دوو پاسەوانی سنووری ئێران بەهۆی تەقینەوەی مین لە بانە گیانیان لەدەستدا

08-04-2025
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی تەقینەوەی مین لە ناوچەی بانەی سەر بە پارێزگای سنە لەسەر سنووری نێوان رۆژهەڵات و باشووری کوردستان، دوو سەربازی پاسەوانی سنووری ئێران گیانیان لەدەستدا.
 
رۆژی سێشەممە 8ی نیسانی 2025 فەرەج روستەمی، فەرماندەی هێزەکانی پاسەوانی سنووریی ئێران لە پارێزگای سنە رایگەیاند، "شەوی رابردوو دوو پاسەوانی سنووری فەوجی سنووریی بانە، لە کاتی چاودێری و پاسەوانیکردنی ئەو کەرتە سنوورییەدا، بەهۆی تەقینەوەی ئەو مینانەی لە سەردەمی شەڕی 8 ساڵەی نێوان ئێران و عێراق بەجێماون، کە بەهۆی بارانبارینی بەخوڕی ئەم دواییە و خزینی زەوییەوە شوێنەکانیان گۆڕاوە، گیانیان لەدەستداوە."
 
بە گوتەی فەرماندەی هێزەکانی پاسەوانی سنووریی ئێران لە پارێزگای سنە، لە رووداوەکەدا ئەفسەرێک بەناوی "محەممەدڕەزا سەداقەتپوور" و سەربازێک بەناوی "عەلی کەریمی" گیانیان لەدەستداوە.
 
بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، هەردوو کەسەکە خەڵکی پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستانن.
 
لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراقدا سەدان هەزار مین لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای کرماشاندا چێندراون.
 
حکومەتی ئێران دوای کۆتاییهاتنی شەڕ، هەوڵی دا مینە چێندراوەکان هەڵبگرێتەوە. زستانی ساڵی 2012 راگەیێندرا کە مین و تەقەمەنییەکانی پارێزگای کرماشان هەموویان کۆکراونەتەوە و رێوڕەسمێکیشی بۆ بەڕێوەچوو؛ بەڵام دوای ئەوەش، زۆرجار مین و تەقەمەنیی سەردەمی شەڕ بە خەڵکدا تەقیوەتەوە و خەڵک بەو هۆیەوە بریندار بوون یان گیانیان لەدەستداوە.
 
بەشێک لە مین و تەقەمەنییەکان بەهۆی لافاو و رووبارەکانەوە شوێنەکانیان گۆڕاوە، یان باران خۆڵی سەر مینەکانی لاداوە و وردە وردە دەرکەوتوون، بەمەش بوونەتە هۆی مەترسی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە