بەرپرسیار؛ وردەکاریی کوژرانی خاوەنی پەلەوەرخانەکەی چەمچەماڵ بە "چەقۆ و چەکوش"

08-05-2023
عەدنان رەشید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

حوسێن ئەحمەدی تەمەن 53 ساڵ، ئێوارەی رۆژی یەکشەممە لەلایەن ئەو خێزانە عەرەبە کوژرا، کە 12 رۆژ بوو وەکو کرێکار لە پەلەوەرخانەکەی حوسێن کاریان دەکرد. برای حوسێن هۆکاری کوژرانی براکەی بۆ پارە گەڕاندەوە و دەڵێت: "دوای کوشتنیشی گوێچکە و لووتیان بڕیوە". ئەو کەسەی کە خێزانە عەرەبەکەی بە حوسێن ناساندووە، دەڵێت، هیچ کەسێک نەبووەتە کەفیلی ئەو خێزانە و خۆیان هاتوونەتە چەمچەماڵ.
 
رۆژی دووشەممە، 08-05-2023، عەدنان ئەحمەد، برای حوسێن ئەحمەد، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، وردەکاریی رووداوەکەی گێڕایەوە و گوتی: "حوسێن و کوڕەکەی لە پەلەوەرخانەکە خواحافیزییان لە خێزانەکە کردبوو، بەڵام بە بیانووی بوونی ئاگر لە بوتڵێکی پەلەوەرخانەکە بانگی حوسێنیان کردبوو، کاتێک حوسێن گەڕاوەتەوە یەکێک لە کوڕەکانی خێزانە عەرەبەکە حوسێنی قۆڵبەست کردووە."
 
خێزانە عەرەبەکە لە دایک، باوک، دوو کچ و دوو کوڕ پێکدێن. عەدنان دەڵێت: "دوای قۆڵبەستکردنی حوسێن، یەکێکیان بە بۆریی لە پشتی سەری دەدات، ئەوانی دیکە بە چەقۆ و دار و بۆڕی لێیدەدەن و هەر لەوێ گیان لەدەستدەدات". 
 
عەدنان درێژەی بە گێڕانەوەکە دا و گوتی: "کوڕەکەی حوسێن کاتێک دەبینێت باوکی ناگەڕێتەوە، دەچێتە نێو پەلەوەرخانەکە، باوکی بە لەشێکی خوێناوییەوە دەبینیێت شۆک دەبێت، رادەکاتە دەرەوە و دێتە سەر شەقامی سەرەکی سلێمانی-کەرکووک و ئۆتۆمبێلێک رادەگرێت و داوای یارمەتی دەکات."
 
وەک عەدنان ئەحمەد باسیدەکات، لەماوەی 24 کاژێر دوای رووداوەکە زانیاریی وردییان دەستکەوتووە و پەیوەندییان بە هاوپیشەکانی براکەی، هاوڕێکانی و براکەی کراوە و هێزە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەکانیان بەردەوامە.
 
برای حوسێن ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا خێزانە عەرەبەکە هەر بە کوشتنی حوسێن نەوەستاون و دەڵێت: "دوای کوشنی براکەم، گوێچکە و لووتیان بڕیوە و خۆم ڤیدیۆ و وێنەم گرت، بەلام ئەوە روون نەبووەتەوە ئایا لە کاتی تاوانەکە چەقۆ بەر براکەم کەوتووە و بڕاوە یان بەمەبەست گوێچکە و لووتیان بڕیوە".
 
گۆران محەممەد، کە پورزای حوسێن ئەحمەدە، رووداوەکەی بە جۆرێکی دیکە گێڕایەوە و بە رووداوی گوت: "رووداوەکە کاژێر حەوتی ئێوارە بووە، کاک حوسێن وەکو رۆژێکی ئاسایی چووەتە پەلەوەرخانەکان، لەسەر یەکێک لە ستاندەکان لای جوجکەکان" دانیشتووە و چاودێری جوچکەکانی کردووە و بە مۆبایلەکەی یاری کردووە، بەڵام ئەوان لەپشتەوە بە ئاسنێک کێشاویانە بە سەریدا دواتر بە چەقۆ لێیانداوە و کوشتویانە".
 
حەسەن ئەحمەد ساڵەیی، کە برای حوسێنە، گوتی: "کێشاویانە بەسەریدا و دواتر هەردوو شانیان شکاندووە، ئینجا حەوت بۆ هەشت چەقۆیان لێداوە، ئەوەی بەرامبەر ئەو کراوە تەنانەت دوژمنیش لە جەنگدا بەرامبەر دوژمنەکەی نایکات، زۆر بەداخەوە دوای کوشتنەکەی لووت و گوێیان بڕیوە".
 
ئیبراهیم ئەحمەد، هاوڕێ و هاوپیشەی حوسێن ئەحمەدە، چەند کاژێرێک پێش رووداوەکە لە پەلەوەرخانەکە و لای حوسێن بووە، دەڵێت: "ئەو کرێکارانە 12 رۆژ بوو لەوێ کاریان کرووە، نێوانیان ناخۆش نەبووە، لە حوسێنم دەپرسی؛ ئەو خێزانە چۆنن؟ دەیگوت؛ زۆ باشن. رۆژی رووداوەکە تاوەکو کاژێر 15:30 لەوێ بووم و دانیشتبوو لەگەڵ خێزانەکە و کولیچە و چایان دەخوارد، من گەڕامەوە، دوای کاژێر 19:00 زانیم شتێکی وا روویداوە".
 
خێزانەکە خەڵکی بەغدان و لە رێگەی هاوڕێیەکی حوسێنەوە کارەکەیان بۆ دۆزراوەتەوە.
بە گوتەی ئیبراهیم ئەحمەد، چەند کاژێرێک پێش رووداوەکە، مریشکفرۆشێک هاتووەتە پەلەوەرخانەکە و 13.5 ملیۆن دیناریان بە حوسێن داوە "بەڵام کرێکارەکان نەیانبینی". 
 
رەمەک رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ، لە بەرنامەی بەرپرسیار، پشتڕاستیدەکاتەوە کە ئەنجامدەری سەرەکی تاوانەکە، ئەو خێزانەیە کە لای حوسێن ئەحمەد کاریان کردووە و گوتی: "هیچ گومانی تێدا نیە کە ئەنجامدەری تاوانەکە خێزانەکەن کە ژن و پیاوێک و دوو کچ و دوو کوڕن".
 
قایمقامی چەمچەماڵ، گوتیشی: "سەرەداومان دەستکەوتووە و ناکرێت لە راگەیاندن باسبکرێت. دڵنیایی دەدەینە بنەماڵەی ئەحمەد و خەڵکی چەمچەماڵ تۆمەتباران دەستگیردەکرێن و رادەستی دادگە دەکرێن".
 
دادگەی چەمچەماڵ فەرمانی گرتنی بۆ هەموو تۆمەتبارانی رووداوەکە دەرکردووە. رەمەک رەمەزان گوتی: "شوێنی ئۆتۆمبێل و ئەنجامدەران هەڵگیراون و لە دادگە، پۆلیس و ئاسایش بەردەستن، ئیدارەی کەرکووک و حکومەتی عێراق و بازگەکان لە رووداوەکە ئاگادار کراونەتەوە".
 
ئەو کەسەی کە خێزانە عەرەبەکەی بە حوسێن ئەحمەد ناساندووە، لە بەرنامەی بەرپرسیار کە نەیویست ناو و شێوەی ئاشکرا بکرێت، گوتی: "حوسێن ئەحمەد دەناسم، داوای خێزانێکی لێکردم بۆ کاری پەلەوەرخانە، منیش بە کاک حوسێنم گوت؛ خێزانێکی وا هەیە و دەڵێن ئۆتۆمبێلی خۆمان هەیە، بەکەڵکت دێت؟ ئەویش گوتی: بەڵێ دەمەوێت. پەیوەندیم بە خێزانەکەوە کرد، ئەوانم لە قەرەهەنجیر بینی، پەیوەندیم بە کاک حوسێنەوە کرد و گوتم لەوێم، گوتی؛ کاک ئیبراهیمی هاوڕێم دەنێرم. من پەلەوەرخانەکەم نەبینیوە، داوای پارەم کرد، کاک حوسێن گوتی؛ وەرە قاعە، چوومە قاعەکە." 
 
ئەو کەسە رەتیکردەوە پێشتر ئەو خێزانەی ناسیبێت و گوتی: "هیچ کەسێک نەبووەتە کەفیلی خێزانە عەرەبەکە. دوای دەستبەکاربوونیان هیچ پەیوەندییەکیان نەکردەوە. ئەو خێزانە ناناسم و ناشزانم ناویان چییە".
 
سەبارەت بە هۆکاری کوشتنی براکەی لەلایەن ئەو خێزانە، عەدنان ئەحمەد، گومان دەکات بەهۆی پارەوە کوژرابێت و گوتی: "ئێمە بە دیاریکراوی نازانین چەند پارە بردراوە، وەک ئیبراهیمی هاوڕێی براکەم دەڵێت؛ 13.5 ملیۆن و نیو بووە. بەڵام لەسەر گۆڕستان دەیانگوت؛ 80 ملیۆن دینار بردراوە. نازانین پارەکە چەندە."
 
حوسێن ئەحمەد، باوکی پێنج منداڵە، پەلەوەرخانەکەی دەکەوێتە گوندی گورگەیی چاوسوور بە دووری 5 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژهەڵاتی چەمچەماڵ. تەنیا دوو رۆژ بوو جوجکەی نوێی بۆ پەلەرخانەکە هێنابوو و دەستی بە بەرهەمهێنانی وەجبەیەکی نوێی مریشک کردبوو.
 
تۆمەتباران ئۆتۆمبێلێکی جۆری شۆفرلێت کاپرێس کە لە نێو خەڵکدا دۆلفینی پێدەگوترێت، پێبووە، ئۆتۆمبێلەکە مۆدێلی ساڵی نەوەدەکان و رەنگی شین بووە، دواجاریش کە لەکامێراکانی چاودێری دەرکەوتوون شەش کەسی تێدابووە. تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، دەستگیرنەکراون و لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە بەردەوامە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

زیارەتکارانی شیعە بەرەو کەربەلا دەچن. وێنە: هەڵکەوت عەزیز - رووداو

هاتووچۆی زیارەتکارانی شیعە لە سنوورەکانی میهران و خوسرەوی زیادیکردووە

بەرپرسانی هەردوو دەروازەی سنووریی میهران و خوسرەوی کە دەکەونە پارێزگاکانی ئیلام و کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، رایانگەیاند: "هاتووچۆی زیارەتکارانی شیعە بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمەکانی شینگێڕانی ئیمام حوسێن لە عێراق زیادیکردووە."