رووداو دیجیتاڵ
کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی داوا دەکەن مووچەکانیان بخرێتە سەر عێراق و پەرلەمانتارێکی کوردیش لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، لە رێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت ئاماژە بە هەموارکردنەوەی یاسای وەزارەتی شەهیدانی عێراق کراوە بۆئەوەی مافی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی تێدا بگونجێندرێت و ئێستا پڕۆژەیاساکە لە ئەنجوومەنی وەزیرانە.
رۆژی یەکشەممە 07-05-2023 بەرنامەی "لەگەڵ رەنج"ی تۆڕی میدیایی رووداو بە میوانداریی ئەحمەد مام رەسوول، بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزارییەكانی كەسوكاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی؛ سەوسەن محەممەد، سەرۆكی لیژنەی كاروباری شەهیدان لە پەرلەمانی كوردستان؛ شوان محەممەد، ئەندامی لیژنەی شەهیدانی پەرلەمانی عێراق؛ عەلی محەممەد، سەرۆكی كۆمكاری زیندانییە سیاسییەكانی كوردستان؛ بەهادین عەزیز، جێگری سەرۆكی كۆمكاری زیندانییە سیاسییەكان و سابیر خۆشناو، سەرۆكی رێكخراوی كیمیاباران و ئەنفالكراوەكان تاوتوێی پرسی مووچەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسییان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە کرد.
دەستووری عێراق
مادەی 132ی دەستووری عێراق، حکومەتی فیدراڵیی عێراقی پابەند کردووە بە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی و سەرجەم زەرەرمەندانی دەستی دەسەڵاتی بەعس.
ئەحمەد مام رەسوول، بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزارییەكانی كەسوكاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی باس لەو هەوڵانە دەکات کە وەکو وەزارەتی شەهیدان لەو پێناوەدا داویەتی.
بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزارییەكانی كەسوكاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی دەڵێت، "ساڵانی 2018 و 2019 بە سەرۆکایەتیی شاندێکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدامان کرد بۆ وەرگرتنی ماف و ئیمتیازاتی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لە چوارچێوەی دەستووری عێراق و رێککەوتنێکی کۆنکرێتیمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیدا کرد."
دوای رێککەوتنەکە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان نووسراوێک ئاراستەی پەرلەمان دەکەن بۆ هاوتاکردنی ماف و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان لەگەڵ عێراق و پەرلەمان بڕیاری ژمارە 26ی ساڵی 2018 دەردەکات، کە تێیدا هاتووە: "هاوتاکردنی ماف و ئیمتیازات و شایستە داراییەکان لە بوارەکانی کارگێڕی و دارایی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق جێبەجێ بکرێت."
بە گوتەی ئەحمەد مام رەسوول، دوای دەرکردنی بڕیاری پەرلەمانی عێراق، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری ژمارە 98ی دەرکرد بۆئەوەی لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق دروستبکرێت بۆ کارکردن لەسەر دۆسیەکانیان.
"کاری لیژنەکان بە خاوی بەڕێوەدەچێت"
سەوسەن محەممەد، سەرۆكی لیژنەی كاروباری شەهیدان لە پەرلەمانی كوردستان پێیوایە ئەو لیژنانەی لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بۆ پێداچوونەوە بە دۆسیەی زیندانیانی سیاسی پێکهاتوون، "کارەکانیان بە خاوی بەڕێوەدەبەن."
سەرۆكی لیژنەی كاروباری شەهیدان لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، "لە پەرلەمانی کوردستان یاسای چاکسازیمان هەموار کردەوە بۆ ئەوەی لیستەکان لە ناوی زیندانیانی سیاسی و شەهیدانی ناڕاستەقینە پاکبکەینەوە، بەڵام ئێستاش گرفتی زۆر گەورە لەبەردەم لیژنەکان هەیە."
حکومەتی هەرێمی کوردستان 25 هەزار و 250 زیندانی و راگیراوی سیاسیی هەیە، کە لەمانە 5175یان مووچەی زیندانیان و راگیراوانی سیاسییان وەرگرتووە و 18 هەزار کەسیان چاوەڕوانی وەرگرتنی مووچەن.
سەوسەن محەممەد ئاماژەی بەوە کرد، "گلەیی زۆرمان لەو لیژنەیە هەیە کە لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان بۆ پێداچوونەوە بە دۆسیەی زیندانیان و راگیراوانی سیاسی دروستکراوە، لەبەرئەوەی کارەکانیان زۆر بە خاوی بەڕێوەدەچێت."
"جیاوازی لەنێوان کەسوکاری شەهیدانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکرێت"
شوان محەممەد، ئەندامی لیژنەی شەهیدانی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، لە بەغدا بە یەک چاو سەیری قوربانیانی دەستی دەسەڵاتی بەعس لە هەرێمی کوردستان و عێراق ناکرێت و بۆ ئەوەی قەرەبووی کورد نەکرێتەوە، چەندین رێگەی "فێڵی یاسایی دەدۆزنەوە و شرۆڤەی جیاواز لە دەقە یاساییەکان دەکەن."
ئەو پەرلەمانتارە کوردەی پەرلەمانی عێراق پێشنیاز دەکات هەرێمی کوردستان بۆردێکی یاسایی بەهێزی لە بەغدا هەبێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو تەوژمە.
شوان محەممەد بە باشی دەزانێت مووچە و شایستە داراییەکانی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسیی هەرێمی کوردستان بچێتە سەر بەغدا و دەڵێت، مووچەی ئەوان سێ هێندەی ئەو مووچەیەیە لە هەرێمی کوردستان دەدرێت.
ئەو ئەندامەی لیژنەی شەهیدانی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "داوای فەرمیمان لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە بۆئەوەی مووچەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی بچێتە سەر بەغدا، ئەویش نامەکەی ئاراستەی وەزارەتی شەهیدانی عێراق کردووە و ئەوانیش بە پشتبەستن بە بڕیاری دادگەی فیدراڵی وەڵامیان داوەتەوە کە ناکرێت ئەوان لە یەک کاتدا لە دوو یاسا سوودمەندبن."
بە گوتەی شوان محەممەد، مووچەی کەسوکاری ئەنفالکراوێک یان زیندانییەکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان 400 هەزار دینارە، بەڵام مووچەی ئەو توێژە لە وەزارەتی شەهیدانی عێراق یەک ملیۆن و 200 هەزار دینارە.
هەمواری یاسای شەهیدانی عێراق
لە رێککەوتنی نێوان کورد و لایەنەکانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، یەک لە خاڵەکان هەموارکردنەوەی یاسای شەهیدانە. شوان محەممەد دەڵێت، ئێستا ئەو پڕۆژەیاسایە لە پەرلەمانەوە گەڕێندراوەتەوە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق.
ئەندامەکەی لیژنەی شەهیدانی پەرلەمانی عێراق دووپاتیدەکاتەوە، کاتێک دانوستاندن بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق دەستیپێکرد، هەمواری یاساکە لە پەرلەمان بوو؛ سوودانی پڕۆژەیاساکەی لە پەرلەمان کشاندەوە بۆئەوەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کاری لەسەر بکەن و دواتر رەوانەی پەرلەمان بکرێتەوە.
عەلی محەممەد، سەرۆكی كۆمكاری زیندانییە سیاسییەكانی كوردستان دەڵێت، یاسا کۆمەڵێک ماف و ئیمتیازی بۆ زیندانیانی سیاسیی هەرێمی کوردستان دەستنیشان کردووە کە واژۆی سەرۆک بارزانیشی لەسەرە، بەڵام ئەو مافانە وەکو خۆیان دەستەبەر نەکراون.
بە گوتەی عەلی محەممەد، "یاسای ژمارەی 11ی ساڵی 2011 کە ئەوکات سەرۆک مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو واژۆی لەسەر کرد. کۆمەڵێک ماف و ئیمتیازات دراوە بە زیندانیانی سیاسی، لەوانەش پێدانی 20 ملیۆن دینار وەکو سولفە و مافی سەفەر، مینحە و چارەسەری نەخۆشی و خوێندن، کەچی بەشێکی زۆری ئەو مافانەی یاساکە دیاریی کردووە، بە زیندانیانی سیاسی نەدراون و مافیان خوراوە."
سەرۆكی كۆمكاری زیندانییە سیاسییەكانی كوردستان گوتیشی، "سەرەتا کە یاسای چاکسازی دەرچوو، مینحەی هەموویان بۆ ماوەی نزیکەی حەوت مانگ بڕا، دۆخەکە وای لێهات هەندێک لە زیندانیانی سیاسی لە شەقام قوتوویان کۆدەکردەوە؛ تاوەکو ئەوەی چووینە وەزارەت و گوتمان ئەگەر بەم شێوەیە بڕوا هەموومان دەبێت دەستبکەین بە کۆکردنەوەی قوتوو بۆئەوەی بتوانین بژین."
بەهادین عەزیز، جێگری سەرۆكی كۆمكاری زیندانییە سیاسییەكان رەخنە لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان دەگرێت و پێیوایە، هەڵەی وەزارەت ئەوە بوو کە سەرجەم مینحەی زیندانیانی سیاسیی راگرت، لە کاتێکدا یاسا هەموارکراوەکە دەڵێت، نابێت ئەوانەی یەک مووچەیان هەیە مینحەکەیان رابگیرێت، بەڵام وەزارەت سەرجەمیانی بەیەکەوە راگرت.
جێگری سەرۆكی كۆمكاری زیندانییە سیاسییەكان دەشڵێت، "لە کۆی ئەو 5216 زیندانییە سیاسییەی مینحەیان بۆ بەستراوە، دوای پێداچوونەوە و وردبینی 70 بۆ 72 کەسیان تانەیان لەسەر بووە؛ لە یاساکەدا دەڵێت دەبێت مینحە و مووچەی ئەو زیندانییە سیاسییەی پشتڕاست دەکرێتەوە، هاوتا بێت لەگەڵ زیندانییەکی سیاسی لە عێراق، بەڵام وەزارەت نەهاتووە کار بەو یاسایە بکات."
چیرۆکی قوربانیانی چەکی کیمیایی
سابیر خۆشناو، سەرۆكی رێكخراوی كیمیاباران و ئەنفالكراوەكان گوتی، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 45 برینداری کیمیاباران لە دۆڵی بالیسان بیناییان لەدەستداوە لەبەرئەوەی چیدیکە نەنێردراونەتە دەرەوە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی و بە سەتان کەسی دیکەش لە هەڵەبجە تووشی ئەو کارەساتە بوون.
سابیر خۆشناو چیرۆکی ئەو کچە باس دەکات کە وێنەکەی کردووە بە لۆگۆی رێکخراوەکەی و دەڵێت، "تەمەنی شەش بۆ حەوت مانگ بووە کە ناوچەکەیان کیمیاباران دەکرێت، لەو کاتەدا باوکی پێشمەرگە بووە لە شاخ، داپیرە و باپیری و دایکی رادەکەن و لەگەڵ خۆیان دەیبەن بۆ ئەشکەوتێک لە پشتی شێخ وەسان و سێ شەو و رۆژ لەو ئەشکەوتە بە برسێتی دەمێننەوە، دواتر شوانێک دەیاندۆزێتەوە و لەگەڵ خۆی دەیانبات بۆ گوندی سیساوە، بەڵام بەر لەوەی بگەنە سیساوە، لە نزیک گوندی توتمە، هێلیکۆپتەری بەعس بۆردوومانیان دەکات و هەموویان شەهید دەکات، بەڵام منداڵەکە بریندار دەبێت."
بە گوتەی سەرۆكی رێكخراوی كیمیاباران و ئەنفالكراوەكان، "ئەو کچە ساوایە 24 کاژێر بە برینداری شیری دایکی دەخوات، لە کاتێکدا دایکی گیانی لەدەستدابوو. ئێستا ئەو کچە تووشی گرفتی هەناسەدان بووە و زیاتر لە پێنج جار براوەتە تورکیا، بەڵام بەو حاڵەشەوە بەهۆی ململانێی سیاسیی نێوان حیزبەکان مووچە بۆ خۆی و باوکیشی کە پێشمەرگەی بریندارە، نەبڕدراوەتەوە."
سابیر خۆشناو ئەوەشی خستەڕوو، هەزاران کەسی لەم شێوەیە هەن کە بەهۆی کوردبوونەوە بوونەتە قوربانیی دەستی دەسەڵاتی بەعس و مووچەیان بۆ نەکراوە.
ئەحمەد مام رەسوول، بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزارییەكانی كەسوكاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی دەڵێت، "لیژنەی تازەمان بۆ پێداچوونەوەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی پێکهێناوە و خۆم سەرۆکی لیژنەکەم؛ سەرەتا پێداچوونەوە بە کەیسی ئەوانە دەکەین کە مینحەیان هەیە و کەسانی دیکەی هاوشێوەی کەیسی ئەو کچەش هەیە کە دەبێت پێداچوونەوە بکرێت و هاوکاری بکرێن."
بە گوتەی ئەحمەد مام رەسوول، 930 بەرکەوتەی چەکی کیمیایی لە هەرێمی کوردستان مینحەی مانگانەیان بۆ بڕاوەتەوە کە مانگانە 400 هەزاریان پێدەدرێت وەکو یارمەتییەک بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ