کۆمیسیۆن: داوای دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانمان لێنەکراوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ شاندێکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆبووەوە، بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیران باسی هەوڵ و رێکارەکانی کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کراوە، بەرپرسێکی کۆمیسیۆنیش دەڵێت: "داوای دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانمان لێنەکراوە."
نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە، 8ـی نیسانی 2024، سەرۆکوەزیران پێشوازی لە دادوەر عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی بالای سەربەخۆی هەڵبژاردن و دادوەر عەباس فەتلاوی، سەرۆکی فەرمانگەی هەڵبژاردن کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا وەکو راگەیێندراوەکە ئاماژەی بۆ کردووە: "باسی هەوڵەکانی کۆمیسیۆن و رێکارەکانی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە کراوە." هەروەها "باسی پێویستی لابردنی سەرجەم ئەو کێشانە کراوە کە دێنە بەردەم کۆمیسیۆن."
جگە لەوەش "تاوتوێی میکانیزمە یاساییەکانی تایبەت بە هەڵبژاردنێکی ئازادانەی بێگەرد کە شەفافییەتی تێدا بێت و چاوەڕوانییەکانی رۆڵەکانی هەرێمی کوردستان بەدی بهێنێت" کراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 8ـی نیسانی 2024 کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە تیروپشکێکدا ژمارەی دایە بەربژێرە سەربەخۆکان، هاوپەیمانی و حیزبەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
رۆژی 10ـی حوزەیران بۆ هەڵبژاردنەکە دیاریکراوە. هەڵبژاردنەکە بێ 11 کورسییەکەی کۆتای پێکھاتەکان دەبێت "تورکمان، کریستیان، ئەرمەن" دەبێت کە 21ـی شوبات دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاری دا کورسیی کۆتاکان نەمێنێت.
رۆژی دووشەممە، 8ـی نیسانی 2024، عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هیچ لایەنێک بەفەرمی داوای دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی لێنەکردووین، بۆیە رێکارەکانمان بەردەوام دەبن."
ئەوە لەکاتێکدایە، 18ـی مانگی ئادار، پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیاریێتیی مێژوویی، لە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین کە بەشداریی هەڵبژاردنێکی بەنایاسایی و نادەستووری و لە سایەی سیستمێکی سەپێندراودا بەڕێوەبچێت، نەکەین." جگە لە پارتی بزووتنەوەی ئیسلامیش رایگەیاند بەشداری لە هەڵبژاردن ناکات.