ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتووەتەوە

08-04-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
ئاگر لە بازاڕی لەنگەی هەولێر
ئاگر لە بازاڕی لەنگەی هەولێر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتووەوە، ئەمەش دوای تەنیا 41 رۆژ لە ئاگرێکی دیکەی گەورە کە بووە هۆی سووتانی تەواوەتیی زیاتر لە 200 دووکانی بازاڕەکە.
 
هەڵەبجە سەعدوون، پەیامنێری رووداو لەنێو بازاڕەکەوە دەڵێ "ئاگرەکە لەلای شەقامی 100 مەتری کەوتووەتەوە، زۆر بەهێزە و نزیکەی 50 دووکان سووتاون. ئاگرەکە بەرەو لای دیکەوە دەچێت و دەنگی تەقینەوە دێت؛ پێدەچێت دەنگی تەقینی شووشەی عەتر یان موعەتەر بێت." 
 
 
پەیامنێری رووداو هەروەها گوتی "نەوەک تەنیا بەرگریی شارستانی، بەڵکو هێزەکانی ئاسایش و پۆلیسیش هاتوون بۆ یارمەتیدان لە کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە." 
 
هاونیشتمانییەک لە بازاڕەکەوە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی "کاژێر 7:50ـی بەیانیی ئەمڕۆ (دووشەممە، 8-4-2024) تەقە کرا بۆ ئاگادارکردنەوە لە ئاگرەکە، (واتە دەستپێکی ئاگرەکە کەمێپ پێش ئەو وادەیە بووە). من دووکانی پەردەم هەیە و هیچم بۆ دەرنەچووە."
 

 

شایەتحاڵێک بە رووداوی گوت، کەوتنەوەی ئاگرێکی دیکە لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا "گومانمان بۆ دروست دەکات کە بە ئەنقەست ئاگری تێبەردەن."
 
پەیامنێری رووداو دەڵێت، ئاگرەکە زیاتر دووکانەکانی جلوبەرگ، دۆشەک و بەتانی و پێڵاوی گرتووەتەوە. 
 
 
بازاڕی لەنگە لەنێوان هەردوو شەقامی 100 مەتری و 40 مەتریی هەولێرە، شوێنێکی ستراتیژیی لەنێو شارەکەدا هەیە؛ لە ساڵی 2018ـشدا ئاگر لە بازاڕەکە کەوتەوە و بەو هۆیەوە سەتان دووکان سووتان.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە