حەوت پەرلەمانتارەکەی کۆمەڵ نامەی دەستلەکاركێشانەوەیان پێشکێشی پەرلەمان کرد

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای هەفتەیەک و لەسەر بڕیاری ئەنجوومەنی گشتیی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، حەوت پەرلەمانتارەکەی ئەو حیزبە لە پەرلەمانی کوردستان دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان پێشکێشی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کرد. بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمان رێکارەکانی دوای پێشکێشکردنی نامەی دەستلەکارکێشانەوەکان رووندەکاتەوە.
 
رۆژی دووشەممە 08-05-2023 لەسەر بڕیاری ئەنجوومەنی گشتیی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان کە هەر سێ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، ئەنجوومەنی دامەزرێنەران و ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن و رێکخستن لەخۆدەگرێت، حەوت پەرلەمانتاری ئەو حیزبە وەکو پابەندبوونێک بە بڕیارەکانی سەرکردایەتیی حیزبەکەیان، نامەی دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان پێشکێشکی د. رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کرد.
 
حەوت پەرلەمانتارەکە بە حەوت نووسراوی جیا کە رێکەوتی 08-05-2023ی بەسەرەوەیە، بە یەک تایتڵ و ناوەڕۆکەوە و بە واژۆی خۆیانەوە حەوت نامەی دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکێکشی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کردووە.
 
حەوت پەرلەمانتارە دەستلەکارکێشاوەکەی کۆمەڵ پێکدێن لە: عەبدولستار مەجید، سەرۆکی فراکسیۆن؛ هەورامان حەمەشەریف رەشید، رووپاک ئەحمەد رەحمان، عوسمان عەلی، بەدرییە ئیسماعیل مەحموود، عومەر عەبدوڵڵا فەتاح و موسلیم عەبدوڵڵا رەسووڵ.
 
پەرلەمانتارەکان لە نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەیاندا نووسیویانە، "پاڵپشت بە بڕگەی دووەم لە مادەی 25 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، داواکارم لە بەڕێزتان دەستلەکارکێشانەوەم وەکو ئەندام لە دامەزراوەی پەرلەمانی کوردستان وەربگرن و بیخەنە بەرنامەی کار بۆ پەسندکردنی بەپێی رێکاری پەیڕەوی تایبەت بە قبووڵکردنی دەستلەکارکێشانەوە."
 
سامان ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی رێکارەکانی دەستلەکارکێشانەوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوای پێشكێشکردنی نامەی دەستلەکاركێشانەوەکە، دەبێت سەرۆکایەتیی پەرلەمان بیخاتە کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت و پەسند بکرێت، دوای پەسندکردنی، سەرۆکایەتیی پەرلەمان داوا لە کۆمیسیۆن دەکات شوێنگرەوەی ئەو پەرلەمانتارانەی بۆ بنێرێت بۆئەوەی لە شوێنی ئەوان دەستبەکاربن."
 
رۆژی دووشەممە 01-05-2023 عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی کشانەوەی نوێنەرانیان لە پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان و حکومەتی خۆجێیی سلێمانی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە: "لای هەموو لایەک ئاشکرایە لە سۆنگەی دواخستنی هەڵبژاردنەکان و بە ناچاری درێژکردنەوەی تەمەنی دامەزراوەکانەوە لەکەیەکی گەورە لەسەر کۆی پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان پەیدا بووە و ترسی جیددیش بەهۆی کێشە و قەیرانەکانەوە لەسەر قەوارەکە دروست بووە."
 
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان حەوت ئەندامی لە پەرلەمانی کوردستان هەیە، دوو ئەندامی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و ئەندامێکی لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر هەیە. قایمقامی قەزای ماوەت لە پارێزگای سلێمانی و بەڕێوەبەرانی ناحیەکانی ئیسێوە لە ئیدارەی راپەڕین، باوەنوور لە گەرمیان، ئاغجەلەر لە چەمچەماڵ و سیروان لە هەڵەبجە سەر بە کۆمەڵی دادگەرین. جگە لەوەش بەڕێوەبەری گشتیی چاودێریی کۆمەڵایەتی لە سلێمانی و جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی لە پشکی کۆمەڵن.