کۆمەڵەی تالاسیمیا: نزیکەی چوار هەزار تووشبووی تالاسیمیا لە هەرێمی کوردستان هەن

رووداو - هەولێر

لە هەرێمی کوردستان نزیکەی چوار هەزار توشبووی تالاسیمیا هەن. مانگانە بە تێکڕا هەر توشبویەک زیاتر لە 300 هەزار دینار دەرمانی پێویستە. تووشبووانی نەخۆشییەکەش دەڵێن توانای کڕینی دەرمانی پێویستیان نییە. لە رۆژی جیهانیی تالاسیمیادا منداڵانی قوتابخانەیەکی هەولێر دیارییان بە منداڵانی تووشبووی تالاسیمیا بەخشی.
 
ئەژین قادر تووشبوویەکی تالاسیمیایە، تەمەنی 31 ساڵە و لە تەمەنی 6 ساڵییەوە خوێن وەردەگرێت، بەهۆی نەبوونی دەرمان لە کاتی پێویست ساڵ بە ساڵ دۆخی تەندروستی خراپتر دەبێت.
 
ئەژین دەڵێت، "گرفتی سەرەکیمان دەرمانە، چونکە ئەو دەرمانە کە وەریدەگرین بۆ کەمیی ئاسن مانگێک هەیە و چەن مانگ نییە، لە دەرەوە هەیە بەڵام گرانە قووتوویەک بە 50 هەزارە و من سێ قوتووم لە مانگێکدا پێویستە و مووچەی خۆم 150 هەزار دینارە چۆن فریای خەرجییەکانی ژیانمان بکەوین."
 
حکومەت مانگانە 150 هەزار دینار بە هەر توشبویەکی تالاسیمیادەدات، بەڵام بەشی ئەو بارە گرانە ناکات لەسەر شانیانە. 
 
ئارین کاکەیی، بەڕێوەبەری سەنتەری تالاسیمیای هەولێر ، پرۆسەی پشکنین و رەزامەندیی بەغدا لەسەر ناردنی دەرمان بە هۆکاری کەمی دەرمان دەزانێت.
 
بە پێی ئاماری کۆمەڵەی تالاسیمیا  لە باشووری کوردستان نزیکەی چوار هەزار تووشبووی تالاسیمیا هەن، بەمشێوەیە: سلێمانی هەزار و 300، هەولێر هەزار و 69، دهۆک هەزار و 161، کەرکووک هەزار و 158 و هەڵەبجە 35 تووشبووی تالاسیمیا هەن. 
 
گرنگترین رێگای پێشگیری لە تووشبوون بە تالاسیمیا پشکنینی پێش هاوسەرگیرییە.
 
هەندرێن جاف، بەڕێوەبەری کارگێڕیی سەنتەری هاوسەرگیری لەو بارەیەوە دەڵێت، "ئەگەر لە کاتێکدا هەردوولا هەڵگری سیفەتەکانی تالاسیمیا بن، ئەوە پزیشکی پسپۆڕ بڕیار دەدات و رێنماییان دەکات تا لەداهاتوودا نەوەکانیان تووشبووی نەخۆشی تالاسیمیا نەبن". 
 
لە رۆژی جیهانی تالاسیمیا چەندین سمینار و کۆنفراس بۆ یادکردنەوەی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری و پشکنینی پێشوەختە گرینگترین تەوەری کۆڕەکان بوون.