لە سنووری زاخۆ پێشمەرگەیەک شەهید کرا

رووداو دیجیتاڵ 

لە سنووری ناحیەی دەرکار لە قەزای زاخۆ پێشمەرگەیەک شەهید بوو، بەڕێوەبەری ناحیەکەش بە رووداوی راگەیاند "پێشمەرگە نیازی ئەوەی هەبووە بچێتە خاڵێکی نزیک سەنتەری دەرکار بۆ ئەوەی تورکیا زیاتر نەیەتە پێشەوە، بەڵام پەکەکە تەقەی لێکردوون و پێشمەرگەیەک شەهید بووە."
 
رووداوەکە کاژێر 6:30 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 8-6-2021 پێشمەرگەکە شەهید بووە. 
 
ئەدیب جەعفەر، بەڕێوەبەرەى ناحیەی دەرکار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەمڕۆ بەیانی هێزێکی پێشمەرگە لەگەڵ پاسەوانی سنوورى عێراق هاتوونەتە سنوورەکانی ئێمە بۆ ئەوەی خاڵێکى ستراتیژیى بگرن [بەرزایی کێرە دەکەوێتە هنداڤى سەنتەرى ناحیەی دەرکار]، بەڵام بەداخەوە پەکەکە هێرشى کردووەتە سەر پێشمەرگە و پێشمەرگەیەک شەهید بووە."
 
بەڕێوەبەرەى ناحیەی دەرکار لەبارەی ئەو پێشمەرگەیەی شەهیدبووە دەڵێت، ناوی (رەزوان محەممەد)ـە و خەڵکی قەزای زاخۆیە و ئەمڕۆ لە زاخۆ بە خاک دەسپێردرێت. 
 
سەرچاوەیەک لە لیوای یەکی پاسەوانی سنوور بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "کاژێر 6:30 بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 8-6-2021 لە کاتی چوونی هێزەکانی پاسەوانی سنووری و هێزەکانی پێشمەرگە بۆ ناوچە ستراتیژییەکانی سنوور لە باکووری رۆژهەڵاتی ناحیەی دەرکار لە سنووری قەزای زاخۆ دەنگی تەقە بیستراوە و پێشمەرگەیەک شەهید بووە، بەڵام سەرچاوەی تەقەکە دیار نییە، دەنگی دوو تەقە هاتووە و دیارە لەڕێگەی قەنناسەوە بووە، لێکۆڵینەوەش لەوبارەیەوە بەردەوامە."
 
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە ئەو پێشمەرگەیەی شەهید بووە [رەزوان محەممەد عەلی]، خەڵکی زاخۆیە عەشیرەتی سندی، پێشمەرگەی سوپای چواری فەرماندەی دهۆکە سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە. 
 
ئەو پێشمەرگەیەی شەهیدبووە تەمەنی 30 ساڵ و باوکی دوو منداڵ بووە. یوسف موسا، پەیامنێری رووداو لە زاخۆ رایگەیاند "ئەمڕۆ چووه‌ بۆ ده‌وام، ویستوویانە لە سنووری زاخۆ خاڵی نوێ دابنێن کە گەیشتوونەتە نزیک سنوورەکە، سێ گوللـەی قه‌ناسیان ئاراسته‌کراوە و گوللـەیەک‌ به‌ر په‌راسووی ئەو پێشمەرگەیە که‌وتووه‌."
 
پەیامنێری رووداو لە زاخۆ دەشڵێت "هیچ شه‌ڕ و پێکدادانێک لە کاتی شەهیدبوونی پێشمەرگەکە رووینەداوە، هەر ئەمڕۆ ته‌رمه‌کەی له‌ گۆڕستانی گوندی دارهۆزانێ بەخاک دەسپێردرێت."
 
شەهیدبوونی ئەو پێشمەرگەیە لە کاتێدایە کە رۆژی شەممە 05-06-2021 لە چیای مەتین لە سنووری قەزای ئامێدی، کاروانێکی هێزی پێشمەرگە لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کرایە ئامانج و بەهۆیەوە پێنج پێشمەرگە شەهیدبوون و حەوتی دیکەش برینداربوون.

وەزارەتی پێشمەرگەش لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی رووداوەکە رایگەیاندبوو "لەم هێرشەدا هێزەکانی پەکەکە چەکی سووک و قورسیان بەکارهێناوه، لەکاتێکدا چوونی هێزی پێشمەرگە بۆ ئەو سنوورە بەئامانجی پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکەبووە، وەک هەر ناوچەیەکی دیکەی سنووری هەرێمی کوردستان، هێزی پێشمەرگە بە مافی خۆی دەزانێت، جوڵە و سەنگەرسازی پێویست بکات."