەسەری کێشەکانی هەرێم پێویستە بە پلەی یەکەم پارتی و یەکێتی بە زووترین کات لەسەر بەربژێرێک بۆ پۆستی سەرۆککۆماریی عێراق رێکبکەون. دوای ئەوەی حکومەتی عێراق پێکهات، ئەو دوو حیزبە رێککەوتن بکەن لەسەر پۆستەکانی عێراق کە لەبنەڕەتەوە پشکی کوردن". 
 
سەلاحەدین بابەکر گوتی: "بە پارتی و یەکێتیمان گوتووە، ئێمە چوار کورسیمان لە پەرلەمانی عێراق هەیە، ئێوە رێکبکەون و بەربژێرێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆککۆمار بهێننە پەرلەمانەوە، ئێمە وەک یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەنگی پێدەدەین، ئەگەر ئەوە نەکەن، ئێمە نە بەشداری کۆبوونەوە دەبین و نە دەنگیش دەدەین".
 
عەلی حوسێن، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان کە بەشداربوویەکی دیکەی بوولتەنەکە بوو، رایگەیاند: "هەنگاوەکانی ئێستای نەتەوە یەکگرتووەکان پەیوەستە بە هەڵبژاردن نەک پەیوەندی نێوان یەکێتی و پارتی، پێموایە لایەنەکانی ناو هەرێمی کوردستان پێویستییان بە نێوەندگیری نییە و ئەو قۆناخەمان تێپەڕاندووە کە بە نێوەندگیری لایەنێک هەوڵی گفتوگۆ و لەیەکنزیکبوونەوە بدەین".
 
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "لە کۆبوونەوەی 8-5-2022ی سەرکردایەتی پارتی بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی، بەباش زانرا نێچیرڤان بارزانی هەم وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان و هەمیش وەک جێگری سەرۆکی پارتی هەنگاو بۆ گفتوگۆی نێوان لایەنەکان بنێت. ئەو هەنگاوانە دەرگایەکیان لە نێوان ئێمە و یەکێتی و لایەنەکانی دیکەش کردەوە".
 
عەلی حوسێن نایشارێتەوە "پارتی و یەکێتی ئەگەر لە هەندێک وێستگە بۆچوونی جیاوازیشیان هەبووبێت، بەڵام هەردوو حیزبی بەرپرسن و لە هەندێک قۆناخ کە خاڵی هاوبەشیان هەیە، بەتایبەت کە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان بێت، دەبێ لەسەری بوەستین، نە رابردوو هەردوولامان لێمان قبوڵدەکات و نە بەرپرسیاریەتیمان و نە خەڵکیش لێمان قبوڵدەکەن".
 
عەلی حوسێن گوتیشی: "زۆربەی ئەو گرفتانەی رووبەڕووی ئێمە بووەتەوە، بەغدا بۆی دروستکردووین، لە مادەی 140 و بودجە و یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستانەوە بگرە تاوەکو شایستە داراییەکانی پێشمەرگە و کۆمەڵێک کێشەی دیکە. بۆیە ئەوە تەنیا بەرپرسیارێتی پارتی و یەکێتی نییە، بەڵکو دەبێ لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانیش لە بەرامبەریدا خۆیان بە بەرپرس بزانن و هاوکارمان بن لە نەهێشتنیان.