رووداو دیجیتاڵ
لە شارۆچکەی عامرەی رۆژهەڵاتی تونس، کامپێکی کاتیی کۆچبەرانی لێبوو، بەڵام دەسەڵاتدارانی تونس تێکیانداوە و خێوەتەکان دەسووتێنن. بریاریانداوە کامپەکان دابخەن و نەیانهێڵن.
ئامادۆ سایدۆ، کۆچبەرێکی ئەفریقییە و باس لە دۆخی خۆی دەکات و دەڵێت، "ئێمە نازانین چی بکەین و بۆ کوێ بڕۆین، کاتێکیش دەچیتە ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە بۆ وڵاتی خۆمان ئەوانیش رادەستی بەرپرسانی تونسیمان دەکەنەوە و تونسییەکانیش زیندانیمان دەکەن یان رەوانەی بیابانمان دەکەن."
شارۆچکەی عامرە نزیکەی 30 کیلۆمەتر لە باکووری شاری سەفاقس لە رۆژهەڵاتی تونس دوورە، ئەو شارە وێستگەی سەرەکی کۆچبەرانی وڵاتانی باکووری ئەفریقایە بۆ ئەورووپا. شارەکە 190 کیلۆمەتر لە دوورگەی لەمپەدووسای ئیتاڵیاوە دوورە.
پار دەسەڵاتدارانی تونس، رێکارەکانی سەر سنووریان بەرامبەر بە کۆچبەران تووندتر کرد و لەو ساڵەدا تەنیا 19 هەزار و 245 کۆچبەر لە تونسەوە چوونە ئەورووپا؛ لەکاتێکدا لەساڵی 2023، 97 هەزار و 667 کۆچبەر چووبوون. ئەمە جگە لەوەی پاسەوانی دەریایی تونسی رێگرییان لە 74 هەزار کۆچبەر کردووە بچنە ئەورووپا و نزیکەی 8 هەزاریانی دیپۆرت کردووەتەوە.
زۆربەی کۆچبەرەکان لە بیابانەکانی مالی و خەزائیرەوە روو لە تونس دەکەن.
عومەر سیسێ، کۆچبەرێکی دیکەی ئەفریقییە و دەڵێت، "تاکە چارەسەری ئێمە ئەوەیە دەسەڵاتدارانی تونس لێمانبگەڕێن و ئێرە بەجێبهێڵین، ئێمە تەنیا یەک ئامانجمان هەیە، ئەویش بگەینە ئیتاڵیا، تەنیا 24 کاژێرمان بدەنێ لێرە نامێنین."
پار، تونس رێککەوتنێکی لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا واژۆ کرد بەبڕی 280 ملیۆن دۆلار بۆ هاوکاریکردنی تونس و تووندکردنی سنوورەکانی بۆ ئەوەی کۆچبەران نەچنە ئەورووپا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ