ئەمریکا و بەریتانیا کۆبوونەوەکەی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی بەرز دەنرخێنن

08-05-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمریکا و بەریتانیا کۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و جێگرەکەی بەرز دەنرخێنن و هیواخوازن ببێتە هۆکاری چارەسەرکردنی ناکۆکییە نێوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان.
 
باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک لە تویتێکدا بە نووسینی هاشتاگی "#گفتوگۆ،" کۆبوونەوەی مەسروور بارزانی و قوباد تاڵەبانی بە "هەنگاوێکی مەزن" ناوبردووە.
 
هاوکات ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا لە تویتێکدا دەڵێت، "ستایشی سەرکردایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکەم، کە پێکەوە دەستیان بە چارەسەرکردنی کێشەکان لە رێگەی گفتوگۆوە کردووە."
 
دیپلۆماتە ئەمریکییەکە دەشڵێت، "وڵات هەمووی سوودمەند دەبێت کاتێک سەرنجی سەرکردەکانی لەسەر پێداویستیی خەڵکەکە بێت. با سوود لەم دەرفەتە وەربگرین بۆ هەنگاونان بەرەو پێشەوە."
 
هاوکات رۆزی کەیڤ، کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر لە راگەیێندراوێکدا کە لە فەیسبووک بڵاوکراوەتەوە دەڵێت، "خۆشحاڵم کە بینیم ئەمڕۆ، سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکوەزیران کۆبوونەوە. ئەوە هەنگاوێکی سەرەتایی گرنگە بۆ پێشكەوتن لەسەر پرسە سەرەکییەکان لە رێگەی گفتوگۆی بنیاتنەرەوە."
 
کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر ئاماژەی بەوەش کردووە، "حکومەتێکی یەکگرتووی هەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندیی هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراقدایە."
 
دیپلۆماتە بەریتانییەکە هیوا دەخوازێت "ئەمە سەرەتای پڕۆسەی ئاشتەوایی و پێکەوەکارکردن بێت کە رێگە بە حکومەت بدات کاریگەرانە کار بکات و کار بۆ هەموو هەرێمەکە بکات."
 
دوای زیاتر لە شەش مانگ، بە هەوڵە بەردەوامەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە و بەهێزکردنەوەی یەکڕیزی لەنێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستان بەگشتی و پارتی و یەکێتی بەتایبەتی، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کۆبوونەوە.
 
لەبارەی کۆبوونەوەکەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "لە کەشێکی ئەرێنیدا تاوتوێی کێشە و گرفتە دارایی و ئیدارییەکانی بەردەم حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا و هەردوولا کۆک بوون لەسەر چارەسەریی گشت کێشەکان بە رێگەی گفتوگۆ و هاوکاریی نێوان گشت کوتلە وەزارییەکانی ناو کابینە."
 
لە راگەیێندراوەکەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە، "تیشك خرایە سەر دوا دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە و جەخت لەسەر پاراستنی تەبایی و یەکڕیزیی ناوخۆیی کرایەوە، لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانی و مافە دەستوورییەکانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان."
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا لە بارەی کۆبوونەوەکە نووسیویەتی: "خۆشحاڵبووم کە ئەمڕۆ میوانداریی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانم کرد بۆ نیوەڕۆخوانێک،" دەشڵێت: "بە گیانی گفتوگۆی بنیاتنەر و کراوە، پرسەکانی نێو حکومەتمان تاوتوێکردن و لەسەر رێگەکانی هەنگاونان بەرەو پێشەوە، رێککەوتین."
 
جێگری سەرۆکوەزیرانیش لە تویتێکدا دەڵێت، "ئەمڕۆ نیوەڕۆخوانێکی خۆش و بەرهەمدارم لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هەبوو."
 
قوباد تاڵەبانی باسی لەوەش کردووە، "پێکەوە، ئێمە یەکگرتووین بەو بیروباوەڕەی کە دەتوانین بەسەر ئاستەنگەکانماندا زاڵبین، بەرەو باشتر خزمەتکردنی هاووڵاتییەکانمان کاربکەین و بە رووی ئەو هەڕەشە زۆرانەی رووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەبنەوە بە بەهێزی بمێنینەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

راماڵینی بەفر لە سەر رێگای سەرەکیی زینی وەرتێ لە ناحیەی وەرتێ- قەزای رواندز.

رێگەی زینی وەرتێ کرایەوە و کێلێ بە داخراوی ماوەتەوە

دوای داخستنی بەهۆی بەفرەوە، رێگەی زینێ وەرتێ لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کرایەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا دەروازەی کێلێ لە ئیدارەی راپەڕین بە رووی هاتووچۆی شۆفێراندا ئاسایی نەبووەتەوە.