روودو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند "لە رۆژانی جەژنی رەمەزاندا هاتووچۆی بارهەڵگرەکان بۆ سەیرانگاکان قەدەخەیە." گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیانیش دەڵێت: "قەدەخەی هاتووچۆی بارهەڵگر و ماتۆڕسکیل بۆ دروست نەبوونی ئاستەنگییە."
ئەمڕۆ (دووشەممە، 8ـی نیسانی 2024) بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر، سەبارەت بە پشووی رۆژانی جەژنی رەمەزان رایگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە "لە رۆژانی جەژندا، بۆ پاراستنی هاووڵاتییان لە رووداوی نەخوازراو، هاتووچۆی بارهەڵگرەکان بۆ سەیرانگەکان قەدەخەیە."
موقەدەم سامان عەلی، گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان لەبارەی بە رووداوی گوت "ساڵانە لە رۆژانی جەژن و بەهاردا بڕیاری قەدەخەکردنی هاتووچۆی بارهەڵگر و ماتۆڕسکیل دەردەکرێت بە مەبەستی کەمکردنەوەی ئاستەنگی لە نێو شار و سەیرانگەکان."
'ئەمساڵ بەهۆی تێکەڵبوونی مانگی رەمەزان و نەورۆز' بە گوتەی موقەدەم سامان رەوشەکە جیاوازە لە ساڵەکانی دیکە، ''خەڵک نەچووەتە سەیران؛ بەهاری گەرمیان لە کۆتاییدایە، بۆیە خەڵکێکی زۆر لە رۆژانی جەژندا دەچنە سەیرانگەکان."
سامان عەلی ئەوەیشی روونکردەوە "ئەو بڕیارە شەقامەکانی دەرەوە و ناوەوەی شار دەگرێتەوە."
تاوەکو ئەمڕۆ ئاماری رووداوەکانی هاتووچۆی ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان بڵاونەکراوەتەوە.
بە گوێرەی پۆلیسی هاتووچۆ، ساڵی 2022 لە هەرێمی کوردستان سێ هەزار و 706 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە؛ دوو هەزار و 909 رووداو بەهۆی پێکدادانی ئۆتۆمبێلەوە بووە، لە کۆی رووداوەکاندا 445 کەس گیانیان لەدەستداوە حەوت هەزار و 250 کەسیش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ