بۆچی شێخی بادینان و سەردار کەرکووکی لە خۆبەربژێرکردن پەشیمان بوونەوە؟

رووداو دیجیتاڵ
 
شێخی بادینان و سەردار کەرکووکی کە دوو کەسی چالاکی سۆشیال میدیان و خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەربژێرکردبوو، کشانەوە، یەکەمیان دەڵێت، "بەهۆی کشانەوەم ناوێرم بچمە دەرەوە و خەڵک لێم عاجز بووە". دووەمیشیان دەڵێت، "یەکێک لە حیزبە گەورەکان پێیانگوتم دانیشە. ئەوە ئیشی تۆ نییە."
 
سەردار کەرکووکی، گۆرانیبێژی میللیی رۆژی 14ـی مانگی رابردوو فۆرمی خۆبەربژێرکردنی لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان وەرگرت، بەڵام ئەمڕۆ ناوی لە تیروپشكی ژمارەی بەربژێرەکاندا نەبوو، کە لەلایەن کۆمیسیۆنەوە کرا.
 
سەردار کەرکووکی بە رووداوی راگەیاند، "دوای خۆ کاندیدکردنم، ماوەی هەفتەیەک دەبێت بە پارێزەرەکانم گوتووە کە دەکشێمەوە، من لە هەڵبژاردن کشاومەتەوە، بۆیە ئەمڕۆ ناو و ژمارەم لە تیرۆپشکەکەی کۆمیسیۆن نەبوو."
 
هۆکاری کشانەوەشی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە "یەکێک لە حیزبە گەورەکانی کوردستان پێیگوتم بکشێوە سەردار ئەوە ئیشی تۆ نییە"، بەبێ ئەوەی ناوی حیزبەکە ئاشکرا بکات یان ئەو پێڕاگەیاندنە لەلایەن ئەو حیزبەوە بە"هەڕەشە" یان" داواکاری" روونبکاتەوە، تەنیا ئەوەندە نەبێت گوتی، "پێیانگوتم پاشەکشە بکە، منیش نامەوێت ببمە سەر ئێشە و کێشە دروست بکەم، ناشمەوێت دوو دڵ بم، بۆیە کشامەوە."
 
سەردار کەرکووکی کە ساڵانێکی زۆر یەکێتی بووە، بە گۆرانی (یەکێتی یەکێتی، نیشتمانی کوردستان) ناوی دەرکرد، ماوەیەکیش لە ریزەکانی پارتی بووە، ئەو گۆرانیبێژە میللییە، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش چالاکە و زۆرجار لە لایڤەکاندا هێرش دەکاتە سەر هونەرمەندانی هاوڕێی، وەکو خۆی دەیڵێت هاووڵاتییەکی سوێدییە، بۆ کشانەوەکەشی کۆنسوڵخانەی سوێدی ئاگادارکردووەتەوە، ئەو دەڵێت، "ئەوانیش پێیان باش بوو کشاومەتەوە، بەڵام گەڕامەوە سوێد ماوەیەکی دیکە ئاشکرای دەکەم."
 
لەگەڵ ئەوەی کشاوەتەوە بە متمانە بەخۆبوونەوە گوتی، "ئەگەر بەردەوام بوومایە، دووسەد لە سەد دەردەچووم و دەبوومە پەرلەمانتار.
 
سەردار کەرکووکی لە ساڵی 1963 لە کەرکووک لەدایکبووە، ساڵی 1972 لەگەڵ خێزانەکەی راگوێزراون بۆ شاری هەولێر، بە گوتەی خۆی لە ساڵی 1975ـەوە گۆرانی دەڵێت.
 
سەردار کەرکووکی گوتی، "داواکارم خەڵک دەنگ بە بێ لایەنەکان بدەن." بەبێ ئەوەی ئامادە بێت ناوی هیچ لایەن یان کەسێک ببات.
 
ستار خدر ئەحمەد، کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بە "شێخی بادینان" ناسراوە، یەکێکی دیکە بوو لەو کەسە دیارانەی سۆشیاڵ میدیا کە لە هەڵبژاردن کشایەوە، ئەو لەبارەی هۆکارەکەوە بە رووداوی گوت، "من سێ رۆژ دەبێت کشاومەتەوە، دەزانم هەڵبژاردنەکە ناکرێت، ئەگەر بشکرێت ئەوا دەستی دەرەکیی تێدا دەبێت و کاریگەریی لەسەر دەنگەکانم دەبێت، بۆیە کشامەوە."
 
ئەو کە هێشتا باوەڕی زۆری بە سەرکەوتنی هەبوو، گوتی، "دڵنیام هەڵبژاردنەکە شەفاف نابێت، من دۆستی هەژارانم، خەڵکیش دەنگم پێدەدەن، بەڵام وا باشتربوو بکشێمەوە."
 
ستار خدر ئەحمەد هەمیشە بە گرتە ڤیدیۆیەکانی، بە قسەکانی و تەنزەکانی و بە بانگەشەکانی بۆ "ماسیی هەرزان" دەناسرێتەوە، چەند ڤیدیۆییەکیشی هەیە تێیدا خواردن بۆ هەژاران دابیندەکات.
 
"شێخی بادینان" لەدایکبووی 1986ـە، دانیشتووی ناحیەی کەڵەکە و باوکی سێ منداڵە، رۆژی 27ـی ئاداری ئەم ساڵ دوای ئەوەی ناوی خۆی وەکو بەربژێر پێشکێشی کۆمیسیۆن کرد لە لێدوانێکدا بە رووداوی گوت، پێشبینی دەکات لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە 10ـی مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵ بەڕێوەبچێت، دەنگی "زۆر" بەدەستبهێنێت، گوتی "من زیاتر لە 100 هەزار دەنگ بەدەست دەهێنم، دڵنیام دەردەچم".
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 8ـی نیسانی 2024، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کە سەرپەرشتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات،  تیروپشکی بۆ بەربژێرانی تاکەکەسی و هاوپەیمانی و حیزبەکان کرد کە 69 لیستن، لەو ژمارەیە 57یان بەربژێری تاکەکەس و 10یان پارتی سیاسیی و دوو هاوپەیمانێتین.