15 هەزار گوڵ لە شەقامەکانی هەولێر دەچێندرێن

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر دەڵێ، بەگوێرەی پلانی ساڵانەیان دەستیان بە چاندنی گوڵ لە شەقامەکاندا کردووە و "لە هەڵمەتێکدا 15 هەزار گوڵی قەدیفە" دەچێنن؛ دەشڵێ، رێژەی سەوزایی لە هەولێر 19.5%ـە و نەگەیشتووە بە ستاندارد.
 
رۆژی دووشەممە 8ـی ئایاری 2023، رێبین ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە پلانی ئەمساڵماندایە 100 هەزار نەمام و 250 هەزار گوڵ لە هەولێر بچێنین. لە چوارچێوەی ئەو پلانەدا دەستمانکردووە بە چاندنی 15 هەزار گوڵ".

 

 
گوڵەکان جۆری قەدیفەن؛ رێبین ئەحمەد دەڵێ، گوڵەکان لە تەواوی شەقامەکانی هەولێر دەچێندرێن، بەڵام شەقامێک بۆ شەقامێکی دیکە بەگوێرەی گرنگییەکەی جیاوازی دەبێ لە رێژەی چاندنەکەدا.
 
بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، هەڵمەتەکەیان بۆ زیاترکردنی رێژەی سەوزایی هەولێرە و گوتیشی: "ئێستا رێژەی سەوزایی لە هەولێر بەگوێرەی رووبەر 19.5%ـە، لەکاتێکدا رێژەی ستاندارد زیاترە لە 30%".

 

 
ئەندازەی پارکەکان سەر بە شارەوانیی هەولێرە. بەگوێرەی راگەیێندراوێکی شارەوانییەکە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە لەنێو هەولێر 77 هەزار و 389 گوڵ و نەمام لە 48 شوێندا چێندراون.
 
لە سنووری هەولێر رۆژانە 240 ئامێری جۆراوجۆر بەشداری لە هەڵمەتەكانی بڕینەوە و خزمەتكردنی ناوچە سەوزاییەكانی شارەکە دەکەن.