رووداو - هەولێر
رێگەی هەولێر - کۆیە بەڕووی بارهەڵگرەکاندا داخرایەوە و نۆرەی دوور و درێژی تانکەر و بارهەڵگرەکان رێگە تاک سایدەکەی کۆیەیان زیاتر قەرەباڵخ کردووە. بەشێک لە دانیشتووانی کۆیە گردبوونەوە و دەیانەوێت داواکارییە 13 ساڵییەکەیان، کە دووسایدکردنی رێگەی هەولێر - کۆیەیە، جێبەجێ بکرێت.
هەرێم ئەبوبەکر، دانیشتووی کۆیە دەڵێت، "رێگەکە زۆر خراپ و یەک سایدە، رۆژانە رووداوی هاتووچۆ تێیدا روودەدات، دوێنی سێ کەس بەهۆی رووداوی هاتووچۆ لەم رێگەیە گیانیان لەدەستداوە، داوا دەکەین جووت سایدی هەولێر - کۆیە تەواو بکرێت."
محەممەد عەبدولڕەحمان، دانیشتووی کۆیە ئاماژەی بەوە کرد، "رێگەکە خراپە، بە ترسەوە لەنێوان هەولێر - کۆیە هاتووچۆ دەکەین، داواکاریی ئێمە تەنیا جووت ساید و کەمکردنەوەی بارهەڵگرەکانە لەم رێگەیە."
لەدوای داخستنی رێگەی سماقوڵی، هیران، بالیسان، رێگەی کۆیە تاکە شوێن بوو بارهەڵگرە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان هاتووچۆیان پێدا دەکرد، بەڵام ئەم رێگەیەش هاوشێوەی رێگەکانی دیکە لەلایەن بەشێک لە دانیشتووانی کۆیەوە داخرا، ئێستا هاتووچۆی بارهەڵگرەکان لەنێوان پارێزگای هەولێر - سلێمانی پەکخراوە.
ئەرکان کەریم، شۆفێر گوتی، "ئێمە تاوانمان چییە؟ رێگەکان چاک بکەن با ئێمەش بتوانین هاتووچۆ بکەین. هەر ئەم رێگەیە مابوو، ئەوەشیان داخست." شوان ئەحمەدیش شۆفێرە و دەڵێت، "ساڵانە لەکاتی نوێکردنەوەی ساڵیانەکانمان رسوماتی رێگەوبان و ژینگەمان لێ وەردەگرن، باشە بۆ رێگەکان چاک ناکەن؟"
پێنج رێگەکەی نێوان هەردوو پارێزگای سلێمانی - هەولێر، کۆن و یەک سایدن؛ رێگەی هەولێر - کۆیە، رێگەی سماقوڵی، رێگەی هیران بۆ هیزۆپ، رێگەی دۆڵی ئالانە - بالیسان و رێگەی وەرتێ بۆ دەڤەری راپەڕین. خراپیی رێگەکان و زۆریی رووداوەکانی هاتووچۆ لەم رێگایانە دانیشتووانی ئەو ناوچانەی ناچار کردووە رێگەکان بەڕووی بارهەڵگرەکان دابخەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ