لە ورمێ 11 کەس بە رووداوی هاتووچۆ بریندار بوون

رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری کۆمەڵەی مانگی سووری پارێزگای ورمێ رایگەیاند، ئەمڕۆ لە چوار رووداوی هاتووچۆدا لە سنووری ئەو پارێزگایە 11 کەس بریندار بوون. 
 
ئەمڕۆ دووشەممە، حەمید مەحبووبی، بەڕێوەبەری کۆمەڵەی مانگی سووری پارێزگای ورمێ رایگەیاند، لە رێگەی نێوان شارەکانی بۆکان-میاندوئاو بارهەڵگرێک و ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری پیجۆ پێکیاندادا و بەهۆیەوە شەش کەس بریندار بوون. بریندارەکان لەلایەن تیمەکانی تەندروستی و فریاکەوتنەوە بۆ نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەکان گوێزرانەوە.
 
حەمید مەحبووبی گوتیشی، لە رێگەی شنۆ-ورمێ و لە نزیک گوندی سێلان، ئۆتۆمبێلێک لە رێڕەوەی خۆی دەرچوو و دوو برینداری لێکەوتەوە کە لە لایەن تیمەکانی فریاکەوتنەوە بۆ نەخۆشخانەی شاری شنۆ گوێزرانەوە.
 
بە گوتەی مەحبووبی، لە رێگەی نەغەدە-پیرانشاریش، بارهەڵگرێک و ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری پیجۆ 405 پێکیاندادا و بەهۆیەوە دوو برینداری لێکەوتەوە. تیمەکانی فریاکەوتنی شارۆچکەی جەلدیان گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و بریندارەکانیان گواستەوە نەخۆشخانە.
 
بەڕێوەبەری کۆمەڵەی مانگی سووری ورمێ دەشڵێت، ئەمڕۆ بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێک لە رێگەی نێوان شارەکانی شنۆ-پیرانشار، نزیک لە سێڕێیانی جەلدیان هاونیشتمانییەک بریندار بوو.
 
ساڵانە لە رۆژەکانی پشووی نەورۆزدا ژمارەیەکی زۆری خەڵک لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدەدەن و ژمارەیەکی زۆریش بریندار دەبن.
 
ئەحمەد شیرانی، بەڕێوەبەری ناوەندی زانیاری و کۆنترۆڵی ترافیکی پۆلیسی هاتووچۆی ئێران رایگەیاند، لە سەرەتای نەورۆزەوە تائێستا 100 هەزار رووداوی هاتووچۆ لەو وڵاتە روویانداوە و بەهۆیەوە 813 کەس گیانیان لەدەستداوە و 21 هەزار و 441 کەسیش بریندار بوون.