ئیسرائیل: ئامادەی وەڵامدانەوەی ئێرانین

08-04-2024
نیاز مستەفا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 
  
نووسینگەی یواڤ گالاند، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت، "دوای تەواوکردنی هەڵسەنگاندنەکان، گالانت جەختی کردەوە کە دامەزراوە بەرگرییەکانمان ئامادەکارییەکانیان بۆ وەڵامدانەوەی هەر سیناریۆیەک لەگەڵ ئێراندا تەواو کردووە".
 
هاوکات هێرزی هالڤی، سوپاسالاری ئیسرائیل لە هەڤپەیڤینێکدا رایگەیاند، حکومەتی وڵاتەکەی "دەزانێت چۆن لە رووی هێرشکردن و بەرگرییەوە مامەڵە لەگەڵ ئێران بکات". گوتیشی، "دەزانین چۆن بە هێزەوە کار دژی ئێران بکەین. لەگەڵ ئەمریکا و هاوبەشە ستراتیژییەکانمان لە ناوچەکەدا بە هاوئاهەنگی کار دەکەین".
 
گوتەی ئەو بەرپرسە ئیسرائیلییانە لەکاتێکدایە، رۆژی 1-4-2024 کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق بۆردوومانکرا.
 
بەپێی راگەیێندراوی سوپای پاسداران، لە هێرشەکەدا دوو فەرماندەی باڵایان بە ناوەکانی محەممەدڕەزا زاهیدی و محەممەدهادی حاجی رەحیمی و پێنج ئەفسەری دیکە کە وەک راوێژکاری باڵای سەربازی لە سووریا بوون، کوژران.
 
بەرپرسانی وڵاتەکە ئیسرائیل بە ئەنجامدەری هێرشەکە تۆمەتبار دەکەن و هەڕەشەی ئەوەیان کردووە وەڵامیان دەبێت. تاوەکو ئێستا ئیسرائیل بەرپرسیارێتیی خۆی لەو هێرشە رانەگەیاندووە. 
 
بەهۆی ئەگەری تۆڵەکردنەوەی ئێرانیشەوە، سوپای ئیسرائیل رۆژی 04-04-2024 رایگەیاند، بڕیاری داوە پشوو بە سەربازەکانی نەدات و داوای لە ژمارەیەکی زیاتری سەربازە یەدەگەکانیشی کرد بگەڕێنەوە سەر ئەرکیان. 
 
رۆژی 2ـی نیسانی 2024، سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا- پێنتاگۆن لە وەڵامی پرسیارێکی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن رایگەیاند، "لە رێگەی کەناڵێکی تایبەتەوە بە ئێرانمان راگەیاندووە کە بەرپرس نین لەو هێرشەی لە دیمەشق کرا".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە