رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرى رێوشوێنەکان و مەشق لە کۆمیسیۆنى ھەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، رێکارەکانی دوای جەژنی رەمەزانی کۆمیسیۆن، تێستی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات. دەشڵێت دواتر مەشق و راهێنانەکانیان دەستپێدەکات.
داود سەلمان، بەڕێوەبەرى رێوشوێنەکان و مەشق لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق، بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "بەپێی تیروپشکەکەی ئەمڕۆ 69 لیست بەشداری لە هەڵبژاردن دەکەن، لەوانە 57 بەربژێری تاک و 10 پارتی سیاسیی و دوو هاوپەیمانێتی."
سەبارەت بە رێکارەکانیش رایگەیاند: "بەپێی خشتەی کارەکانی کۆمیسیۆن تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بڕیارە پاش جەژنی رەمەزان تاقیکردنەوەی یەکەم بۆ فەرمانبەرانی کۆمیسیۆن، ئامێرەکان و سەرجەم کارەکانی دیکەمان دەکەین کە تەنیا تاقیکردنەوە نابێت و کاری دیکەشی بەدوادا دێت."
ئاماژەی بۆ ئەوەکرد دواتر راهێنان و مەشقەکانیان دەستپێدەکەن سەرەتا فەرمانبەرانی کۆمیسیۆن و دواتر کارمەندانی کۆمیسیۆن دەگرێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 8ـی نیسانی 2024 کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە تیروپشکێکدا ژمارەی دایە بەربژێرە سەربەخۆکان، هاوپەیمانی و حیزبەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
رێکارەکانی کۆمیسیۆن لەکاتێکدایە، رۆژی 10ـی حوزەیران بۆ هەڵبژاردنەکە دیاریکراوە. هەڵبژاردنەکە بێ کورسیی کۆتای پێکھاتەکان دەبێت کە پێنج کورسی بۆ کریستیانەکان، پێنج بۆ تورکمان و کورسیەکی دیکەیان بۆ ئەرمەن بوو، بەڵام لە 21ـی شوبات دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا بە نەهێشتنی کورسیی کۆتاکان.
18ـی مانگی ئادار، پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیاریێتیی مێژوویی، لە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین کە بەشداریی هەڵبژاردنێکی بەنایاسایی و نادەستووری و لە سایەی سیستمێکی سەپێندراودا بەڕێوەبچێت، نەکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ