قوباد تاڵەبانی: دەسەڵاتەکان بۆ ئەنجوومەن و ئیدارە خۆجێیەکان شۆڕدەکرێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەکاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنجوومەنی شارەوانیی سلێمانی، رایگەیاند: دەسەڵاتەکان بۆ ئەنجوومەنەکان و ئیدارە خۆجێیەکان شۆڕدەبێتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ سێشەممە 8ـی حوزەیرانی 2021 لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی داوایكرد وەك ئەندامێكی فەخری ئەنجوومەنەكە قبووڵی بكەن و هەموو پشتیوانییەكی بۆ كارەكانیان دووپاتكردەوە.
قوباد تاڵەبانی گوتی: "بەمنزیكانە دەسەڵاتەكان شۆڕ دەكرێتەوە بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان و بەڕێوبەرایەتییەكان و دەسەڵاتی زیاتریان دەبێت و پێویستە كەڵك لەم دەرفەتە وەربگیرێت بۆ پێشكێشكردنی خزمەتی زیاتر بە هاووڵاتیان".
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا قوباد تاڵەبانی داوای لە ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی كرد دیدگای نوێ بخەنەڕوو بۆ پڕۆژەی ستراتیژی لە سلێمانی. هەروەها داوایكرد کاربکەن بۆ کەمکردنەوەی رۆتین و خێراترکردنی خزمەتگوزارییەكان.