پەرلەمانی عێراق و کوردستان لێکۆڵینەوە لە زیانەکانی شەڕی پەکەکە و تورکیا دەکەن

08-06-2021
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن شەڕی پێشمەرگە و پەکەکە شەڕی تورکیا و پەکەکە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی لیژنەی کاروباری پێشمه‌رگه‌ رایگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ شاندێکی هاوبەشی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان سەردانی ژمارەیەک ناوچەی سنووریی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای دهۆک بکەن، دواتر راپۆرتێک لەبارەی شەڕی نێوان هێزەکانی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و زیانەکانی دەدەن بە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.
 
رێڤینگ هروری، سەرۆکی لێژنەی کاروباری پێشمه‌رگه‌ لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "شاندەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە رەوشی ئەو ناوچانەی شەڕی تورکیا و پەکەکەی تێدایە، سەردانی ناوچە سنوورییەکان دەکات و بڕیارە بەیەکەوە راپۆرتێکی هاوبەش ئامادەبکەین بۆ ئەوەی بدرێن بە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان، بە وردی ئاگاداری وردەکاریی رەوشەکە و زیانەکان و چۆڵبوونی گوند و ناوچەکان و ئەو کاریگەرییە نەرێنییانە بن، بەهۆی شەڕەکانەوە دروست بوون."
 
گوتیشی "هەروەها باس لە هاتنەناوەوەی سوپای تورکیا و زەرەرمەندبوونی هاوینشتیمانیان بەهۆی بۆردوومان و شەڕەکانەوە و چۆڵکردنی گوندەکان و داربڕینەوە و تێکدانی ژینگە و چەندین بابەتی دیکە لە راپۆرتەکەدا دەکرێت".
 
بە گوتەی رێڤینگ هروری شاندەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە حەوت ئەندام پێکدێت، پێنجیان سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی بەرگری و ئاسایشی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقن لەگەڵ دوو پەرلەمانتاری پارێزگای دهۆک لە لیژنەکانی دیکە.
 
شاندی پەرلەمانی کوردستانیش لە 12 ئەندامی هەر چوار لیژنەی پێشمەرگە و ناوخۆ و ئاسایش، کشتوکاڵ و ئاودێری، کاروباری تەندروستی و ژینگە پێکدێن. 
 
سەرۆکی لیژنەی کاروباری پێشمەرگە ئەوەشی پشتڕاستکردەوە، دەیانەوێت لەڕێگەی راپۆرتەکەیانەوە حکومەتی عێراق قەرەبووی خەڵکی ئەو ناوچانە بکاتەوە، کە بەهۆی شەڕەکانەوە زەرەرمەندبوون.
 
ناسر هەرکی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "وەک ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ هەردوو لیژنەی پێشمەرگە و ناوخۆ و ئاسایش لە پەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ گەیشتینە دهۆک و بەنیازین سەردانی ناوچە سنوورییەکانی دهۆک و ئامێدی و زاخۆ بکەین بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوونی رەوشی ئەمنی ناوچەکە و لێکەوتەکانی شەڕی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان و تورکیا لەگەڵ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە ناوچەکە".
 
ناسر هەرکی گوتیشی: "لە ئەنجامی ئەم سەردانە راپۆرتێک لەبارەی لێکەوتەکان و زیانەکانی شەڕی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان پێشکەشی پەرلەمانی عێراق دەکەین".

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 08-06-2021 لە سنووری ناحیەی دەرکار لە قەزای زاخۆ پێشمەرگەیەک شەهید بوو. شەهیدبوونی ئەو پێشمەرگەیە لە کاتێدایە کە رۆژی شەممە 05-06-2021 لە چیای مەتین لە سنووری قەزای ئامێدی، کاروانێکی هێزی پێشمەرگە لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کرایە ئامانج و بەهۆیەوە پێنج پێشمەرگە شەهیدبوون و حەوتی دیکەش برینداربوون.
 
وەزارەتی پێشمەرگەش لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی رووداوەکە رایگەیاندبوو "لەم هێرشەدا هێزەکانی پەکەکە چەکی سووک و قورسیان بەکارهێناوه، لەکاتێکدا چوونی هێزی پێشمەرگە بۆ ئەو سنوورە بەئامانجی پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکەبووە، وەک هەر ناوچەیەکی دیکەی سنووری هەرێمی کوردستان، هێزی پێشمەرگە بە مافی خۆی دەزانێت، جوڵە و سەنگەرسازی پێویست بکات."
 
لە 23ـی نیسانی 2021 وە تورکیا ئۆپەراسیۆنی چڕنووکی برووسکەی دەستپێکرد و بەبیانووی بوونی گەریلاکانی پەکەکە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ بۆردومان دەکات، تاوەکو ئێستاش دوو گوندی ناوچەی زناری کێستە بەتەواوی چۆڵکراون و پاوانێکی زۆری ناوچەکەش سووتاوە.
 
ئۆپەراسیۆنەکانی هێزەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان و ناوچە سنوورییەکان بەردەوامە، دوای چوار رۆژ لە دەستپێکردنی رۆژی 11ی شوباتی ئەمساڵ وەزارەتی بەرگریی تورکیا کۆتایهاتنی ئۆپەراسیۆنی "چنگی هەڵۆ -2" ی راگەیاند.
 
لە23ی نیسانی رابردوو هێزەکانی تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییان بەناوی "ئۆپەراسیۆنی چڕنووکی هەورە برووسکە"، بۆ رووبەڕووبونەوەی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" راگەیاند و لە چەند رۆژی رابردوو وێنەکانی داربڕین لە ناوچە سنوورییەکان کە تورکیا لەڕێگەی چەند بەڵێندەرێکەوە دەیانکات، کاردانەوەی زۆری لێکەتەوە.
 
وەزارەتی پێشمەرگە لە 5ی حوزەیرانی 2021 دا لە ئەنجامی پەلامارەکەی ئەمڕۆ لە چیای مەتین لە سنووری شارۆچکەی ئامێدی؛ کاروانێکی هێزی پێشمەرگە لەلایەن هێزێکی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە دەستدرێژییەکی بێ پاساویان کرایە سەر و لە ئەنجامدا پێنج پێشمەرگە شەهید بوون و حەوت پێشمەرگەی دیکەش برینداربوون.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە