دووکاندارێکی قەیسەریی هەولێر: داپۆشینی کاڵاکان بە پەردە هۆکاری تەشەنەکردنی ئاگرەکە بووە
رووداو دیجیتاڵ
لە ماوەی 70 رۆژدا پێنج ئاگری گەورە لە بازاڕەکانی هەولێر کەوتوونەتەوە، تاوەکو ئێستا هۆکاری ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕی قەیسەریی هەولێر رانەگەیێندراوە، کە بەهۆیەوە نزیکەی 227 دووکان و کۆگە سووتان. زێڕنگەرێک دەڵێت، "لە رووداوەکەدا کیلۆیەک زێڕم ون بووە."
رۆژی چوارشەممە 8ی ئایاری 2024 لە بوولتەنی ئابووریی تۆڕی میدیایی رووداو، بە میوانداریی جەمیل ئەبوبەکر، بەڕێوەبەری دڵنیایی لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک زێڕنگەر و دووکانداری بازاڕی قەیسەریی هەولێر، هۆکاری سووتانی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران.
هۆکاری سووتانی بازاڕی قەیسەری رانەگەیێندراوە
کاژێر 09:30ی شەوی دووشەممە 5ی ئایار، ئاگر لە بازاڕی قەیسەریی شاری هەولێر کەوتەوە و بەگوێرەی راگەیێندراوی پارێزگای هەولێر، لە کۆی 4000 دووکانی نێو بازاڕەکە، 227 دووکان سووتان و زیانیان بەرکەوتووە.
بازاڕی قەیسەریی هەولێر لەسەر رووبەری 50 هەزار مەتر چوارگۆشە بنیاتنراوە و تەمەنی زیاتر لە 200 ساڵە، لەدوای سووتانەکەوە تاوەکو ئێستا جموجووڵ تێیدا وەستاوە، رۆژی دوای ئاگرکەوتنەوەکە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی بازاڕەکەی کرد و رایگەیاند، تاوەکو ئێستا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە نەزانراوە و بۆ نۆژەنکردنەوەش دەبێت هاوئاهەنگی لەگەڵ یونیسکۆ بکرێت.
ئەگەر دووکانەکان بیمە کرابان "80%ی زیانەکانیان وەردەگرتەوە"
جەمیل ئەبوبەکر، بەڕێوەبەری دڵنیایی لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "لەدوای ئاگرکەوتنەوەکەی ساڵی 2018ی بازاڕی قەیسەریی هەولێر، داوایان لە ئەنجوومەنی وەزیران کردووە سەرجەم دووکانداران ناچار بکەن لە کۆمپانیاکانی دڵنیایی دووکانەکانیان بیمە بکەن، "بەڵام خەڵک باوەڕی بە بیمە نییە."
بە گوتەی جەمیل ئەبوبەکر، "ئەگەر ئەو دووکاندارانە لە کۆمپانیایەکی دڵنیایی دووکانەکانیان بیمە کردبایە، لەو کارەساتەدا نزیکەی 80%ی زیانەکانیان بۆ دەگەڕایەوە، بەڵام خەڵک باوەڕیان بە دڵنیایی نییە."
بەڕێوەبەری دڵنیایی لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان باس لەوە دەکات، "ساڵی 2018 کە یەکەمجار بازاڕی قەیسەری سووتا، نووسراوی فەرمیمان لە رێگەی وەزارەتی داراییەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران کرد و داوامان کرد، دووکاندارانی ئەم بازاڕانە ناچار بکرێن دووکانەکانیان بیمە بکەن" و دەشڵیت، "بەڵام ئەوە بە تەنیا بە حکومەت ناکرێت، دەبێت خەڵکیش هۆشیاریی لەسەر ئەم بابەتە هەبێت، بەشێکی زۆری کاسبکارانی ئێمە باوەڕیان بە بیمە نییە."
مەرجەکانی سەلامەتی لە بازاڕی قەیسەری
بڕوا تەها، ئەندازیاری بواری سەلامەتی پێیوایە، کۆمەڵێک کۆمپانیا هەن، بۆئەوەی بەپێی ستانداردەکان سەلامەتی مەرجەکان لەنێو بازاڕی قەیسەری جێبەجێ بکەن و دەڵێت، "بازاڕی قەیسەری چەندین دەرگای هەیە و گەشتیارێک کە دەچێتە نێو بازاڕەکەوە، بەهۆی نەبوونی تابلۆ و رێنوێنی، نازانێت دەروازەکانی چوونە دەرەوە لە کوێیە."
ئەو ئەندازیارە بە پێویستی دەزانێت، "لە نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەری، یەکەم هەنگاو مەرجەکانی سەلامەتی تێدا رەچاو بکەن. بۆ نموونە، رێگە نەدەن جارێکی دیکە پەردە لەپێش دووکانەکان بدرێت و ئەو کەرەستانەی ئەگەری ئاگرگرتنیان زۆرە، نەهێڵدرێت لەپێش دووکانەکان دابنرێن."
زێڕنگەران زیانی گەورەیان بەرکەوتووە
زێڕنگەران دەڵێن، بەهۆی ئەو کەلوپەل و پەردانەی دووکانداران لەپێش دووکانەکان دایانناوە، ئاگر تەشەنەی کردووە و گەیشتووەتە دووکانەکانیان، زێڕنگەرێکیش دەڵێت "لە رووداوەکەدا کیلۆیەک زێڕم ون بووە."
شاهین گەیلان، 15 ساڵە دووکانی زێڕی هەیە لە بازاڕی قەیسەری و وەکو خۆی ئاماژەی پێدەدات، "پێش ئاگرکەوتنەوەکە دوو کیلۆ و 100 گرام زێڕ لەنێو دووکانەکەمدا بوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی خێرا فریای دەرهێنانیان کەوتم، نزیکەی 200 گرام زێڕم لە ئاگرەکەدا فەوتا."