كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی لەگەڵ سەرۆكایەتی هەرێم كۆبووەوە
رووداو- هەولێر
سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی رایگەیاند" كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی لەگەڵ فوئاد حوسێن ، سەرۆکی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە."
هەندرێن محەممەد، سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند" بۆ تاوتوێكردنی پێداویستییە هەنوكەییەكان و ئامادەكارییەكان بۆ گشتپرسی و هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 8-6-2017 لەگەڵ سەرۆکی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كۆبووینەوە."
هەندرێن محەممەد، گوتی"ئەمجۆرە كۆبوونەوانە بەردەوام دەبن، كۆبوونەوەشمان لەگەڵ لایەنی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت. وەك كۆمیسیۆن ئامادەین بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی لە 25ی ئەیلولی 2017 دا."
سەبارەت بەو لیژنەیەی لەنێوان لایەنەكانی هەرێمی كوردستان بۆ گشتپرسی پێكهاتووە، سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی، گوتی"لەگەڵ ئەو لایەنانەیش دادەنیشین، لیژنەکە زیاتر بۆ كارئاسانی و هەماهەنگی و باشتر بەڕێوەچوونی پرۆسەكەیە."
رۆژی چوارشەممە 7-6-2017، لە سەلاحەدین نوێنەرە باڵاكانی پارتە سیاسییەكانی ناو پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت و سەرۆك و جێگری كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی كوردستان لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە، بڕیاردرا رۆژی 25-9-2017 گشتپرسی و مانگی11-2017یش هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە باشووری کوردستان ئەنجام بدرێت.
پێداچوونەوە؛ عومەر شایان