چەند کوردێک لە سوێد هاوکاریی بۆ هەژارەکانی کوردستان کۆدەکەنەوە

رووداو- سلێمانی

ژمارەیەک کوردی نیشتەجێی شاری یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوێد لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هاوکاریی بۆ هەژار و نەدارەکانی کوردستان کۆدەکەنەوە. ئەوان پلانیان هەیە ئەم بیرۆکەیە فراوان بکەن و لە ئەوروپا رێکخراوێک بۆ ئەو مەبەستە دروستبکەن.

عەبدول حوسێن قەرەگۆلی خاوەنی بیرۆکەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ساڵی 2020 کە بەهۆی کۆرۆناوە لە کوردستان بڕیاری کەرەنتینی گشتیی درا و بەشێکی خەڵک کەوتنە دۆخێکی سەختەوە، لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە داوامان لە کوردەکانی دانیشتووی یۆتۆبۆری کرد هاوکاریی کۆبکەینەوە و بیگەیێنینە ماڵە هەژارەکان لە سلێمانی و دەوروبەری".
 
لەبارەی ئەو یارمەتییانەی توانیویانە کۆی بکەنەوە، عەبدول حوسێن گوتی: "توانیمان 56 هەزار و 800 کڕۆن لە سوێد و 900 دۆلار لە بەریتانیا کۆبکەینەوە، دواتر هاوکاریمان گەیاندە 364 خێزان لە سلێمانی و قەزا و ناحیە و گوندەکانی دەوروبەری". بڕی ئەو هاوکارییەی لە ساڵی 2021 کۆیانکردووەتەوە کەمتر بووە و بەگوتەی عەبدول حوسێن، تەنها توانیویانە هاوکاریی 65 خێزان بکەن لە سنوری سلێمانی، عەربەت، سەیدسادق، نەسر و قەرەگۆل.
 
عەبدول قەرەگۆلی باسی لەوەشکرد کە پلانیان هەیە بیرۆکەکەیان فراوان بکەن و تەنها لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە سنووری شاری یۆتۆبۆری نەبێت، بەڵکو هەموو ئەوروپا بگرێتەوە ، بۆ ئەوەی "بتوانین هاوکاریی زیاتری هاونیشتمانیانمان لە هەریمی کوردستان بکەین".
 
عەبدول حوسێن ساڵی 2004 چووەتە ئەوروپا و لە وڵاتی سوێد لە شاری یۆتۆبۆری نیشتەجێیە. لە رێگەی پەیجێکی فەیسبووکەوە (پەیجی بۆنە و رێوڕەسمەکان لە یۆتۆبۆری) کارە خێرخوازییەکانی دەکات.