عەرەبی هاوردە بیر لەسەر زەویی جووتیارانی کورد لە حەفتەغار لێدەدەن

 
رووداو - کەرکووک

هاوردەکانی سنووری داقووق دەستیان بە بیرلێدان کردووە لەسەر زەوی و زاری جووتیارانی کورد، بەو ئامانجەی لە ئێستا بەدواوە بەشێوەیەکی چڕتر کشتوکاڵ لەسەر زەوییەکان بکەن.
 
کارکردنی هاوردەکان بە بەرچاوی جووتیارانی کوردی ناوچەکەوەیە، کە خاوەنی رەسەنی زەوییەکانن و بەڵگەی فەرمییان هەیە.
 
مام نەوزاد جووتیارێکی ناوچەکەیە و لەگەڵ تیمی رووداو چوونە سەر یەکێک لەو زەوییانەی داگیر کراوە، دەڵێت، "جیا لەوەی بەشێکی زۆری کەرتەکانی 15 و 16 و 17 و 18 کارکردنی لەسەر قەدەخە کراوە، کەچی ئەو بڕیارە تەنیا لەسەر کورد جێبەجێ دەکرێت."
 
مام نەوزاد خەڵکی ئاوایی مەنسوورە، نیگەرانە لەوەی سەدان دۆنم زەوییان لەلایەن هاوردەکان بە پشتیوانیی ئیدارەی پارێزگاکە دەستی بەسەردا گیراوە، کەچی هێشتا ئەوان تاوانبار دەکرێن و دەدرێنە دادگا.
 
نەوزاد هیدایەت، جووتیاری سنووری حەفتەغار دەڵێت، "ئێستا سکاڵا دەکەن، سکاڵایان لەسەر خۆم کردووە، سکاڵایان لە چەند کەسی دیکە کردووە. دەیانەوێت یان چۆڵی بکەین یان وەکو چۆن سەدام پێی دان، ئاوا وەری بگرن. راکان سەعید پشتگیرییان دەکات، هەر هێزێکیش دێت پەمپی دەدەن گوایە کورد تەعدای لێکردوون."
 
چی هێزە سەربازییەکان و چی لایەنی کشتوکاڵ، تاوەکو یەکلاکردنەوەی کێشەکانی زەوی و زار بڕیاریان داوە کشتوکاڵ لەسەر ئەو زەوییانە رابگیرێت.
 
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکووک دەڵێت، ئەوان بڕیاری دادگاکان جێبەجێ دەکەن، کارئاسانییان نەکردووە بۆ بیرلێدان لەسەر ئەو زەویانە لە لایەنێکی کێشەکەوە.
 
زوهێر عەلی، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکووک دەڵێت، "هەموو رێکارێک لەسەر ئەو زەوییانە راگیراوە کە کێشەی لەسەرە، چی لە نوێکردنەوەی گرێبەست یان لەلایەن موڵکیەتەوە. بێگومان رێکاری دادوەری هەیە، چاوەڕێی بڕیاری دادگاکان دەبین لەسەر ئەوە. ئێمە هیچ بڕیارێک نادەین لەسەر زەویی کێشەلەسەر."
 
سنووری حەفتەغار لە باشووری داقووق یەکێکە لەو ناوچانەی خاکەکەی موڵکی کوردە و دەیان ئاوایی لەسەرە. لە ساڵی 2018 بە هاوکاریی هێزە سەربازییەکان جارێکی دیکە ژمارەیەک لە هاوردەکانی سەردەمی سەدام هێندرانەوە بۆ ناوچەکە، لەو کاتەوە تائێستا بوونەتە سەرئێشە بۆ جووتیارانی کورد.