رووداو دیجیتاڵ
ماوەی هەفتەیەک زیاترە رۆژانە 300 بۆ 400 کەس بۆ دۆزینەوەی پیاوێکی 75 ساڵ لە قەرەداخ، کۆمەڵ بە کۆمەڵ بەڕێدەکەون بۆ شاخ و کێو و دۆڵەکانی قەرەداخ.
نەجمەدین محەممەد ونبووەکەیە، دانیشتووی گوندی تەکیەی قەزای قەرەداخە لە سنووری پارێزگای سلێمانی، حەزی زۆری بۆ گەڕان و چوونە نێو سروشت هەبوو.
مەحموود محەممەد، برای نەجمەدینە، باس لە پیشەی براکەی دەکات، کە خانەنشین بووە و هەندێکجار دەچوو بۆ شاخەکان، قەزوان و گژوگیای بەهارەی بۆ فرۆشتن دەهێنا، ئەمجارەش بۆ ئەو مەبەستە چووە.
براکەی دەڵێت: "کاتێک چووە بۆ شاخ بە هاوژینکەی گوتووە کاژێرێکم پێدەچێت و دەگەڕێمەوە. دوو شەبەکە و جووتێک دەستکێشی پێبوو لەگەڵ نانێک و کەمێک خورما."
هاوشان لەگەڵ کەسوکار و ناسیاوەکانی نەجمەدین محەممەد، بەشێک لە هێزە ئەمنییەکانی ناوچەکەش لەکاتی دەوام و پاش دەوامیش بە جلوبەرگی مەدەنییەوە دەگەڕێن.
سیروان نەسرەدین، زاوای ونبووەکەیە و ئاگاداری وردەکاری ونبوونەکەیە، دەڵێت: "لە بەرواری 1/5/2024 لەماڵ چووەتە دەرەوە، لەکاژێر 10:46 کچەکەی تەلەفۆنی بۆ کردووە گوتوویەتی لەو شاخەم، دواتر کاژێر دوو وەڵامی پەیوەندی نەداوەتەوە، رۆژی دواتریش تاوەکو کاژێر یەکی نیوەڕۆ زەنگ بۆ مۆبایلەکەی دەرۆشت، بەڵام دواتر ئەوەش نەما."
رۆژانە لە کاژێر شەشی بەیانی بۆ شەشی ئێوارە دەگەڕێن. سەرکەوت شێخ قادر، دانیشتووی گوندی تەکیە باس لەوە دەکات زۆرینەی شوێنەکان گەڕاون. سەختیی ناوچەکە وایکردووە هیچیان دەستنەکەوێت.
قەرەداخ لە 84 گوند پێکدێت؛ بەگوتەی شێخ دلێر شێخ مستەفا، کەسایەتیی ناوچەی قەرەداخ، لەکۆنەوە برایەتی و دۆستایەتی لە قەرەداخدا هەبووە و وەک خێزان نزیکبوون لەیەکترەوە، "بۆیە هەموو خەڵکی ناوچەکە و خەڵکی دەربەندیخان و سلێمانیش بەشداربوون لەم گەڕانەدا."
کەسوکاری پیاوەکە داواکارن لایەنە حکومییەکان زیاتر هاوکاربن لە هەوڵەکانی گەڕان بۆ دۆزینەوەی.
بەشێک لەو هۆکارانەی وایکردووە تاوەکو ئێستا نەتوانرێت سەرەداوێکی مام نەجمەدینیان دەستبکەوێت، کەشی باراناویی چەند رۆژی رابردوو، زۆری و بەربوونەوەی گژوگیا و سەختی و فراوانی ناوچەکەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ