گۆڕانی کوردسات: کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن شوێنی بەستنی کۆنفرانسمان بۆ دەستنیشان دەکات

08-04-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بزووتنەوەی گۆڕان، ئەو بەشەیان بارەگای سەرەکییان لە گەڕەکی کوردساتی سلێمانییە، دەڵێن، رۆژی پێنجشەممە کۆنفرانسی گشتیی دەکەن و چاوەڕێن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن شوێنی بەستنی کۆنفرانسەکەیان بۆ دەستنیشان بکات.
 
یەکێک لە ئامادەکارانی کۆنفرانسەکەی بزووتنەوەی گۆڕان لە باڵی کوردسات، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کۆنفرانس وەکو ئەوەی کاتی بۆ دیاریکرابوو، رۆژی پێنجشەممە 10ـی نیسان بەڕێوەدەچێت و هەموو ئامادەکارییەک کراوە."
 
5ی ئەم مانگە، باڵی گردی زەرگەتەی بزووتنەوەی گۆڕان کۆنفرانسی گشتییان بەڕێوەبرد، بەڵام دوای کۆنفرانسەکە رایانگەیاند، "بە دەستوەردانی حیزبیی کۆمیسیۆن بەشدارییان نەکردووە."
 
لەبارەی بەشداربوونی کۆمیسیۆن لە کۆنفرانسەکەی گۆڕانی کوردسات، ئامادەکارەکەی کۆنفرانس گوتی، "کۆمیسیۆن خۆیان کاتەکەیان بۆ دیاریکردووین، بڕیارە ئەمڕۆ هەر ئەوان شوێنی کۆنفرانسەکەش دیاری بکەن، بۆیە بە دڵنیاییەوە بەشداری دەکەن."
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، گۆڕان لە گەڕەکی کوردسات ئەمڕۆ پێناسیان بۆ ئەو کەسانە دروستکردووە، کە بڕیارە پێنجشەممە لە کۆنفرانسەکەدا بەشداری بکەن.
 
هەردوو باڵەکەی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێن، نووسراوی کۆمیسیۆنیان هەیە. باڵی کوردسات دەڵێت، دوێنێ بە نووسراوی ژمارەی 875 کە لە 27-03-2025 دەرچووە، ئاگادارکراونەتەوە کە 10ـی نیسان کۆنفرانس ببەستن.
 
پێشتریش باڵی گردی زەرگەتەی حیزبەکە رایگەیاندبوو، 20-02-2025 فەرمانگەی پارت و رێکخراوە سیاسییەکان بە نووسراوی ژمارە 207 داوای لێکردوون وەک گۆڕان لە گردەکە و لە 05ـی نیسان کۆنفرانس بکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە