کوڕێک: لەسەر شەڕی منداڵ دایک و باوکمیان بەبەرچاومەوە کوشت


رووداو دیجیتاڵ

خەلیل تەمەنی 18 ساڵانە و کوڕە گەورەی ماڵ بوو، بەڵام ئێستا دەبێت ببێتە باوک و دایک بۆ سێ خوشک و چوار براکەی، چونکە شەوی هەینی، لەسەر شەڕی دوو منداڵ، ئامۆزاکانی خۆی تەقەیان لە باوک و دایکی کرد و هەردووکیانیان لەبەرچاوی خەلیل کوشت. 
 
شەڕەکە رۆژی پێنجشەممە لە شارۆچکەی کەڵەکچیی قەزای شێخان دەستی پێکردبوو، خەلیل ئیبراهیم دەڵێت، بەهۆی شەڕی دوو منداڵەوە بوو. شەڕەکەش لەنێوان دوو ماڵدا بووە کە هەم دراوسێ و هەم ئامۆزای یەکدین. شەڕەکە درێژەی کێشاوە بۆ رۆژی هەینی و شەوەکەی ئەو دوو ماڵە رووبەڕووی یەکدی بوونەوە، لە ئەنجامدا، ئیبراهیم خورشیدی تەمەن 46 ساڵان و خوناڤ یونسی تەمەن 40 ساڵان کوژران. هاوکات چوار کەسی دیکەش برینداربوون.
 
خەلیل ئیبراهیم، کوڕە گەورەی ئیبراهیمە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەبەرچاوی من دایک و باوکمیان کوشت" پەیامنێری رووداو لێی پرسی لەسەر چی؟ وەڵامیدایەوە "لەسەر هیچ، هەر ئاوا، لەسەر دوو منداڵ بوو، بەڵام پێکهاتبوون. پێنجشەممە  لەسەر منداڵ شەڕمان کرد، بەڵام پێکهاتبووین."
 
براکانی ئیبراهیم هێرشیان کردووەتە سەر ماڵیان و بە هەڕەمەکی تەقەیان کردووە. برایەکی ئیبراهیم گوتی، "لەسەر تێنەگەیشتن بووە و بەقسەی فەسادیان کردووە."
 
پۆلیسی دهۆک لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکات و چەند کەسێکیان دەستگیرکردووە. بەڵام هێشتا بکوژانی سەرەکی دەستگیرنەکراون.
 
هێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک بە رووداوی گوت، هێزەکانی پۆلیس یەکسەر گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و دۆخەکەیان کۆنترۆڵکرد. ژمارەیەک تۆمەتباریش دەستگیرکران و فەرمانی دەستگیرکردنیش بۆ هەندێک کەسی دیکە دەرچووە. لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە بەردەوامە. 
 
بەپێی ئامارەکانی پۆلیسی پارێزگای دهۆک کە بە رووداوی داوە، لە ماوەی مانگێکدا لە سنووری قەزای شێخان دوو شەڕ دروستبوون و سێ کەس کوژراون. هاوکات ژنێکی 16 ساڵانیش خۆی خنکاندووە.