سیروان بارزانی: هیچ سەرپێچییەکمان نەکردووە و ناچار بکرێین لە دادگای نێودەوڵەتی سکاڵا تۆمار دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم دەڵێت، دادگای فیدڕاڵی بڕیاری دەرکردووە بۆ ئەوەی کۆڕەک 800 ملیۆن دۆلار وەکو سزا بداتە پەیوەندییەکانی عێراق. دەشڵێت، دەستەی پەیوەندییەکانی عێراق ئەو دادگایەی چەواشە کردووە، بۆیە تانە لە بڕیارەکە دەدەن، ئەگەریش کێشەکە چارەسەر نەبێت، لە دادگای نێودەوڵەتی سکاڵا تۆمار دەکەن.
رۆژی دووشەممە، 08-05-2023 سیروان بارزانی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "لە میدیاکان باس لەوە دەکرێت کە کۆڕەک تیلیکۆم لەلایەن دەستەی پەیوەندییەکانی عێراق غەرامەیەکی زۆر کراوە و ئەوان باسی ئەوە دەکەن، کۆڕەک قەرزدارە و پابەند نابێت بە حکومەتی عێراق، بەڵام ئەو قسانە زۆربەیان چەواشەکاریین".
دوای پرۆسەی ئازادی عێراق بڕیاردرا مۆڵەتی هەمیشەیی بدرێتە سێ کۆمپانیای مۆبایل و لە ئوردن لە زیادکردنی ئاشکرا کۆڕەک تیلیکۆم و ئاسیا سێڵ و زێن براوەی زیادکردنەکە بوون و مۆڵەتی هەمیشەییان پێدرا. بەپێی یاسا دەبووایە ئەو کۆمپانیایانەی لە زیادکردنەکەدا براوە نەبوون، کۆد و راژەی بەشداربووانیان بدەنە کۆمپانیا براوەکان.
رۆژی 23/03/2015 د. سەفادین رەبیع، سەرۆکی دەزگای جێبەجێکار لە کۆمیسیۆنی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق نووسراوی بۆ کۆمپانیای کۆرەک کردووە سەبارەت بە جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی تانە 4/2015، لە نووسراوکەدا هاتووە ئاماژەدان بە بڕیاری ئەنجوومەنی تانە ژمارە 4/2015 لە 02/03/2015 و پاڵپشت بەو داوایەی کۆمپانیاکەتان پێشکێشی کردووە، دوای تەواوبوونی هەژماردن بەپێی بڕیاری ئاماژە بۆکراو ئەو رێکارانە دەگرنەبەر: داواکردنی ئەو پارەی ماوەتەوە لە گرێبەستی مۆڵەتدانەکە کە بڕەکەی 370 ملیۆن دۆلارە و گەڕانەوەی کۆدی (970) بۆ کۆمپانیاکەتان. لە تۆماری دەستەی هەژماردن سەرجەم سوودە شایستەکان لەسەر گرێبەستی مۆڵەتدانەکەتان لادەبرێت لە ساڵی 2008وە تاوەکو 31/12/2014. لە هەژمارەکەتان کە لای ئێمە بە دۆلار کراوەتەوە سەرجەم سوودانەی لە رابردوودا دراونەتەوە لە بەرژەوەندی کۆمپانیاکەتان تۆمار دەکرێت، بەتایبەتی گرێبەستی مۆڵەتەکە کە بڕەکەی 97،285،388 دۆلارە، ئەمەش بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی تانە. پێبژاردەکانی دیکەش کە لەلایەن کۆمپانیاکەتانەوە دراون و لای ئێمە تۆمارکراون، ئەوا هیچ بڕە پارەیەک ناگەڕێنرێتەوە، بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی تانە کە لەسەرەوە هاتووە، چونکە ئەمە هیچ پەیوەندییەکی بە بابەتی گەڕان و لێکۆڵینەوە نییە.
سیروان بارزانی دەڵیت، موزایەدەکە ملیارێک و 250 ملیۆن دۆلار بوو، دەبووایە لە یەکەم رۆژەوە فریکوێنس بدرێت بە کۆڕەک تیلیکۆم بۆ کڕینی ئامێرەکان و دواتر کۆدی 0790 رادەستی کۆڕەک بکرێت، لەگەڵ ئەو سێ ملیۆن و 200 هەزار بەشداربووەی کۆمپانیای ئۆراسکۆمی عێراق لای بوو.
ئەنجوومەنی ئەمینداران لە کۆبوونەوەی 14/09/2014 بە کۆی دەنگ راسپاردەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە سکاڵای کۆمپانیای کۆرەک تیلیکۆمی پەسندکرد کە بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی ئەمینداران لە15/01/2014 پێکهێنرابوو.
بەڕێوەبەری گشتی کۆڕەک تیلیئکۆم پێیوایە، بە وەرگرتنی ئەو سێ ملیۆن و 200 هەزار بەشداربووە، کۆڕەک دەبووە گەورەترین کۆمپانیا لە عێراق، بەڵام لە یەکەم رۆژەوە دەستەی پەیوەندییەکانی عێراق رادەستکردنی فریکوێنسەکانی بۆ ماوەی شەش مانگ دواخست و دواتر بە شێوازێکی نایاسایی ئەو هاوبەشانەی کە کۆدەکەیان 0790 بوو درایە کۆمپانیای زێن و ئەمەش بازاڕی پەیوەندییەکانی لە عێراق بەتەواوەتی شێواند و دادپەروەری تێدا نەما، ئەو مۆڵەتەی کڕیبوومان، بۆ ئەوەبوو ئەو بەشداربووانەش بخرێنە سەر کۆڕەک تیلیکۆمەوە.
بەگوتەی سیروان بارزانی، ئێستا کۆمپانیای زێن دوو کۆدی هەیە، کە ئەوە لە هیچ یاسایەکی عێراقی و نێودەوڵەتیشدا نییە کۆمپانیایەکی پەیوەندی دوو کۆدی هەبێت و ئەوەی کە تاوەکو ئێستا بە ملیۆنان دۆلار قازانجی کردووە لەسەر حیسابی ئەو بەشداربووانەی کۆڕەک بووە کە بە نایاسایی دراوە بەو کۆمپانیایە.
بەڕێوەبەری کۆمپانیای کۆڕەک ئاماژەیدا، دوای بەدواداچوونی لیژنەیەک کە لە دەستەی پەیوەندییەکانی عێراق راسپێردرابوو، دادوەر بڕیاریدا لە دوای ساڵی 2014ەوە کۆرەک تیلیکۆم مافی خۆیەتی تاوەکو ئەم سێ ملیۆن و 200 هەزار بەشداربووە و کۆدی 0790ی بۆ نەگەڕێتەوە، پابەند نەبێت، هاوکات ئەو 370 ملیۆن دۆلارەی پارەی مۆڵەتەکە کە لای مابوو، نەیداتەوە و تەنانەت ئەو سووانەی هاتوونەتە سەر قەرزەکەش، نەدرێن. ئەو بڕیارە لەلایەن دادوەرێکی تایبەت بە پەیوەندییەکانی عێراقەوە دراوە.
حاتم ئەلقواستی، هاوبەشی جێبەجێکار لە کۆمپانیای ئەلقواسی و هاوبەشەکانی کە بارەگای سەرەکی لە عەممانی پایتەختی ئوردنە، رۆژی 06/01/2014 نووسراوی فەرمی بۆ دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق و د. سەفادین رەبیع کردووە لەبارەی خەمڵاندنی داهاتی چوارچێوەی 079، باس لەوەدەکات بەهۆی ئەوەی زانیاری تەواویان لەبەردەست نەبوو لەو ماوەی پێویستە داهاتی 079 هەژمار بکرێت، بۆیە کەی پی ئیم جی رێگەی جیاوازی بەکارهێناوە بۆ هەژمارکردنی داهاتی ژمارە 079، کە پشتی بەستاوە بە جۆری هاوبەش و ماوەکە.
سیروان بارزانی لەبارەی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی دەڵێت، دادگای فیدڕاڵی لەلایەن دەستەی پەیوەندییەکانی عێراقەوە چەواشەکراوە، لەبەر ئەوەی هیچ دادوەرێک ئەم جۆرە بڕیارە دەرناکات، تەنانەت کەسێک کە هیچ لە یاسا نەزانێت بڕیارێکی لەم شێوەیە نادات.
بەڕێوەبری کۆمپانیای کۆڕەک دووپاتیدەکاتەوە، پارێزەرەکانمان ناردووەتە بەغدا و پێمان راگەیاندوون کە ئەو بڕیارەی کۆڕەک پابەند دەکات بەوەی 800 ملیۆن دۆلار بدات، بەلای ئێمەوە جێی سەرسوڕمانە، بەڵام ئێمە لە رێگەی دادگا و حکومەتەوە کار لەسەر ئەم بابەتە دەکەین، لەبەر ئەوەی بڕیار لەلایەن دادگای پەیوەندیدارەوە لە بەرژەوەندیی ئێمە دەرچووە و دەبێت جێبەجێ بکرێت و دەستەی پەیوەندییەکانی عێراق جێبەجێی نەکردووە و تانە لە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵ دەدەین.
سیروان بارزانی گوتی، ئەگەر کێشەکە لە نێوخۆی عێراق چارەسەرنەبێت، ئێمە ناچاردەبین بچین لە دادگای نێودەوڵەتی سکاڵا تۆمار بکەین، بەڵام هیوادارین نەگاتە ئەو ئاستە و حکومەتی محەممەد شیاع سوودانی دەستوەردان بکات و ئەو کێشانە چارەسەر بکات کە 100٪ مافی کۆڕەکە.
بەڕێوەبەری کۆمپانیای کۆڕەک بەشداربووانی کۆمپانیاکەی دڵنیادەکاتەوە کە هەر بڕیارێک بدرێت ئەوان لێی زەرەرمەند نابن و دەڵێت، کۆمپانیای کۆڕەک نزیکەی حەوت ملیۆن بەشداربووی هەیە هەر بڕیارێک بدرێت و تەنانەت ئەگەر دەستەی کارگێڕیشی نەمێنێت، هیچ بەشداربوویەک زەرەرمەند نابێت.