بزووتنەوەی ئیسلامی: بەهۆی نەبوونی سازانەوە بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ناکەین

رووداو دیجیتاڵ 

دەزگای هەڵبژاردنی بزووتنەوەی ئیسلامی دەڵێت، لیستی بەربژێرەکانیان پێش 31-3-2024 بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کورستان ئامادەبوو، بەڵام پێشکێشی کۆمیسیۆنیان نەکرد و بەشداری لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ناکەن.
 
هۆکارەکەشی دەگەڕێنێتەوە بۆ "نەبوونی سازان و کۆدەنگی لایەنەکان". بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی بزووتنەوە دەڵێت، "قۆناخی نوێ و رووداوی دیکە دوای جەژن روودەدەن".
 
دەزگای هەڵبژاردنی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان لەبارەی بەشدارینەکردنی حیزبەکەی لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "وەک دەزگای هەڵبژاردنی بزووتنەوەی ئیسلامی، هەموو ئامادەکارییەکانمان بۆ هەڵبژاردنەکان لەسەر ئاستی بازنەکان کردووە. خۆشتان دەزانن دوو ساڵە بزووتنەوەی ئیسلامی تەئکیدی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن کردووەتەوە و لەو نێوەندەشدا چەندین جار جەنابی رابەری گشتی و مەکتەبی سیاسیمان لە چەندین لێدواندا جەختیان کردووەتەوە کە هەڵبژاردن زەرورەتێکی حەتمیە و دەبێت بکرێت، بەشێوەیەک سەرجەم لایەنەکان بسازێن".
 
دەزگای هەڵبژاردنی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان دەڵێت، "لە بەیاننامە فەرمییەکانی حیزبدا بڵاومانکردوەتەوە کە پێداگریمان کردووە، دەبێت هەڵبژاردن بکرێت و کۆتایی بەو ئاڵۆزییە سیاسیانە بهێنرێت و پەرلەمانی کوردستان ببێتە سەکۆی سەرجەم لایەنە سیاسیەکان، وەک سەکۆکەی جاران کە لایەنە ناکۆکەکانیشی تێدا کۆکرابوویەوە."
 
لە راگەیێندراوەکەدا باسی هۆکاری بەشدارینەکردنی بزووتنەوە لە هەڵبژاردن کراوە و نووسراوە، "ئێمە رێکەوتی 31-3-2024 تاوەکو کاژێر دوانزەی شەو لەبەردەم کۆمیسیۆن ئامادە بووین بەلیستی کاندیدەکانەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو تەوافوقە سیاسییە نەکرا، لە کوردستان لای خۆمانەوە رامانگرتووە و چاوەرێی قۆناخێکی نوێین کە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و تەوافقی سیاسی بکرێت و سەرجەم لایەنەکان بسازێن پاڵپشت بە جەماوەری کوردستان."
 
بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان هۆشداری دەدات و دەڵێت، "ئەگەرنا، بەم دۆخەی ئێستا ئاڵۆزییەکان زیاتر و زیاتر دەبن و زەرەرمەندی یەکەم خەڵکی بەشەرەفی کوردستانە؛ بۆیە ئێمە لە بزووتنەوەی ئیسلامی نابینە بەشێک لەو ئاڵۆزیانە".
 
کازم عوسمان گەچێنەیی، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هێشتا زووە بڵێین کادیر و لایەنگرانمان دەنگ بە کێ و چی لایەنێک دەدەن، چونکە چاوەڕوانی قۆناخی نوێ و داهاتوو دەکەین. پێمان وایە دوای جەژنی رەمەزان قۆناخێکی نوێ دێتە کایەوە و گۆڕانکاری روودەدات، بەتایبەت لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان". 
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 8ـی نیسانی 2024 کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە تیروپشکێکدا ژمارەی دایە بەربژێرە سەربەخۆکان، هاوپەیمانی و حیزبەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
 
رێکارەکانی کۆمیسیۆن لەکاتێکدایە، رۆژی 10ـی حوزەیران بۆ هەڵبژاردنەکە دیاریکراوە. هەڵبژاردنەکە بێ کورسیی کۆتای پێکھاتەکان دەبێت کە پێنج کورسی بۆ کریستیانەکان، پێنج بۆ تورکمان و کورسیەکی دیکەیان بۆ ئەرمەن بوو، بەڵام لە 21ـی شوبات دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا بە نەهێشتنی کورسیی کۆتاکان.
 
پارتی دیموکراتی کوردستان لە بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵیی عێراق نیگەرانە و لەسەر ئەو بنچینەیەش 18ـی ئادار، مەکتەبی سیاسیی ئەو حیزبە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیاریێتیی مێژوویی، لە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین کە بەشداریی هەڵبژاردنێکی بەنایاسایی و نادەستووری و لە سایەی سیستمێکی سەپێندراودا بەڕێوەبچێت، نەکەین".