تووشبوویەکی نوێی کۆرۆنا لە سلێمانی گیانی لەدەستدا

08-06-2020
نەخۆشخانەی ئاسا تایبەت بە تووشبووانی کۆرۆنا لە سلێمانی، وێنە؛ AA
نەخۆشخانەی ئاسا تایبەت بە تووشبووانی کۆرۆنا لە سلێمانی، وێنە؛ AA
نیشانەکردن ڤایرۆسی کۆرۆنا هەرێمی کوردستان
A+ A-
تووشبوویەکی نوێی کۆرۆنا کە خەڵکی گوندی گرێزەی سەر بە قەزای سەیدسادقە گیانی لەدەستدا. تەندروستیی سلێمانی رایگەیاندووە ئەو تووشبووە ماوەیەکی زۆرە لە نەخۆشخانە خەوێنراوە.
 
ئەو تووشبووەی گیانی لەدەستداوە، پیاوێکی تەمەن سەروو 75 ساڵە، ماوەیەکی زۆرە لەژێر چاودێری پزیشکیدایە لە نەخۆشخانە لە سلێمانی.
 
هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نەخۆشی دیکەشی هەبووە و رۆژ لەدوای رۆژ تەندروستی خراپتر دەبوو، بەڵام بەهۆی کاریگەریی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانی لەدەستدا".
 
پیاوەکە خەڵکی گوندی گرێزەی سەر بە قەزای سەیدسادقە. حەیدەر حەسەن، بەڕێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانەی شەهید شەوکەت لە قەزای سەیدسادق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: دوای گرتنەبەری رێکاری تەندروستی تەرمەکەی گەڕێندراوەتەوە گوندەکەی و هەر لەوێ بەخاک دەسپێردرێت.
 
لە سنووری قەزای سەیدسادق تاوەکو ئێستا سێ کەس تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و لە سلێمانی لەژێر چاودێری پزیشکیدان. بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی لە پارێزگای سلێمانی 810 تووشبووی کۆرۆنا تۆمارکراون، 167 تووشبووش چاکبوونەتەوە و 23 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
 
کۆی گشتیی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 1324 کەس. لەو ژمارەیە 458 کەس چاکبوونەتەوە و 26 کەسیشیان گیانیان لەدەستداوە. ئێستا 840 تووشبووی کۆرۆنا ڤایرۆسەکە لە جەستەیاندا چالاکە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە