دابەشکردنی 'هێلکەکەی رەمەزان' گومانی دروستکردووە؛ 'بەشێکیان بۆنیان دێت و کرمی تێدا بیندراوە'

 
رووداو - سلێمانی

دابەشکردنی هێلکە لە بریکارەکانی خۆراک، گومانی لای وەرگرەکانی دروستکردووە، چونکە بەشێکیان بەرواری بەسەرچوونیان لەسەر نییە. حاجی خاوەر لە هەواڵەکان بیستوویەتی کە ئەو هێلکەی لە بریکارەکان دابەشدەکرێت گومان لە تێکچوونی هەیە و دەڵێت، "بە رێگە کۆنەکەی خۆمان تاقیی دەکەمەوە، ئینجا بەکاریان دەهێنم."
 
خاوەر ساڵح، خانەنشین دەڵێت، "هێلکەکەم وەرگرت دەیبەمەوە ماڵەوە و دەیکەمە سەتڵێک ئاو، دەبێت ئاوەکە لە هێلکەکە زیاتر بێت، دواتر ئەگەر سەرئاو کەوت ئەوە پیس بووە و نایخۆین، وا نەبوو ئەوە جوان ئاوە چۆڕی دەکەم و دەیخەمە سەلاجە و دەیخۆین."
 
بریکارەکانی دابەشکردنی خۆراک لە سلێمانی و گەرمیان داوا دەکەن پێش تێکچوونی هێلکەکان خەڵک بچن وەریبگرن.
 
حاجی حەمید مەجید یەکێکە لەو بریکارانەی گەرمیان کە هێلکەی بێ بەرواری دەرچوونی و بەسەرچووی بۆ چووە، چوار رۆژە تەلەفۆنکردن بووە بە بەشێک لە کارەکەی، بە وەرگری خۆراکەکانی دەڵێت، هەرچی زووە بچن هێلکەکانیان ببەنەوە.
 
ئەو بریکارەی خۆراک لە گەرمیان دەڵێت، "هێلکەکە دەهێنن، خەڵکی هەیە لە لادێیە، بە هەفتەیەکیش ناتوانێت بێت وەریان بگرێت، ئەوە تێکدەچێت. ئێمە نە بەڕاد و نە سەلاجە، هیچمان نیە؛ تێکدەچێت و دەیبەین لە کۆگا دایدەنێین بۆئەوەی تێکنەچێت، دەبێت 10 هەزار دیناریش بدەین بە تاکسی تاوەکو بیهێنینەوە."
 
عارف قادر، بریکاری دابەشکردنی خۆراک لە سلێمانی دەڵێت، "داواکارین هەرچی زووە خەڵک بێت وەریبگرێت، چونکە تێکدەچێت زوو نەیەن زوو وەرن لە سوودی هەموومانە."
 
بەپێی بەدواداچوونەکانی کاسترۆ مەعروف، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، ئەو هێلکەیەی کە بڕیار بوو مانگی رەمەزان دابەشبکرێت و ئێستا دابەش دەکرێت، "مەترسیدارە، چونکە هیچ رێککەوتێکی لەسەر نییە، بەشێک لە هێلکەکان بۆنی دێت و بەشێکیان خراپ بوون و کرمی تێدا بیندراوە."
 
کاسترۆ مەعروف ئاماژەی بەوە کرد، "دەبێت وەزارەتی بازرگانی و تەندروستی بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە بکەن، چونکە ناکرێت بە ترێلە هێلکە بێنیت بۆ سلێمانی و کوردستان و کەس نەزانێت هی کوێ و چییە. بەپێی بەدواداچوونەکانی ئێمە، هێلکەکان بەشێکیان تێکچوون و کرمیان تێدا بووە."
 
هەرچەندە بەشێک لەو هێلکانەی دراون بە خەڵک رێکەوتیان لەسەر نییە و گومانی خراپبوونی هەیە، بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراک لە سلێمانی رەتیدەکاتەوە هێلکەی بێ رێککەوتیان دابەشکردبێت و داوا لە هاونیشتمانییان دەکات هەر کەسێک هێلکەی خراپ و نەشیاوی وەرگرت سەردانیان بکات و بۆی بگۆڕن. گوتیشی، گەر بەروار لەسەر هێلکەکە نەبێت، لەسەر کارتۆنەکانیان هەیە.