![ رووداوەكانی دێرسم كاریگەری لە هەموو كوردێكی بەشەرەف كردبوو. ئەوەندە تاوان و كۆمەڵكوژی ئەنجامدرابوو، مەحاڵ بوو مرۆڤ پێی خەمگین نەبێت رووداوەكانی دێرسم كاریگەری لە هەموو كوردێكی بەشەرەف كردبوو. ئەوەندە تاوان و كۆمەڵكوژی ئەنجامدرابوو، مەحاڵ بوو مرۆڤ پێی خەمگین نەبێت](https://www.rudaw.net/s3/rudaw.net/ContentFiles/511144Image1.jpg?mode=crop&quality=70&rand=1&scale=both&w=752&h=472&version=3629330)
رووداوەكانی دێرسم كاریگەری لە هەموو كوردێكی بەشەرەف كردبوو. ئەوەندە تاوان و كۆمەڵكوژی ئەنجامدرابوو، مەحاڵ بوو مرۆڤ پێی خەمگین نەبێت
وەرگێڕانی لە توركییەوە: ماشەڵڵا دەكاك و هەوار ئیسماعیل
رۆژی 4ـی ئایار، ساڵڕۆژی كۆمەڵكوژی دێرسمە. ئەو كۆمەڵكوژییە كە لە ئەنجامی سەركوتكردنی راپەڕینی دێرسم لەساڵی 1937 بەسەرۆكایەتی سەید رەزای دێرسم روویدا، بەپێی لێكدانەوەكان زیاتر لە 75 هەزار كورد لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە كۆمەڵكوژكران.
نووسەر و رۆشنبیری نێوداری كورد موسا عەنتەر، ناسراو بە (ئاپێ موسا) لە كتێبە توركییەكەیدا بەناونیشانی (یادگارییەكانم) باس لە كۆمەڵكوژی دێرسم دەكات. ئەو دەڵێ، "كاتێك لە ئادانا بووم، دوو رووداوی سیاسی گرنگ روویاندا كە كاریگەرییان لێكردم، یەكێكیان پرسی هاتای و ئەوەی دیكەشیان سەرهەڵدانی دێرسم بوو".
موسا عەنتەر، كە رۆژنامەڤان و تێكۆشەرێكی نێوداری كوردستان بوو، رۆژی 20ی ئەیلولی 1992 لە شاری ئامەد تیرۆركرا. كوشتنی موسا عەنتەریش چووە نێو دۆسیەی " بكوژانی نادیار"دا، كە دواتر گرووپی ئەرگەنەكۆن پێی تاوانباركرا.
موسا عەنتەر بەوشێوەیە باس لەو رووداوانە دەكات:
ئەوكاتە سووریا ژێردەستەی فەرەنسا بوو، بەڵام ئەو ژێر دەستەییە لە ژێردەستەییەكانی دیكەی فەرەنسا نەدەچوو، چونكە كاتێك سووریا لە دوای شەڕی جیهانی یەكەم لە ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییەكان دەرهێنرا، لەلایەن كۆمەڵەی گەلان بۆ ماوەی 20 ساڵ وەك ماندات درابووە فەرەنسا. ئانتاكیا و ئیسكەندەروونیشی لەگەڵ بوو.
ئەو وادەیەی فەرەنسییەكان لە ساڵی 1938 بەرەو كۆتایی دەچوو.
وەك باسدەكرێت، فەرەنسا بەگوێرەی دۆستایەتی نێوانیان، لە بەرژەوەندی خۆیدا دڵی توركیای خۆشكردووە. ئەو گوتەیەی كە توركیا راستەوخۆ دەیڵێ "هەتای خاكی ئێمەیە" ئەو راستییەی دەسەلماند. تاوەكو ئەو رۆژە لە هیچ كاتێك و لەنێو خەڵكدا بە ئێرە نەگوتراوە هاتای. وەك چۆن بە كورد دەڵێن "كورد توركن" بە عەرەبەكانیشیان گوت "ئێوە توركن". گوتیان لە ئاسیای نێوەڕاست لە هەرێمی مەغۆڵستان شوێنیك هەیە بە ناوی هاتای و ئێوەش لە وێوە هاتوون". وایان بە عەرەبەكان گوت، هەڵبەت جوتیارەكانی ئەو ناوچەیە هیچ شتێك لەو قسانە تێنەدەگەیشتن.
تەنانەت رۆژێك گردبوونەوەیەكیان سازدا بوو. لە گردبوونەوەكەدا مستەفا بەگ، خاوەنی كارگەی جوتیارانی ئادانا چووبووە سەر سەكۆ. كابرای داماو چووە سەر سەكۆ، بەڵام توركی نەدەزانی. سێ-چوار جار دەستی نا بە سینگییەوە و گوتی"وەڵڵا ئێمە توركین، بیللا ئێمە توركین، بە قورئان ئێمە توركین". زۆر پێیەوە دیار بوو، پێیگوترابوو كە دەبێ بڵێیت "ئێمە توركین".
بە راپرسی ئیسكەندەروون كرایە كۆمار
لەو ماوەیەدا ئەتاتورك دوو جار هاتە ئادانا. ئێمە لە نزیكەوە ئەومان بینی. لە هەرێمی هاتای راپرسییەك كرا. بە چاوپۆشیكردنی فەرەنسییەكان، لە راپرسییەكەدا توركەكان دەنگی زیاتریان لە عەرەبەكان هێنا. ئانتاكیا، ئیسكەندەروون و دەوروبەری هاوشێوەی كۆماری قوبرسی باكوور سەربەخۆ بوو.
تەیفور سۆكمەن، بووە سەرۆككۆمار و عەبدولڕەحمان مەلەك، بووە سەرۆكوەزیرانی ئەو كۆمارە. پەرلەمان و كابینەی حكومەتیش پێكهێنران. دەستوور داڕێژرا. لە یەكێك لە ماددەكانی دەستووردا نووسرا "هاتای بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمان، لەگەڵ هەر دەوڵەتێكدا كە دەیەوێت دەتوانێ یەكبگرێت".
بێگومان لێرەدا بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ ئاماژە بە توركیا دەكرا. دوای ماوەیەكی كورت بڕیارێكی لەو جۆرە درا و هاتای بووە بەشێك لە توركیا. دواتر ئاشكرابوو كە تەیفور سۆكمەن، سیخوڕی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی توركیا بووە.
هەمان ساڵ لە دێرسم سەرهەڵدان دەستیپێكرد. لەوبارەوە بەتایبەتی لە دەرەوەی وڵات ژمارەیەكی زۆر كتێب نووسران. هەڵبەت لە توركیا ئەو مژارە بەلادان لە راستییەكان نووسراوەتەوە. پەیوەست بەو رووداوە كاتێك لە قۆناخی ئامادەیی ئادانا دەمخوێند، تووشی رووداوێك بووم و بەهۆی ئەو رووداوەوە بۆ یەكەمینجار دەستبەسەركرام.
نەوەی بەسێ
رابەری سەرهەڵدانی دێرسم سەیدا رەزا بوو. رێزدار (بەسێ)ی هاوژینی لە شەڕی پارتیزانیدا فەرماندەیی یەكەیەكی دەكرد. هەموو رۆژێك لە چاپەمەنییەكانی ئیستەنبووڵ بەشێوەیەكی بێ رێزانە هێرشی دەكرایە سەر. ئەو هێرشانە منیان زۆر خەمبار دەكرد. لە بەرامبەر ئەو هێرشانە ناڕەزاییم پێشاندەدا. هاوڕێیەكانم دەركیان بەوە دەكرد. نیو بە گاڵتە و نیو بە جیدی پێیاندەگوتم "نەوەی بەسێ"، هەروەها رۆژێك لە پۆلدا لەسەر كاخەزیك نووسیبوویان "نەوەی بەسێ" و كاخەزەكەیان بە پشتی منەوە نووساندبوو. دوای ئەوەی مامۆستا لە پۆل رۆیشتە دەرەوە، بە حلكە حلك و پێكەنین گاڵتەیان پێكردم. شەوێكیش نۆ دە هاوڕێم پێكەوە بە یەك دەنگ هاواریان كرد و بێ رێزییان بە بەسێ كرد. منیش لە شوێنی مامۆستا وەستام و بە دەنگێكی بەرز چەند جارێك لەسەر یەك بێ رێزیم بە زوبەیدە كرد (زوبەیدە دایكی ئەتاتوركە)، دواتر دەستمان لە گاڵتەجاڕی بەردا، بەڵام كەنعان، كوڕی مفەوەزی ناوەندی پۆلیسی كوروكۆپروی ئادانا دەستبەجێ رووداوەكەی بۆ باوكی گێڕابووەوە. دواتر تیمێكی پۆلیس هاتن بۆ قوتابخانە و منیان برد بۆ ناوەندی پۆلیس. لە وێ بۆ ماوەی 15 رۆژ دەستبەسەر كرام، ئەمە زیندانیكردنی یەكەمم بوو.
دوای ماوەیەك زانیم كە بەڕێوەبەری قوتابخانەكەمان چووەتە لای والی و پێیگوتووە "والی بەگ، منداڵەكان لەبەرئەوەی دەیانزانی مووسا كوردە، (بەسێ)یان بە داپیرەی داناوە و بێڕێزییان پێكردووە. ئەویش، هاوڕێیەكانی خۆی وەك تورك قبوڵكردووە و زوبەیدەی دایكی ئەتاتوركیشی بە نەنكیان داناوە و بەهەمانشێوە وەڵامی داونەتەوە. لەو بێڕێزیكردنەدا مەبەست ئەتاتورك نییە. وەك هاوڕێیەكانی وەڵامی داوەتەوە". لەبەرئەوەی دوو كوڕی تۆفیق هادی، والی لە هەمان قوتابخانە بوون، والی بێ دڵی بەڕێوەبەرەكەمانی نەكردووە و بەوشێوەیە ئازاد كراوم. لەو سەردەمەدا پۆلیس دەسەڵاتی ئەوەی هەبوو كەسێك بەر لەوەی ببرێتە بەردەم دادوەر، بۆ ماوەی 6 مانگ بە دەستبەسەركراوی بیهێڵێتەوە.
بەڕێوەبەرەكەمان خۆی هات بۆ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس و منی هێنایە دەرەوە. لە رێگە دوو ئامۆژگاری كردم. یەكێكیان، باسنەكردنی ئەم رووداوە بۆ هیچ كەسێك، ئەوەی دیكەشیان، زۆر هەوڵدانم بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو وانانەی لە دەستم دابوون.
كاتێك گەڕامەوە بۆ قوتابخانە، نۆ هاوڕێم كە لە رووداوەكەدا تێوەگلابوون، لە قوتابخانە دوور خرابوونەوە. وامدەزانی رووداوەكە كۆتاییهاتووە، دوو مانگ بەسەر رووداوەكەدا تێپەڕیبوو. رۆژێك بانگكرام بۆ ژووری بەڕێوەبەر. كە رۆیشتمە ژوورەوە، پیاوێكی بیانی دانیشتبوو، ئەو كەسە داواكاری گشتیی ئادانا بوو. كاخەزێكی دەرهێنا و خوێندیەوە، پێی واژۆكردم. لە ئەتاتوركیان پرسیووە، داوای لەسەر من هەیە یان نا، ئەویش گوتوویەتی نەخێر داوام لەسەری نییە. داواكاری گشتیی پێیگوتم "بڕوانە كوڕم، ئەتاتورك لێت خۆشبووە،جارێكی دیكە هەڵەی وا نەكەیت". بە سارد و سڕی سوپاسی داواكاری گشتییم كرد و دەستی بەڕێوەبەرەكەم ماچ كرد و لە ژوورەكە چوومە دەرەوە.
باتوور و گۆكچەن
رووداوەكانی دێرسم كاریگەری لە هەموو كوردێكی بەشەرەف كردبوو. ئەوەندە تاوان و كۆمەڵكوژی ئەنجامدرابوو، مەحاڵ بوو مرۆڤ پێی خەمگین نەبێت.
دوای ئەوەی لێرە بە كورتی باسی دوو لە ئەنجامدەرانی ئەو رووداوە دەكەم، دەمەوێت یادگارییەكی خۆم بگێڕمەوە كاتێك خوێندكاری زانكۆ بووم.
یەكەمیان دەمەوێت باس لە كتێبەكەی موحسین باتوور، فەرماندەی پێشووی هێزی ئاسمانی بكەم كە بە ناونیشانی (پاش پەردەی سێ قۆناخ-یادگاری و بۆچوونەكانم) كە لە ساڵی 1985 لەلایەن وەشانخانەی مللییەتەوە چاپكراوە.
باتوور لە كتێبەكەیدا بە كورتی دەڵێ "ساڵی 1938 ملازم بووم لە ئەلعەزیز. بە فەرمانێك كە لە ئەنقەرەوە بۆم هات، لەگەڵ یەكە سەربازییەكەم بەشداریم كرد لە رووداوەكانی دێرسم، بەڵام داوای لێبووردن لە خوێنەرانم دەكەم، ئەم لاپەڕەیەی ژیانم نانووسمەوە".
ئەو فەرماندەیە ناهەقی نییە، بە چ رووییەكەوە باسی ئەو رۆژە دەستبەخوێناوییانەی خۆی بكات.
دووەمیان سەبیحە گۆكچەن، كە یەكەمین فڕۆكەوانی ژنە لە توركیا و كچی مەعنەوی ئەتاتوركە. لە 15ی شوباتی 1990 لە بەرنامەیەكی تەلەڤیزیۆنیدا كاتێك باسی یادگارییەكانی خۆی دەكات، وەك ئاماژەیەكی ناڕاستەوخۆ باس لە رووداوەكانی دێرسم دەكات و دەڵێ "بەشداریم لە رووداوێكدا كرد" و بەسەر رووداوەكەدا تێدەپەڕێت و باسی ناكات. ئەمە لە كاتێكدایە ئەو رووداوەی بەشداری تێدا كردووە، كۆمەڵكوژی دێرسمە كە بێ بەزەییانە ژنان و منداڵانیان بۆردوومان كردووە. بیرم دێت رۆژنامەكانی ئەو كاتە هەموو رۆژێك باسی قارەمانێتی سەبیحە گۆكچەنیان دەكرد و وێنەكانی ئەویان بە جلوبەرگی فڕۆكەوانی سەربازییەوە بڵاودەكردەوە. كاتێك ئەتاتورك لە ساڵی 1938 هات بۆ ئادانا سەبیحە گۆكچەنیشم لە نزیكەوە بینی.
كاتی خۆی لە قۆناخی ئامادەیی سێ ساڵ و لە زانكۆش دوو ساڵ لە كۆتاییەكانی ساڵی خوێندندا بە درێژایی 20 رۆژ دەچووینە كەمپی سەربازی پیادە. لە ساڵی خوێندنی 1941 كەمپی زانكۆمان لە پەندیك بوو. لەوكاتەدا پەندیك گوندێكی بچووكی كۆچبەران بوو. هەر چوار دەوری بە دارستانەكانی زەیتوون دەوردرابوو كە لە رۆمەكان مابوونەوە. ئەو رۆژەی چووینە كەمپ، فەرماندەی كەمپەكەمان كۆیكردینەوە و داوای لێكردین دەستنوێژ بگرین. دوای ئەو رووداوە لەنێو هاوڕێكانمدا ئەو فەرماندەیە بەوە ناوی دەركەوت. كابرا ئەمەی بەر گوێ كەوت، بەڵام نەیتوانی رێگری لێبكات. نەخۆش كەوت و دوای هەفتەیەكیش رۆیشت. لە شوێنی ئەو رۆمەل عاسم ئەرەن كە كەسێكی تووند بوو و لە "گەنەراڵی رۆمەڵی ئەڵمان" دەچووێنرا، بووە فەرماندەمان. بەجۆرێك مەشقی پێدەكردین وەك ئەوەی سەربازێك بین لە شەڕدا. بەردی دەخستە نێو جانتاكەمان و بارەكەی تاوەكو 35 كیلۆ قورس دەكردین. رۆژێكیان بۆ ماوەیەكی زۆر بەپێ رۆیشتین. لە ناوچەی یاكاجك پشوومان دا. ملازم رەفیق توڵگا كە دواتر بووە گەنەڕاڵ و لە ئیستەنبووڵ بووە فەرماندەی حوكمی عورفی (باری نائاسایی) سواری ئەسپ بوو. هاوڕێیەكم بە ناوی ئارناڤوت سلێمان بەشێوەیەكی سەرسوڕهێنەر لاسایی ئەسپی كردەوە و حیلاندی. ئەسپی ملازمەكە لەسەر دوو پێ وەستایەوە و ئەوەندەی نەمابوو لەسەر ئەسپەكە بكەوێتە خوارەوە. خۆی لێمان تووڕە كرد و گوتی "ناسنامەكەتم بدەرێ"، ناسنامەكەی لێوەرگرتم.
من ئەوسا لە هەمانكاتدا بە كامێرایەكەوە وەك پەیامنێری رۆژنامەی (ڤاكیت) كارم دەكرد. عاسم ئوس خاوەنی رۆژنامەكە بوو. ئەم ئوس-ـانە سێ برا بوون و هیچ كامێكیان منداڵیان نەبوو. هەواڵێكم لەسەر فەخرەدین ئاڵتای فەرماندەی سوپا ئامادە كرد كە سەردانی كەمپەكەمانی كردبوو و لەگەڵ وێنەیەكدا بۆ رۆژنامەكەم نارد. بەوهۆیەوە عاسم ئەرەن منی خۆشدەویست. سلێمانی هاوڕێم زۆر ترسابوو. كە شەو داهات لە فەرماندەیی بانگیان كردم.
هاوڕێیەكانم زۆر خەمبار بوون، چونكە عاسم ئەرەن بە لێدانی خراپ ناسراوبوو. رۆیشتم، كاتێك عاسم ئەرەن چاوی بە من كەوت گوتی "وای. ئەوە تۆیی!"، گوتم "من نیم، لەسێدارەشم بدەن ناتوانم وەك ئەسپ بحیلێنم". پرسی "كەواتە كێ بوو؟". منیش گوتم، "فەرماندە رێگەم بدە با قسە بكەم. ئێوە لێرە فێری سەربازیی، مەردایەتی و پیاوەتیمان دەكەن، بەدەستەوەدان لە ئێمە دەوەشێتەوە؟ من نەبووم، چ سزایەكم دەدەن بیدەن، بەڵام من وەك سەربازێك هاوڕێیەكەی خۆم بەدەستەوە نادەم"، گوتی "ئافەرین كوڕم، بەڵام بەو كەرە بڵێ با جارێكی دیكە شتی وا نەكات".
مولازم سەلاحەددین: هەزاران كوردمان لە مونزوور خنكاندن
رۆژێكیان لە كەمپ بووین لە ژێر سێبەری درەختەكان پشوومان دابوو، ئەفسەر سەلاحەدین كە فەرماندەی فیرقەكەمان بوو بەجۆرێك كە لە هۆش خۆی چووبێت بەجۆشەوە قسەی دەكرد و گوتی دەمەوێت باسی یەكێك لە بەسەرهاتەكانی خۆمتان بۆ بكەم: "ئێمە لە دێرسم دەستمان بە ئۆپەراسیۆنێكی پاككردنەوە كردبوو. خیزانێكمان لە ئەشكەوتێكدا دۆزییەوە. باپیرە، باوك، دایك و منداڵێكی 5-6 ساڵ بوون. گەورەكانمان بە قەمە پاككردنەوە، منداڵەكەمان نەكوشت گوتمان بەڵكو قسەیەكی لەدەم دەربێنین، چونكە نەمانتوانی هیچ وشەیەك لە دەمی گەورەكانی دێرسم وەربگرین. دەستبەجێ گەورەكانمان دەكوشتن، چونكە دەمانزانی قسەمان بۆ ناكەن. بۆ ئەوەی نەترسێ كاتێك باپیرە و باوك و دایكیمان كوشت منداڵەكەمان دوورخستەوە. هەڵماندەدا لەگەڵ منداڵەكەدا ببینە هاوڕێ، نانمان دایێ، چوكلێتمان دایێ، بەڵام نەیدەخوارد. لەوكاتەدا فڕۆكەیەكمان بەسەرماندا فڕی، ئەو منداڵەی گرتبوومان لە شوێنی خۆیەوە پارچە دارێكی هەڵگرت و وەك چەك بەدەستیەوە گرت و نیشانەی لە فرۆكەكەمان گرت. بەو رەفتارەی زۆر تووڕە بووم. فەرمانم دا و گوتم "ئەم زۆڵە پاكبكەنەوە"، سەربازەكان بە قەمە چوونە گیانی و دوای ئەوەی كوشتیان لە بەرزاییەكەوە هەڵیاندایە خوارەوە".
"رۆژێكی دیكە لە ناوچەیەكی بەرفراواندا ئۆپەراسیۆنمان دەكرد. هەزاران كوردمان لە ئەشكەوت و بن بەرد و كونەكان دەرهێنان و كۆكردنەوە. ئەفسەرەكەمان گوتی، ئەگەر هەموویان بە فیشەك بكوژین، فیشەكەكانمان خەسار دەبن و فیشەكی زۆرمان پێویستن، بۆیە فەرمانی پێداین هەموویان فڕێبدەینە نێو رووباری مونزوور و بیناخنكێنین. كوردە كۆكراوەكانمان بردن بۆ سەر پردەكەی سەر ڕووباری مونزوور، چونكە ڕووبارەكە لەو شوێنەدا زۆر قوڵ و هار و ترسناك بوو. كوردەكانمان بردنە ئەوێ و دەستمانكرد بە بەردانەوەیان بۆ نێو رووبارەكەوە. ئەوانەی خۆیان فڕێدەدا، خۆیان فڕێدەدا، ئەوانەش كە خۆیان فڕێنەدەدا، راماندەكێشان و فڕێمان دەدانە نێو رووبارەكەوە. ئەوەی خۆی بچووایە، دەچوو. ئەوەی نەچووایە، بەر قەمەمان دەدا و هەڵماندەدایە نێو ڕووبارەكەوە. هەندێكیان لە تاو گیانی خۆیان بەجۆرێك خۆیان بە یەكەوە نووساندبوو پردەكەیان بەرنەدەدا. دەستوورم دا چەند چڵ و شوولكێك لە دار بەڕووە بەرزەكانی تەنیشت پردەكە ببڕن و فەرمانم بە سەربازەكان دا بەو چڵە دارانە لێیانبدەن تاوەكو لەسەر پردەكەوە خۆیان فڕێدەدەنە رووبارەكەوە. بۆ هەر ئەگەرێكیش لەژێر پردەكەدا سەربازم بە چەكەوە دانابوون. هەركەسێك هەوڵی بدایووایە بە مەلە خۆی رزگار بكات، سەربازەكان لێی دەهاتنە دەست و دەیانكوشت."
ئەمەش لاپەڕەیەكی دیكەی خوێناوییە
هەموو ئەمانە بۆ دووژمانیەتیكردنی مرۆڤ، چاندنی رق و كینە و هاوشێوەی ئەوەی لە ئایینی محەممەد دا هاتووە بۆ وەگرتنەوەی تۆڵە بە هەمان ئەندازە نانووسمەوە، بەڵكو بۆ ئەوە دەینووسمەوە كە نەوەكانی مرۆڤ لە داهاتوودا نەفرەت لەم رووداوانە بكەن و جارێكی دیكە رەفتاری دڕندانەی هاوشێوە ئەنجام نەدەن. هەمان ئەفسەر بێ شەرمانە و بەبێ ئەوەی بیر لەوە بكاتەوە كە خۆیشی لە ئافرەتێك لەدایكبووە، باسی ئەوەی كرد كە چۆن لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر ئەفسەری دیكەدا دەستدرێژییان كردووەتە سەر كچە كوردێكی دێرسمیی تەمەن 12-13 ساڵان و شەهیدیان كردووە. كێ دەزانێ، رەنگە بەشێكی زۆر لەو ئەفسەرانە وەك فەرماندەی سوپا و هێز رەوانەی كوردستان كرابن.
ژێدەر: موسا عەنتەر . یادگارییەكانم (هاتراڵارم) (1-2) . وەشانی، دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی ئاڤێستا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ