رێژەی توندوتیژی دژ بە ژنان لە بەرزبوونەوەدایە

08-06-2016
بژار حەکیم
نیشانەکردن توندوتیژی
A+ A-

رووداو- هەولێر

رێژەی توندوتیژی دژ بە ژنان لە بەرزبوونەوەدایە و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان لە هەولێر پیاوانیش سکاڵای تووندوتیژی تۆماردەکەن.

" توندوتیژی دژ بە ژنان هۆکاری جیاوازی هەیە "

بەپێی دواین ئاماری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان کە رۆژی چوارشەممە 8-6-2016 بڵاوکراوەتەوە و ئامارەکە تایبەتە بە سالی 2015 ، رێژەی تووندوتیژییەکان بەتایبەت لە کوشتن و خۆکوشتن و سوتان و خۆسوتاندنی ژنان روو لە زیادبوونە، هاوکات ژمارەی سکاڵاکانیش بەرزبوونەوەیان بەخۆیانەوە بینیوە.

لە بەرنامەی هۆت لاینی ئەمڕۆی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی رووداو، باس لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی رێژەی تووندوتیژییەکان و فاکتەرەکانی پشت زیادبوونی توندوتیژییەکان و کاریگەرییەکانی لەسەر زیادبوونی رێژەی تاوان و جیابوونەوە کرا.

" راپۆرتەکە هۆکارەکانی کووشتن و تووندوتیژییەکانی دەستنیشان نەکردووە"

رائید ژیلەمۆ عەبدولقادر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە هەولێر، لەبارەی بەرزبوونەوەی رێژەی تووندوتیژی دژ بە ژنان رایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تووندوتیژی دژ بە ژنان کاتێک ئاماری تووندوتیژییەکانیان بڵاوکردووەتەوە ئاماژەیان نەداوە بە هۆکارەکان کە ئەوە خاڵێکی کەموکورتی راپۆرتەکەیە، چونکە ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتی هەولێر کاتێک ئامارەکەمان رەوانەکردووە، هەموو هۆکارەکانمان دەستنیشانکردوون، بۆیە هەندێک ژن هەن لە هەولێر لەسەر نامووس نەکوژراون و بەهۆکاری دیکە کوژراون بۆیە دەبێت لە راپۆرتەکەدا ئاماژەی پێبدرابووایە، چونکە لە هەولێر 5 ژن لەسەر نامووس کوژراون و ئەوانی دیکە هۆکاری جیاوازبوون.

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، دەرکردنی راپۆرت و بڵاوکردنەوەی دەبێت هۆکارەکانی تێدابێت، بۆیە بڵاوکردنەوەی راپۆرتەکە بەبێ دەستنیشانکردنی هۆکارەکەی ماناکەی بەتەواوەتی نابەخشێت، راپۆرتەکەش لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە جیاوازی هەیە.

" کووشتن کەمیکردووە و خۆسووتاندن زیادیکردووە "

لەبارەی ئامارەکان و رێژەی کووشتن و تووندوتیژییەکان لە سنووری پارێزگای هەولێر، رائید ژیلەمۆ عەبدولقادر گوتیشی" لەماوەی رابردوودا تەنیا 20 ژن لە هەولێر کوژراون کە 5 لەو کوژراوانە بەهۆکاری نامووس بووە و 15 ژنەکەی دیکە بەهۆی شەڕی کۆمەڵایەتی یان بەهۆی شەڕ و بەهەڵە کوژراون، هاوکات لەماوەی رابردوودا تووندوتیژییەکانی دژ بە ژنان لە سنووری پارێزگاری هەولێر کەمیانکردووە، بۆ نموونە بە بەراورد بە ئامارەکانی پێشوو، رێژەی تەڵاق و خۆکووشتن و ژن کووشتن کەمیکردووە، لە بەرامبەریشدا دیاردەی سووتان زیادیکردووە، ئەوەش بە پێی وەرزەکان ئامار و رێژەکان گۆڕانکاریان بەسەردا دێت، بۆ نموونە لەکاتی زستان سووتان زیاد دەکات بەڵام لە هاوین کەمدەبێتەوە.

"ساڵی رابردوو 800 سکاڵا زیادیکردووە " 

سەبارەت بەزیادکردنی ژمارەی سکاڵاکان لە ساڵی 2015، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان لە هەولێر، دەڵێت" لە ساڵی 2014 دا 6 هەزار و 673 سکاڵا تۆمارکراون، بەڵام لە ساڵی 2015 ژمارەی سکاڵاکان بەرز بووەتەوە بۆ 7 هەزار و 436 سکاڵا و ئەوەش زۆر ئاساییە چونکە بەرزبوونەوەی ژمارەی سکاڵا نیشانەی زیندوویەتی و هۆشیاری خەڵک دەردەخات و هاوکات ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە خەڵک متمانەیان بە بەڕێوەبەرایەتییەکانمان هەیە".

" پیاوانیش سکاڵای توندوتیژی تۆماردەکەن " 

رائید ژیلەمۆ عەبدولقادر، هەروەها گوتیشی" لەکۆی  2796 سکاڵایەی کە لە ماوەی ساڵی 2015  لە سنووری پارێزگای هەولێر وەک سکاڵای تووندوتیژی تۆمارکراون کە 636 لە سکاڵاکان لەلایەن پیاوانەوە تۆمارکراون، بۆ نموونە پیاو هەبووە لەلایەن ژنەکەیەوە دەرکراوە و هەبووە لەلایەن کوڕەکەیەوە تووندوتیژی لەبەرامبەر کراوە و تێیدابووە لەلایەن ئامۆزاو کەسەکانی دیکەیەوە تووندوتیژی بەرامبەر ئەنجامدراوە، پیاویش هەیە دێت سکاڵا لەسەر ژنەکەی تۆماردەکات بەهۆکاری ئەوەی کە ژنەکەی دەریکردووە و نایەنەوێ لەگەڵیدا بژین".


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە