رووداو دیجیتاڵ
لە رۆژانی پشووی جەژندا، شاری مێژوویی مێردینی باکووری کوردستان، شەقام، شوێنە مێژوویی و گەشتیارییەکانی پڕ بوون لە گەشتیاری ناوخۆیی و بیانی. لە ماوەی 9 رۆژ دا، نزیکەی 200 هەزار گەشتیار سەردانی پارێزگاکەیان کردووە.
ئەلیف بوڵوت، رێبەری گەشتیارییە و دەڵێت، "قەرەباڵخە، خواستێکی زۆر هەیە، لە هەموو شارێکی تورکیا و دەرەوەی وڵاتەوە دێن. وەرزەکەمان دەستیپێکردووە، لەمەودوا میوانی زۆرتر دێن، پێشبینی ئەمە دەکەین".
چوونی ئەم گەشتیارە زۆرە، جەژنی دووکاندار و کاسبکارانی مێردینی کردە دوو جەژن.
ئایدن یەرتوم، کاسبکارە و باس لەوە دەکات، "دڵخۆشین، باشین. ئێستا زۆر باشین. بەرهەمەکانمان وەکو شیرینی بادەم، قاوەی دیبەک، سجووقی بە گوێز و نۆکی ماردین سەرنجی زۆر رادەکێشن. لە ماردین چاوەڕێی هەمووان دەکەین".
هاوشێوەی مێردین پارێزگاکانی دیکەی باکووری کوردستانیش پێشوازییان لە گەشتیارێکی زۆر کرد.
گەشتیاران و ژینگە دۆستان سەرسامن بەجوانی سرووشتی سۆلافی مارینۆس لە شارۆچکەی گەڤەری پارێزگای جۆلەمێرگ.
کەمال ئۆزدەمیر، سەرۆکی یانەی ئیز بۆ وەرزشی سرووشت ئاماژە بەوە دەکات، "یەکەمین چالاکی ساڵی 2025ـمان لەم جوگرافیا ناوازەیە رێکخستووە، لەو ناوچەیەی کە سۆلافی مارینۆسی لێیە. ئەمڕۆ لەگەڵ گرووپێکی 30 کەسی هاتووین بۆ ئێرە. چاوەڕێی هەموو ئەو خۆشەویستانەی سرووشت دەکەین کە دەیانەوێت سەردانی ئەم سرووشتە ناوازەیە بکەن".
بەپێی پلانی مامناوەند بۆ کەرتی گەشتیاری ئەم ساڵ، حکومەتی تورکیا ئامانجیەتی لە داهاتی ئەم کەرتە 63.6 ملیار دۆلار بەدەستبهێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ