رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک لە هاونیشتمانیان لەبەردەم کۆمپانیایەکی داخراوی گەشتیاری لە سلێمانی گردبوونەتەوە و دەڵین، کۆمپانیاکە 300 هەزار دۆلاری بردوون و خاوەنەکەی هەڵاتووە.
بڕیار بووە کۆمپانیاکە ڤیزەی وڵاتانی ئەورووپا و کەنەدا بۆ ئەو هاونیشتمانییانە وەربگرێت، بەڵام زۆرێکیان نەک ڤیزەیان وەرنەگرتووە، بەڵکو دەست بەسەر پاسپۆرتەکانیشیاندا گیراوە.
دیلان و محەممەد هەردووکیان بەنیازبوون بچنە ئەورووپا، بەڵام لە هەڕەتی گەنجیدا بە هەردووکیانەوە سێ دەفتەر دۆلاریان لەکیس چووە، ناشزانن کەی پاسپۆرتی لەدەستچوویان وەردەگرنەوە.
دیلان یاسین، یەکێک لەو هاونیشتمانییانەی هەڵخەڵەتێندراوە، بە رووداوی گوت، "بڕیار بوو ئەم کۆمپانیایە ڤیزەی فەرەنسام بۆ وەربگرێت لە 25ی کانوونی یەکەمی 2024، پارەکەم لە نووسینگەی کاوڵان لە بازاڕی شەوکەتی مەلا خەواند، کاک رەوەز کە بەڕێوەبەری ئەم کۆمپانیایە، گوتی: 100% ڤیزەکەت بۆ وەردەگیرێت؛ کەچی لە 01-01-2025ـەوە کۆمپانیاکەیان داخستووە و هەڵاتن."
تاهیر عەلی یەکێکی دیکەیە لەو هاونیشتمانییانەی هەڵخەڵەتێندراوە، ئەویش بە رووداوی گوت، "بەشێک لەو کەسانەی پارەیان خوراوە خەڵکی نەخۆشن، هەندێک پێویستیەتی، خۆ هەمووی نەیویستووە بۆ خۆشی بچێتە ئەورووپا، ئێمە کێشەمان ئەوەیە کە 115 ماڵین و سکاڵامان کردووە، بەڵام سکاڵاکانیشیان وەرناگیرێت."
ئەو کەسانەی پاسپۆرتیان داوە بە کۆمپانیاکە، نزیکەی 100 کەسن، هەندێکیان مامەڵەی ساختەیان بۆ کراوە؛ یەکێک لەوانە خاتوونێکە کە بە تەنیا چوار دەفتەر دۆلاری داوە.
بەهار باباعەلی، هاونیشتمانییەکی دیکەی هەڵخەڵەتێندراو گوتی، "پێشتر کۆمپانیاکە پارەیان لە خەڵک وەرگرتووە، ڤیزەیان وەرگرتووە و خەڵکیان ناردووە؛ کەچی ئەمجارە کێشەیان بۆ دروستبووە و بەداخەوە پارەکەی ئێمە خوراوە."
کەسێکی دیکەی هەڵخەڵەتێندراو بەناوی محەممەد سەڵاح ئاماژەی بەوە کرد، "ئیشەکانیان بە ساختە بۆ کردووین، خانوویان بە ساختە کردووە بەناومانەوە و ناردیانینە کۆنسوڵخانەکان لە هەولێر، کەچی رەفزمان وەرگرت، چونکە ساختە بوو، ئەوان گوتبوویان: ئەگەر ڤیزەتان بۆ نەهاتەوە، ئەوا پارەکەتان بۆ دەگەڕێنینەوە، بەڵام پارەکەیان بردووە و هەڵاتوون."
دوو مانگە لای پۆلیسی سلێمانی و دادگە سکاڵا تۆمار کراوە و فەرمانی دەستگیرکردن بۆ چوار کەسی کۆمپانیاکە دەرچووە، سیانیان دەستگیر کراون و یەک لە دەستگیرکراوەکان کە پلەی بەڕێوەبەرە، ئازاد کراوە.
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە رووداوی گوت، "64 پەڕاومان لایە، کە خەڵک سکاڵای تۆمار کردووە لەسەر نووسینگەی بلورۆڤەرە، سێ کەس بەند بووە، دوێنێ یەکێکیان بە بڕیاری دادوەر ئازاد بووە بە کەفالەت، دوو کەسی دیکە بەندن، تۆمەتبارێکی هەڵاتوو هەیە کە فەرمانی دەستگیرکردنەکەی گشتاندنی پێکراوە."
هێشتا زۆرینەی پاسپۆرتی ئەو کەسانەی پارەکانیان براوە لای پۆلیسە، بە هۆکاری ئەوەی لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و هەردوو کۆمپانیاکەش داخراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ