وردەکاریی دەستدرێژی بۆسەر ژنێک لە گۆیژەی سلێمانی و دەستگیرکردنی دوو تۆمەتبار

08-05-2023
نزار جەزا
وێنەی دوو تۆمەتبارەکە و ساتی دەستدرێژیکردنە سەر ژنەکە و ئازاردانی
وێنەی دوو تۆمەتبارەکە و ساتی دەستدرێژیکردنە سەر ژنەکە و ئازاردانی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

پۆلیسی سلێمانی دوو کەس بە تۆمەتی‌ سووکایەتی و دەستدرێژی بۆسەر ژنێک دەستگیر دەکات. دوو کوڕەکە ژنەکەیان بردووەتە چیای گۆیژە و ویستوویانە دەستدرێژی بکەنە سەری.
 
رۆژی دووشەممە 8ی ئایاری 2023 پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، رۆژی شەممە 06-05-2023 دوو کوڕ لە سلێمانی بە تۆمەتی دەستدرێژیکرنە سەر ژنێک دەستگیر کراون، ژنەکەیان بردووەتە چیای گۆیژە بۆئەوەی دەستدرێژی بکەنەسەری و کاتێک رەتیکردووەتەوە خۆی بەدەستەوە بدات، هەر لەوێ پەلاماریان داوە.
 
ئەو دوو کوڕە خۆیان ڤیدیۆی ساتی هەراسانکردن و ئازاردانی ژنەکەیان گرتووە، کە تێیدا دەردەکەوێت تەقەشی بەسەردا دەکەن.
 
پۆلیسی سلێمانی گرتە ڤیدیۆکەی بڵاوکردووەتەوە و گوتەبێژەکەی دەڵێت، "بەهۆی هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە ڤیدیۆیانە چەندین ئافرەت خۆیان کوشتووە."
 
دوای دەستگیرکردنی هەردوو تۆمەتبارەکە دەرکەوت، پێشتر ئەم ژنە چەند جارێکی دیکە لەلایەن ئەم کەسانەوە سوکایەتی پێکراوە و هەڕەشەی لێکراوە.
 
تۆمەتبارەکان و ژنەکەش کوردن و خەڵکی شاری سلێمانین، کە هەرسێکیان تەمەنیان لەنێوان 23 بۆ 26 ساڵیدایە. تۆمەتبارەکان بە بڕیاری دادوەر راگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.
 
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە رووداوی گوت، "ئەم کچ و کوڕە یەک دەناسن. جاری دیکەش بەیەکەوە چوونەتە دەرەوە، رەنگە بۆ نانخواردن و ئەملاولا چووبێتن." گوتیشی، هەردوو کوڕەکە بە چەند تۆمەتێک دەستبەسەر کراون و "رەنگە کام تاوان قورس بێت، بەوە جارێ رێوشوێن بەرامبەریان بگیرێتەبەر."
 
دەستپێکی ئەم دۆسیەیە خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندییە کە لە ساڵی 2022دا 460 دۆسیە لە پارێزگای سلێمانی تۆمار کراون، دواتر لە لێکۆڵینەوەکاندا دەردەکەوێت چ دۆسیەیەکی دیکە لەلایەن دادوەرەوە بۆ ئەو دوو کەسە دەکرێتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە