رووداو دیجیتاڵ
کرێی تەکسی و گواستنەوەی گشتی لە شارەکانی سنە و خوڕەمئاوای رۆژهەڵاتی کوردستان زیادکرا. لە سنە نرخی کرێی تاکسی 36.8% و لە خوڕەمئاواش 25% زیادکرا.
رۆژی دووشەممە 7ی نیسانی 2025 حەمید خزری، بەڕێوەبەری فەرمانگەی گواستنەوەی سەر بە شارەوانیی سنە رایگەیاند، زیادکردنی نرخی کرێی تاکسی لەنێو شاری سنە لە لایەن ئەنجوومەنی شارەکە بڕیاری لەسەر دراوە و قایمقامی سنەش رەزامەندی لەسەر دەربڕیوە.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی گواستنەوەی سەر بە شارەوانیی سنە، رایگەیاند، زۆرترین کڕێی تاکسی بۆ گەڕەکە دوورەکانی وەک ئازادی بۆ ویلاشار، دۆشان و مەیدانی ئێنقلاب (شۆڕش) بۆ نایسەر، کۆتایی گەرەکی نایسەر و شەقامی دەکەلە، کە نرخەکەی 16 هەزار تمەنە (زیاتر لە 15 سەنت).
حەمید خزری ئاماژەی بەوەشکرد، کەمترین کڕێی تاکسی بۆ گەڕەکە نزیکەکانی وەک، مەیدانی ئینقلاب بۆ لەشکەر، سێرێیانی ئەدەب بۆ مەیدانی نەبوت، سێرێیانی نەمەکی بۆ ئەندیشە، چواررێیانی تاڵقانی بۆ مەیدان کاوەیە کە نرخەکەی 10 هەزار تمەنە (9.5سەنت).
بەڕێوەبەری فەرمانگەی گواستنەوەی سەر بە شارەوانیی سنە دەڵێت، "پێویستە هەموو شۆفیران و خاوەن تاکسییەکان پابەندبن بەو نرخە نوێیانەی دیاریکراون. هەر سەرپێچییەک لە وەرگرتنی کرێی زیاتر لە بڕی دیاریکراو، بەدواداچوونی بۆ دەکرێت و بە پێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت."
لە شاری خوڕەمئاوای ناوەندی پارێزگای لوڕستانیش، نرخی کڕێی تاکسی 25% زیادکرا.
مەسعود ئەرمەغان، بەڕێوەبەری فەرمانگەی گواستنەوەی سەر بە شارەوانیی خوڕەمئاوا، رایگەیاند، بە بریاری ئەنجوومەنی شار و پەسندکردنی لە لایەن قایمقامی خوڕەمئاواوە، نرخی کڕیی تاکسی لەو شارە لە چوار هەزار تمەنەوە بۆ 5000 تمەن زیادکرا.
ئەرمەغان دەڵێت، بڕیارەکە لە پێناو گرنگیدان بە بژێوی ژیانی کەسوکاری ئەو شۆفێرانەیە کە لە کەرتی گواستنەوەی گشتیی شارەکەدا کاردەکەن. گوتیشی، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئابووریی خەڵک، رێگە نادەین کەس داوای پارەی زیاتر لە سەرنشینەکان بکات.
لە چەند رۆژی رابڕدوودا لە ورمێ و مهابادیش نرخی کڕێی تاکسی و پاس گۆرانکارییان بەسەردا هاتبوو و زیادکرابوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ