مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی کۆبوونەوە

رووداو دیجیتاڵ

دوای زیاتر لە شەش مانگ، بە هەوڵە بەردەوامەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە و بەهێزکردنەوەی یەکڕیزی لەنێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستان بەگشتی و پارتی و یەکێتی بەتایبەتی، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کۆبوونەوە.
 
لەبارەی کۆبوونەوەکەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "لە کەشێکی ئەرێنیدا تاوتوێی کێشە و گرفتە دارایی و ئیدارییەکانی بەردەم حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا و هەردوولا کۆک بوون لەسەر چارەسەریی گشت کێشەکان بە رێگەی گفتوگۆ و هاوکاریی نێوان گشت کوتلە وەزارییەکانی ناو کابینە".
 
لە راگەیێندراوەکەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ، "تیشك خرایە سەر دوا دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە و جەخت لە سەر پاراستنی تەبایی و یەکڕیزیی ناوخۆیی کرایەوە، لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتیمانی و مافە دەستوورییەکانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان".
 
هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ گەڕانەوەی تیمی یەکێتی بۆ کۆبوونەوەکان
 
کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیران و جێگرەکەی لەکاتێکدایە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە چەند مانگی رابردوودا هەوڵی داوە بۆ بەهێزبوونی یەکڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و لەو چوارچێوەیەشدا چەند جارێک داوای لە قوباد تاڵەبانی و تیمی یەکێتی کرد بگەڕێنەوە ئەنجوومەنی وەزیران و کێشەکانیان لەوێ چارەسەر بکەن.
 
رۆژی 2ـی ئادار و لە دووەمین کۆڕبەندی هەولێر کە ناوەندی لێکۆڵینەوەی تۆڕی میدیایی رووداو رێکیخستبوو، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ئەم کۆڕبەندە بە دەرفەت دەزانم و لێرەوە داوا لە برادەرانی یەکێتی؛ داوا لە کاک قوباد و تیمی یەکێتی لە حکومەت دەکەم کە بگەڕێنەوە نێو ئەنجوومەنی وەزیران؛ بێگومان نیگەرانی و کێشە هەیە و بە دڵنیاییەوە کێشەکانی ئەوانیش لە هەموو ئاستێکدا لە لایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە تاوەکو سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر بە جیدی وەرگیراون".
 
رۆژی 15-03-2023 و دوای بەشداریکردنی لە حەوتەمین دیداری سلێمانی، نێچیرڤان بارزانی داوای چارەسەرکردنی کێشەکانی کردەوە و گوتی: "کێشەکان ئەوەندە گەورە نین چارەسەر نەکرێن. پێموایە تیمی یەکێتی نیشتمانی دەبێت بگەڕێنەوە نێو حکومەت. ئەگەر هەر کێشەیەک هەیە، دەتوانن لەنێو حکومەتدا قسەی لەسەر بکەن و بۆ هەموو کێشەکان چارەسەر دابنێن".
 
رۆژی 4ـی ئەم مانگەش سەرۆكی هەرێمی كوردستان به‌شداری لە گفتوگۆیه‌كی "دیداری عێراق بۆ سەقامگیری و خۆشگوزەرانی" لە بەغدا كرد و لە بەشێکی قسەکانیدا گوتی "شوێنی چارەسەری کێشەکان نێو ئەنجوومەنی وەزیرانە. بەغداش دەبێ یارمەتیی ئێمە بدات بەوەی ئەم کێشەیە بەزووترین کات چارەسەر بکرێت و بگەڕێنەوە بۆ ناو حکومەت".
 
قوباد تاڵەبانی لە رۆژی 26ـی ئۆکتۆبەری 2022ـەوە بەشداریی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی نەکردووە؛ وەزیرەکانی یەکێتیش لە 22-12-2022ـەوە بایکۆتی کۆبوونەوەکانیان کردووە.
 
نەگەڕانەوەی تیمی یەکێتی بۆ نێو کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران بەهۆی چەند هۆکارێکەوەیە. بەرپرسانی یەکێتی لە چەند مانگی رابردوودا گوتوویانە، ئەوان نیگەرانن لە شێوازی کارکردنی ئەنجوومەنی وەزیران نیگەرانن و جیاکاری لە خزمەتکردنی پارێزگاکاندا دەکرێت و سلێمانی و هەڵەبجە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پشتگوێخراون و دەسەڵاتەکانی جێگری سەرۆکوەزیرانیش سنووردارە.
 
باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رۆژی چوارشەممە 03-05-2023 سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و بەجیا لەگەڵ هەریەک لە سەرۆک مەسعود بارزانی؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان؛ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. 
 
لە کۆبوونەوەکەیاندا سەرۆک بارزانی و باربارا لیف جەختیان لەسەر جێبەجێكردنی رێككەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەكان کردووەتەوە. هەروەها سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شاندەکەی ئەمریکا لەبارەی کێشە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان "هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگيى يه‌كڕيزيى لايه‌نه‌ كوردستانييه‌كان و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان".
 
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ باربارا لیف، مەسرور بارزانی راگەیاند، "دووپاتمان کردەوە؛ پێویستە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەمساڵ لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بکرێت و بۆ ئەم مەبەستەش، ئامادەیی حکومەتی هەرێمی کوردستانمان بۆ پێشکێشکردنی هەموو کارئاسانییەک دەربڕی".
 
قوباد تاڵەبانی لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ لیف پێشوازی لە هەرجۆرە دەستپێشخەرییەک کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشە نێوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان و گوتی، "ئامادەین لەپێناو چارەسەرکردنی هەموو ئەو خاڵانەی مایەی ناکۆکین لیژنەی هاوبەش تەنانەت بە بەشداریی نوێنەرانی هاوپەیمانەکانمان پێکبهێنین." 
 
هەڵبژاردن، خاڵێکی دیکەی ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی
 
دوو هێزە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستان نەیانتوانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا بەڕێوەببەن کە دەبوو ساڵی رابردوو بەڕێوەبچێت، بەڵکو بۆ نەکەوتنە بۆشایی یاساییەوە بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران تەمەنی پەرلەمانیان بۆ کۆتایی ئەمساڵ درێژکردەوە، بۆ دواخستنی هەڵبژاردنیش هەردوولایان یەکتر تۆمەتبار دەکەن.
 
ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن چەند خاڵێک بوون، دوای چەند کۆبوونەوەیەکی بەشی هەڵبژاردنی پارتی و دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی لەسەر بەشێکی ناکۆکییەکان رێککەوتن، یەکێک لەو خاڵانە کاراکردنەوەی ئەم کۆمیسیۆنەی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان بوو بە هەمان پێکهاتەی حیزبەکانەوە کە ئێستا تێیدا هەیانە و ماوەکەیان بەسەرچووە، بەو مەرجەی ئازادبن لە گۆڕینی نوێنەرەکانیان. هەروەها لەسەر شێوازی هەڵبژاردن بۆ چوار بازنەیی و بە بنەماگرتنی تۆماری دەنگدەرانی عێراق رێککەوتن. هەرسێ خاڵەکە پێشتر پارتی لەسەریان ناڕازیی بوو، داواکاریی یەکێتی و بەشێکی زۆری لایەنەکانی دیکە بوون.
 
سەرەکیترین ناکۆکیی لەسەر هەڵبژاردن و هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن مابێتەوە 11 کورسییەکەی پێکهاتەکانە کە لە کۆی 111 کورسییەکەی پەرلەمانی کوردستان هەیانە،  یەکێتی و بەشێکی لایەنەکان داوا دەکەن دەنگدانی ئەوانیش فرەبازنەیی بێ، پارتیش دەیەوێ یەک بازنەیی بێت.
 
کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن
 
رۆژی 24-02-2022 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان فەرمانی هەرێمی بۆ دەستنیشانكردنی رۆژی هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان واژۆ كرد و رۆژی 01-10-2022 وەك رۆژی ئەنجامدانی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەستنیشانكرد، بەڵام ناکۆکیی سیاسیی نێوان پارتی و یەکێتی بووە هۆکاری بەڕێوەنەچوونی هەڵبژاردن لەو رێککەوتەدا.
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان جارێکتر و پاڵپشت بە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ژمارە 1ـی ساڵی 2005ـی هەمووارکراو، رۆژی 26ـی ئاداری 2023 بە مەرسومێک 18-11-2023ـی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان دیاریکرد.
 
ئێستا هەموو لایەنەکان داوای هەڵبژاردن دەکەن لەو کاتەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیاریکردووە، بەڵام روون نییە ئەم کۆبوونەوەیەی ئەمڕۆ دەبێتە دەستپێکێک بۆ رێککەوتنی کۆتایی لەسەر پرسی هەڵبژاردن و بەڕێوەچوونی لەو رۆژەدا، لەکاتێکدا کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە، ئەوان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەبێت شەش مانگ پێش بەڕێوەچوونی ئاگادار بکرێنەوە.