شوێنێکی گەشتیاریی ئیلام بەهۆی پابەندنەبوونی ژنان بە باڵاپۆشییەوە داخرا

رووداو دیجتاڵ

تەنگەی کافرین کە شوێنێکی گەشتیاری و مێژووییە لە پارێزگای ئیلام، بەهۆی ئەوەی هەندێ لە کچانی سەردانکەری پابەندی باڵاپۆشی ناچاریی نەبوون، داخرا.
 
یاسر عەلیزادە، قایمقامی شاری بەدرە لە پارێزگای ئیلام رۆژی یەکشەممە، 7-5-2023 رایگەیاند، "لە ماوەی رابردوودا هەندێ لە گەشتیارانی پابەندنەبوو بە باڵاپۆشی سەردانی تەنگەی کافرینیان کردووە. بەهۆی پابەندنەبوون بە یاسا و هەروەها بۆ پارێزگاریکردن لە کولتوور، ئایین و رەوشت، ئەو شوێنە گەشتیارییە داخرا".
 
یاسر عەلیزادە هەروەها گوتی، ئەو شوێنە گەشتیارییە بە مەرجێک دەکرێتەوە، کە بەڕێوەبەرایەتیی میراتی کولتووری شوێنەکە پابەندی رێنماییەکان بێت و ژمارەیەک فەرمانبەر بۆ جێبەجێکردنی رێنماییەکانی تایبەت بە باڵاپۆشی لەو شوێنە دیاری بکات.
 
لە چەند هەفتەی رابردوودا گوشارەکانی حکومەتی ئێران بۆ ناچارکردنی ژنان بۆ پابەندبوون بە باڵاپۆشی زیاد بووە؛ سەدان دووکان، رێستورانت، مۆڵ و شوێنی گەشتیاری لەبەرئەوەی سەردانیکەرانیان پابەندی باڵاپۆشیی ناچاری نەبوون، داخراون. لە هەمان کاتدا رێگری لە ئەنجامدانی چەندین کۆنسێرت کراوە. 
 
لە بەشێکی فەرمانگە و شوێنە گشتییەکان، ئەرکپێسپێراوانی حکومەت رێگە نادەن ژنانی پابەندنەبوو بە باڵاپۆشی کەڵک لە خزمەتگوزارییەکان وەربگرن، وەک لە میترۆی تاران یان لە هەندێ لە فڕۆکەخانەکان وەک فڕۆکەخانەی شیراز.
 
لەگەڵ ئەوەشدا رۆژانە و لە شوێنە گشتییەکان، پارک، دووکان، شەقامەکان و چەندین شوێنی دیکە، ژمارەیەکی زۆری ژنان پابەندی باڵاپۆشی ناچاری نین.