دوای هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی کۆبوونەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

رۆژی 02-03-2023  نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، "ناکۆکیی سیاسی هەموو لایەکی ماندوو کردووە، بەڕاستی خەڵکیشی ماندوو کردووە، پێموایە کاتی هاتووە کە دەبێت ئەم کێشانە چارەسەر بکرێن." دوای زیاتر لە دوو مانگ لەو گوتانەش ئێستا کێشەکان بەرەو چارەسەر دەچن و ماندووەکانیش بەرەو حەسانەوە.
 
دوای زیاتر لە شەش مانگ، بە هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی پارتی و یەکێتی، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کۆبوونەوە. کۆکردنەوەی سەرۆکوەزیران و جێگرەکەی، هەنگاوی یەکەمی هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو.
 
رۆژی 15-03-2023  نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "پێموایە کێشەکان ئەوەندە گەورە نین کە چارەسەر نەکرێن، پێموایە دەبێت تیمی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بگەڕێتەوە بۆ ناو حکومەت، ئەگەر هەر کێشەیەک هەیە دەتوانن لەناو حکومەت قسەی لەسەر بکەن و بۆ هەموو کێشەکان چارەسەر دابنێن، لە دەرەوەی حکومەت هیچ ئەرێنی نییە؛ دەبێت بگەڕێنەوە بۆ حکومەت و دەتوانین لەوێ کێشەکان چارەسەر بکەین."
 
بەپێی راگەیێندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆک و جێگری سەرۆکوەزیران لە کەشێکی ئەرێنیدا تاوتوێی کێشە و گرفتە دارایی و ئیدارییەکانی بەردەم حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کردووە و هەردوولا کۆک بوون لەسەر چارەسەری گشت کێشەکان بە رێگەی گفتوگۆ و هاوکاریی نێوان گشت کوتلە وزارییەکانی ناو کابینە."
 
کۆبوونەوەکە لەسەر داوای مەسرور بارزانی بووە، رووداو زانیویەتی کە بۆ خوانی نیوەڕۆ، قوباد تاڵەبانی میوانی مەسرور بارزانی بووە و هەر لەو دانیشتنەدا قوباد تاڵەبانی بۆ رێوڕەسمی کردنەوەی مۆزەخانەی بارزانیی نەمر بانگهێشت کراوە.