رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رایگەیاند بڕیاری لێخۆشبوونی 20٪ـی قەرزی کەڵەکەبووی سەر هاووڵاتیان کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش دەڵێت: "بڕیارەکە کاریگەریی باشی دەبێت بۆ دانەوەی قەرز."
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رایگەیاند ئەمڕۆ دووشەممە، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی نووسراوی ئاڕاستەی دەستەی گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی ئاو و ئاوەڕۆ و شوێنەوار و کەلەپوور کردووە بۆ ئەوەی بڕیاری ژمارە 4651ـی ئەنجوومەنی وەزیران کە لە رۆژی 7ـی ئەم مانگە دەرچووە، کردووە، بۆ ئەوەی دەست بە جێبەجێکردنی مامەڵەی بڕیاری لێخۆشبوونی قەرزی کەڵەکەبووی سەر هاووڵاتیان بە رێژەی 20٪ دەستپێبکەن.
لە راگەیێندراوەکەیدا بەپێی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان روونیکردووەتەوە: "لە خاڵی یەكەمی گشتاندنەكە هاتووە 20٪ لێخۆشبوون لە قەرزە كەڵەكەبووەكانی سەر هاووڵاتییان دەكرێت، وەكو كرێی ئاو، خۆڵ و خاشاك، كرێی ساڵانەی كرێچییەكانی فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، رسوماتەكانی گەشتوگوزار و پیشەیی و هەڵواسینی تابلۆ."
هەروەها لە خاڵی دووەمیدا هاتووە "20٪ لێخۆشبوون دەكرێت لە كرێی ئاو، خۆڵ و خاشاك، كرێی ساڵانەی كرێچییەكانی فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، رسوماتەكانی گەشتوگوزار و پیشەیی و هەڵواسینی تابلۆ، تاوەكو ئاساییبوونەوەی بارودۆخی ناهەمواری دارایی لە هەرێمی كوردستان".
خەسرۆ ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە رووداوی رایگەیاند، "ئەو لێخۆشبوونە جگە لەوەی ئاسانکاری بۆ خەڵک دەکات، قەرزەکانیش دەدرێنەوە، بۆیە بڕیارێکی گرنگە."
رۆژی چوارشەممە، 27ـی ئاداری 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک بڕیاری دەرکرد، لە نێویاندا داشکاندنی 20٪ لە پارەی کرێی ئاو و کارەبای کەڵەکەبوو لەسەر هاووڵاتییان تاوەکو ئاساییبوونەوەی باری ناهەمواری دارایی لە هەرێمی کوردستان، لەگەڵ داشکاندنی 20٪ لە بڕی پارەی رسوومات و کرێی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، کە دەکەوێتە ئەستۆی کاسبکاران و پیشەوەران و ژمارەیەک بڕیاری دیکەش.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ