ئەنجوومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە؛ 'رەنگە بڕیاری بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست بدرێت'
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە. یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە، بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەستە. نوێنەرەکەیان دەڵێت، "رەنگە ئەمڕۆ بڕیاری بە هەمیشەییکردنمان بدرێت."
کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەمڕۆ چوارشەممە دەکرێت کە کۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەیەتی. نەریمان بەهرام، نوێنەری گشتیی فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "لە کۆبوونەوەکەدا وەزارەتی دارایی راپۆرتێک لەبارەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست دەخاتەڕوو و دواتر بڕیاری لەبارەوە دەدرێت."
هەر گرێبەستێک لە سێ ساڵ کەمتر خزمەتی هەبێت ناکرێتە هەمیشەیی
لە هەرێمی کوردستاندا 30 هەزار فەرمانبەری گرێبەست هەن، کە تێکڕای مووچەیان 14 ملیار دینارە. بەپێی بەدواداچوونی رووداو، 15 هەزار فەرمانبەری گرێبەست لە وەزارەتی شارەوانین کە زۆرترینە، وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا، تەندروستی و پەروەردە لە پلەکانی دووەم تاوەکو چوارەم دێن.
مووچەی فەرمانبەرانی گرێبەست لەنێوان 300 بۆ 700 هەزار دینارە. بەگوێرەی رێنوێنیی عێراق، هەر گرێبەستێک لە سێ ساڵ کەمتر خزمەتی هەبێت، ناکرێتە هەمیشەیی.
ئیمتیازاتەکانی دوای بە هەمیشەییبوونی فەرمانبەری گرێبەست
بەگوێرەی زانیارییەکان، پێشتر راپۆرتێک لەبارەی دۆسیەی گرێبەستەکان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران ئامادە کراوە، لەسەر بنەمای زانیارییەکانی ناو لیستی مووچەی مانگی ئاداری فەرمانبەرانی گرێبەست، کە لەلایەن وەزارەتی دارایی و چاودێریی دارایی فیدراڵیش لیستی مووچەیان وەکو گرێبەست پەسند کراوە.
ئەو فەرمانبەرانەی دەکرێنە هەمیشەیی، ئەم ئیمتیازاتانە دەیانگرێتەوە:
- سەرمووچە
- پلەبەرزکردنەوە
- حەوافز
- عەلاوە
- خانەنشینی
- خزمەت
هیچ یاسایەک نییە بڕیاربدات گرێبەست بکرێتە هەمیشەیی
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، پیشنیازێک هەیە کە "لە سەرەتا وەکو دامەزراندنی یەکەم (پلە 7) بکرێنە هەمیشەیی، واتە بێ ئەوەی خزمەتی پێشوویان بۆ هەژمار بکرێت. پاشان بەگوێرەی داهات و بوونی حکومەت یان گفتوگۆ لەگەڵ عێراق، ئەو مافانەیان بۆ هەژمار بکرێت کە فەرمانبەری هەمیشەیی هەیەتی."
هیچ یاسایەک نییە بڕیار بدات گرێبەست بکرێتە هەمیشەیی، هەروەها هیچ یاسایەک پاڵپشتیی ئەوە ناکات کاتێک کرانە هەمیشەیی خزمەتیان بۆ هەژمار بکرێت. بەپێی ئەو زانیارییانەی کە رووداو لە بەرپرسێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستانی وەرگرتووە، "ئەگەر لە دادگەی کارگیڕی سکاڵا تۆمار بکەن، ئەوا دەتوانن مافەکانیان وەربگرنەوە، بە مەرجێک لە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران نەهاتبێت کە خزمەتی پێشوو نایانگرێتەوە."
رووداو زانیویەتی، فەرمانبەری گرێبەست ئەگەر خاوەن وڵاتینامەی بیانی بێت، ناکرێتە هەمیشەیی.
نەریمان بەهرام گوتی، "ئەگەری هەیە لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار بدرێت سەرجەم گرێبەستەکان بکرێنە هەمیشەیی." ئەگەر بڕیارەکە درا، دواتر دەبێت لەگەڵ هەولێر و بەغدا گفتوگۆ بکەن بۆ ئەوەی لە لیستی مووچە زیادیان بکەن وەکو فەرمانبەری هەمیشەیی.