نرخی ئەمپێرێک کارەبای موەلیدە بۆ مانگی رابردوو دیاریدەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ  

لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی نرخی ئەمپێرێک کارەبای موەلیدە بۆ مانگی نیسان دیاریکرا و سبەی دووشەممەش لە هەڵەبجەش دیاریدەکرێت. نرخی یەک ئەمپێر کارەبای موەلیدە لە هەولێر زیاترە لە 11 هەزار، لە سلێمانیش لە چوار هەزار دینار تاوەکو پێنج هەزار دینار دیاریکراوە؛ نرخی کارەبای موەلیدەش لە دهۆک پێش جەژن دیاریکراوە. 
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 8-5-2022، قارەمان مەولوود، سەرۆکی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "موەلیدە ئەهلییەکان لە مانگی نیساندا تێکڕا 238 کاژێر کارەبایان بۆ هاونیشتمانییان دابینکردووە کە رۆژانە حەوت کاژێر زیاتر دەکات. نرخی یەک کاژێریش بە 50 دینار دیاریکراوە و لە موەلیدەیەک بۆ موەلیدەیەکی دیکەش دەگۆڕدرێت."
 
سەبارەت بە نرخی ئەمپێری کارەبا، قارەمان مەولوود گوتی، "نرخی یەک ئەمپێر کارەبای موەلیدە لە 11 هەزار و 250 دینارەوە تاوەکو 12 هەزار و 750 دینار دیاریکراوە. لەو گەڕەکانەی کە 24 کاژێر کارەبا دراوەتە هاونیشتیمانییان، گۆڕانکاری بەسەردا دێت بەڵام زۆر نەبووە، لەوێ یەک ئەمپێر بە 13 هەزار و 750 دینار دیاریکراوە." 
 
قارەمان مەولوود گوتیشی: نرخ بەراورد بە مانگی ئادار نزمبووەتەوە، چونکە کاژێرەکانی پێدانی کارەبا کەمیکردووە. مانگی ئادار کۆی گشتیی 313 کاژێر کارەبا دراوەتە هاونیشتمانییان کە زیاتر لە 10 کاژێر کارەبای رۆژانە بووە، گازیش نزیکەی 800 دینار بوو بەڵام مانگی نیسان گاز بە 730 دینار بووە. 
 
لە سلێمانیش نرخی کارەبای موەلیدە دیاریکرا. سیروان محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی کارەبای سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، مانگی نیسان لە شاری سلێمانی تێکرا 80 بۆ 100 کاژێر کارەبای موەلیدە بە هاونیشتمانییان دراوە و نرخی یەک ئەمێپریش بە چوار هەزار تاوەکو پێنج هەزار دینار دیاریکراوە کە ئەوەش لە گەڕەگێک بۆ گەڕەکێکی دیکە جیاوازی هەیە. 
 
سه‌باره‌ت بە به‌رنامەى كاركردنى موه‌لیده‌کانیش، سیروان محەممەد گوتی، به‌یانیان له‌ کاژێر 7ـی بەیانی تاوەکو 8ـی بەیانی کارەبایان پێدراوە و دواتر لە کاژێر 12ـی دوانیوەڕۆ تاوەکو 1ـی شەو هەر کاتێک کارەبای نیشتمانیی کوژابێتەوە، موەلیدەکان کاریان کردووە. 
 
دینا ئەحمەد، سەرۆکی لیژنەی چاودێریی موەلیدە ئەهلییەکانی هەڵەبجەش بە رووداوی گوت: نرخمان دیاری نەکردووە و سبەی دووشەممە دیاری دەکەین.
 
بەهۆی هاتنی جەژنی رەمەزانیش رۆژی 25ـی نیسان لە دهۆک نرخی کارەبای موەلیدە ئەهلییەکان دیاریکرا. هەکار هرووری، نوێنەری کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی پارێزگای دهۆک ئەمڕۆ یەکشەممە لەوبارەوە بە رووداوی گوت، لە دهۆک 24 کاژێر کارەبا بە هاونیشتمانییان دەدرێت، بۆیە نرخی یەک ئەمپێر کارەبای موەلیدە لە شەش هەزار دینار تاوەکو 13 هەزار دینار دیاریکراوە کە ئەوەش بە گوێرەی گەڕەکەکان دەگۆڕدرێت.