رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سعودیە بڕیاری داوە، ئەو کەسانەی بۆ عومرە چوونەتە وڵاتەکە، ئەگەر تاوەکو 29ـی ئەم مانگە نەگەڕێنەوە، سزای پێبژاردن دەدرێن.
کاروان ستوونی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ (سێشەممە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سعودیە بە فەرمی رایگەیاندووە، هەر کەسێک لە دوای 29-04-2025 لە وڵاتەکەیان بمێنێتەوە بە سەرپێچیکار هەژمار دەکرێت و سزادەدرێت.
بە گوتەی ستوونی، "ئەوانەی ئێستا لە گەشتی عومرەن، دەبێت بەر لە کۆتایی مانگ بگەڕێنەوە و بەپێچەوانەوە رووبەڕووی لێپێچینەوە دەبنەوە؛ هەر کەس و کۆمپانیا و دامەزراوەیەک بمێنێتەوە، بە 100 هەزار ریالی سعودی (زیاتر لە 26 هەزار دۆلار) سزا دەدرێت."
بەڕێوەبەری راگەیاندنی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، سعودیە ئەمساڵ رێکاری تووندی گرتووتەبەر بۆ رێگەگرتن لە "حەجی نایاسایی" و پێش چەند رۆژێکیش، هەموو ڤیزەیەکی راگرت تاوەکو دوای رێوڕەسمەکانی حەجی ئەمساڵ.
ساڵی رابردوو، ژمارەیەکی زۆر خەڵک لە هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دیکەوە بەبێ رێکارە تایبەتەکان و بە ڤیزەی گەشتیاری یان ڤیزەی ساڵی، بۆ حەجکردن چوونە سعودیە. کاروان ستوونی دەڵێت، "بەگوێرەی بڕیارەکانی سعودیە، ئەم ساڵ کەس ناتوانێت بەو ڤیزانە حەج بکات، چونکە پێدانیان راگیراوە."
بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان گوتیشی، گەشتی حەجی ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان، لە رۆژانی 10 بۆ 15ـی مانگی 5 دەستپێدەکات و ئێستا سەرقاڵی ئامادەکارییە یاسایی و کارگێڕییەکانن.
پشکی هەرێمی کوردستان بۆ حەجی ئەم ساڵ بەراورد بە پار زیاد کرا. ساڵی رابردوو 4,174 کەس ناویان دەرچووبوو، بەڵام بۆ حەجی ئەمساڵ کە لە 25-09-2024، تیروپشک کرا، پێنج هەزار و 120 کەس ناویان دەرچوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ